سەبارەت بەو نازناوەی درایە سلێمانی لەلایەن یۆنیسكۆوە، وەزیری رۆشنبیری روونكردنەوە دەدات
هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە :: 227 جار بینراوە
دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، خەریكی دروستكردنی بۆردێكن بۆ كارەكانی وەرگرتنی شاری سلێمانی لەلایەن رێكخراوی یۆنیسكۆ وەك شاری داهێنەری ئەدەب و داوای لەهەمووان كرد كار بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەرنامانە بكەن.
رۆژی 14ی تشرینی دووەمی 2019 لەگەلەری مۆزەخانەی ئەمنە سوورەكەی سلێمانی، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانەی بەشداریكردنی لەپێشانگەیەك بۆ وێنەی سەرجەم بەرپرسانی ئیداری و ژمارەیەك كەسایەتی دیكە روونكردنەوەی زیاتری خستەڕوو بۆ كارەكانی وەرگرتنی شاری سلێمانی لەلایەن رێكخراوی یۆنیسكۆ وەك شاری داهێنەری ئەدەب.
حەمەی حەمەسەعید رایگەیاند "لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەكان خەریكی دروستكردنی بۆردێكن بۆ ئەوەی بزانن لەچوار ساڵی داهاتوودا هەر ئیلتیزاماتێك دەكەوێتە سەرشانیان تا راپۆرتەكانی پارێزگاری سلێمانی كە دەیانداتە یۆنیسكۆ بەرهەمدار بن و جێگەی سەرنج بن، چونكە گەر لەڕاپۆرتەكانی پارێزگاری سلێمانیدا لەسەر بەرنامە و چالاكییەكان كە پەیوەندیدارن بەوەرگرتنی ئەو نازناوە، باش بن، پاشان ئەم شارە وەردەگیرێت".
رۆژی 31ی مانگی رابوردوو رێكخراوی یونیسكۆ بەفەرمی شاری سلێمانی وەك شاری داهێنەری ئەدەب و شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستانیشی وەك شاری داهێنەر لەبواری موزیك دیاریكرد.