تونێلێكی داعش له‌چیای كانی دۆمه‌ڵان ئاشكرابوو

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 630‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری

له‌چوارچێوه‌ی ئۆپراسیۆنی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی عێراق بۆ كێوماڵكردنی ناوچه‌كانی باكوری كه‌ركوك، تونێلێكی چه‌كدارانی داعش له‌دامێنی چیای كانی دۆمه‌ڵان ئاشكرابوو.

دوای ئاگاداركردنه‌وه‌ی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی عێراق له‌لایه‌ن گوندنشینانه‌وه‌ له‌بوونی چه‌كدارانی داعش له‌ناوچه‌كانی باكوری كه‌ركوك به‌ئاڕاسته‌ی شاری هه‌ولێر، نزیكه‌ی مانگێكه‌ ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كان بۆ كێوماڵكردنی ناوچه‌كه‌ به‌چڕی ئه‌نجام ده‌درێت و ژماره‌یه‌ك چه‌كداری ئه‌و گروپه‌ش كوژراون.

به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی، له‌دوایین ئۆپراسیۆنی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كاندا بۆ كیوماڵكردنی زنجیره‌ چیای كانی دۆمه‌ڵان له‌نێوان كۆمپانیای هه‌ڵكه‌ندنی بیره‌ نه‌وتییه‌كان و وێستگه‌ی عه‌زل، تونێلێك ئاشكرابووه‌ به‌درێژایی 75 مه‌تر كه‌ دوای سوتاندنی خاپور كراوه‌.

هه‌ر به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌، له‌و ناوچه‌یه‌ 8 بۆمبی چێندراو هه‌بووه‌ و له‌ژێر كۆنتڕۆڵدا ته‌قێندراونه‌ته‌وه‌و 6 حه‌شارگه‌ی دیكه‌شیان خاپور كراوه‌.

هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی عێراق كه‌ له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ی عێراقییه‌وه‌ پاڵپشتی كراون، له‌چیای كانی دۆمه‌ڵان داواكراوێكیان به‌پێی ماده‌ی 4ی تیرۆر، و 2 گومانلێكراویش ده‌ستگیركراون.

له‌چه‌ند رۆژی رابوردووشدا له‌نێوان هه‌ردوو قه‌زای دوبز و ناحیه‌ی پردێ، سه‌ربازگه‌یه‌كی چه‌كدارانی داعش دۆزرایه‌وه‌ و له‌گوندی حه‌ساریش ده‌ست به‌سه‌ر بڕێك بۆمب و گوله‌ مه‌دفه‌عی 122 ملمدا گیرا.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure