وردكارى هه‌موارى ياساى خانه‌نيشنى يه‌كگرتوو له‌ عێراق

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 542‌ جار بینراوە

دوارۆژ، به‌غدا

له‌م رۆژانه‌دا په‌رله‌مانى عێراق سه‌رقاڵى هه‌مواركرنه‌وه‌ى ياساى ژمارە (9)ی ساڵی 2014ی يه‌كگرتووه‌، له‌ ليژنه‌ى داراييدا گفتوگۆى جدى له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت، په‌رله‌مانتارێكى ئه‌و ليژنه‌يه‌ش ده‌ڵێت: "ئه‌و ياسايه‌ خزمه‌ت به‌ خەڵك و حكومه‌ت ده‌كات، هه‌ندێكى تريش سه‌رنجى زۆريان له‌سه‌رى هه‌يه‌".

ئيخڵاس دلێمى، ئه‌ندامى ليژنه‌ى دارايى به‌ دواڕۆژى راگه‌ياند: هه‌مواركردنى ياساى خانه‌نشينى يه‌كگرتوو نابێته‌ قورسايى و بارگرانييه‌ك له‌سه‌ر حكومه‌ت، هه‌رچه‌ندە 210 هه‌زار پله‌ى وه‌زيفى بۆ خه‌ڵك ده‌ڕه‌خسێنێت، ژماره‌يه‌كى زۆريش ره‌وانه‌ى خانه‌نشین ده‌كات.

روونيشى كرده‌وه‌: ئه‌وانه‌ى خانه‌نشين ده‌كرێن، پاره‌يان له‌ سندوقى خانه‌نشيندا هه‌يه‌، تائێستا بڕى 11 تریليۆن دينار پاره‌يان له‌و سندوقه‌دا هه‌يه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و ياسايه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى حكومه‌ته‌، چونكه‌ ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ى ئێستا يه‌ك مليۆن و نيو دينار وه‌رده‌گرێت، كاتێك خانه‌نشين ده‌كرێت، ئه‌وكاته‌ شه‌ش سه‌د هه‌زار دينار وه‌رده‌گرێت، واته‌ كه‌مترله‌ نيوه‌ مووچه‌كه‌ى، كاتێك كه‌سێكيش داده‌مه‌رزێت، كه‌متر له‌و پاره‌يه‌ وه‌رده‌گرێت، كه‌ خانه‌نشينكراوه‌كه‌ وه‌ريده‌گرێت له‌كاتى خزمه‌تى فه‌رمانبه‌ريدا، پاره‌ى ته‌رخانكراويشى ئاماده‌يه‌، كه‌واته‌ له‌ خانه‌نشينكردن و دامه‌زراندندا پاره‌ فه‌راهه‌م ده‌بێت.

هاوكات ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شيد، له‌ ليژنه‌ى دارايى له‌ راگه‌يەنداوێكدا ئاشكراى كرد: ئه‌و ياسايه‌ نه‌ به‌ ئه‌نجومه‌نى ده‌وڵه‌تدا تێپه‌ڕيوه‌ و نه‌ دەستەی گشتی خانەنشین له‌ عێراق بينيويانه‌، بۆيه‌ كه‌موكورتى زۆرى تيادايه‌.

ده‌ڵێت: "ئەم هەموارە لەدوو بڕگەدا تەمەنی خانەنشینی کەمکردووەتەوە بەبێ گوێدانە هیچ توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیەک کە دەرئەنجامەکانی بەرەو چی کارەساتێک دەڕوات، بڕگەکانیش بریتین لە یەکەم: تەمەنی خانەنشینی کەمکردووەتەوە لە 63وە بۆ (60) ساڵ، بەوەش بەحسابی خۆی نزیکەی (210) هەزار پلەی وەزیفی کە (139) هەزار نێر و (163) هەزار مێیینە دەکات خانەنشین دەبن و شوێنەکانیان بە گەنجانی دەرچووی کۆلێژەکان پڕدەکرێتەوە، لەکاتێکدا ئەو فەرمانبەرانەی ئەم بابەتە دەیانگرێتەوە ژیانی خۆیان لەسەر 63 ساڵ تەرتیب کردووە و بنەمایەکی یاساییش هەیە کە دەڵێت (العقد شریعة المتعاقدین) کە پێچەوانەیە لەگەڵ ئەم بنەمایەدا، دووەم: فەرمانبەر بۆی هەیە خۆی خانەنشین بکات بە ویستی خۆی ئەگەر تەمەنی لە (45) ساڵ و خزمەتی (15) ساڵی هەبێت، ئەمەش وادەکات کە (116) هەزار فەرمانبەر دەتوانن ئەو فرسەتە بقۆزنەوە بە حوکمی ئەوەی کەمترین مووچەی خانەنشین لە عێراقدا (400) هەزار دینارە بۆ کەسێک کە خێزانی نەبێت یان (460) هەزارە ئەگەر جگە لە خۆی دوو کەسی تر بەخێو بکات، ئەم (116) هەزار فەرمانبەرەش مووچەکانیان نزیکە لە (460) هەزار دینار، بەبێ ئاگا لەوەی ئەگەر ئەمانە ئەو فرسەتە بقۆزنەوە ئەوا بەحوکمی ئەوەی (15 ساڵ) خزمەتیان هەیە واتە سیڤییەکی دەوڵەمەندیان هەیە، بەواتایەکی دیکە بڕی (460) هەزار لە حکومەت وەردەگرن و دەشچن لە کەرتی تایبەت کارێک دەدۆزنەوە، چونکە تا ئەمان وەستابن کەرتی تایبەت ناچیت خەڵکی بێ ئەزموون بخاتە گەڕ بۆ کارکردن واتە مووچەیەک لە حکومەت وەردەگرن و فرسەتی کەسێکی تازە دەرچووش دەگرن و بێکارێکیش بۆ حکومەت زیاد دەکەن کە خۆپیشاندانی لەدژ بکات".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ كورده‌ى ليژنه‌ى دارايى ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات: گرفتی سەرەکی ئەم هەموارە ئەوەیە لە کوێ پارە بەدەست دەهێنن بۆ تازە دامەزراندن لە کاتێکدا بە ئامادەبوونی زۆرینەی لیژنەی دارایی و لیژنەی یاسایی و جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان و بەرپرسی خانەنشینی گشتی ئەم پرسیارەم ئاڕاستەی بەڕێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی بەڕێز طیف سامی کرد کە خەرجییە پێویستییەکان کە دەبێت بدرێت بۆم حساب بکات، لە خەمڵاندنی داهاتی گشتی کە بەشێک لە خەرجییە گشتییە پێویستەکان بڕی زیاتر لە (98) تریلیۆنە بەرامبەر (84) تریلیۆن داهات کە عێراق هیچ نەکات لەوەبەرهێنان شتی تر بڕی (14) تریلیۆن کورتهێنانی دەبێت.

ئيخلاس دلێمى له‌ لێدوانه‌كه‌يدا بۆ دواڕۆژ ئاشكرايكرد: هه‌موو بڕگه‌كانى ئه‌م هه‌مواره‌ له‌ناو ليژنه‌ى دارایيدا گفتوگۆى زۆرى له‌سه‌ر كراوه‌، سه‌باره‌ت به‌وه‌ى هه‌ركه‌سێك ته‌مه‌نى بگاته‌ 45 ساڵ و خزمه‌تى 15 ساڵى هه‌بێت ده‌توانێت خۆى خانه‌نشين بكات، تاوتوێى ئه‌وه‌ كراوه‌ ئه‌و مه‌رجه‌ش دابنرێت کە خانەنشینکراو بۆى نه‌بێت له‌ كه‌رتى تايبه‌تى كار بكات، ئەمەش بۆ ئەوەی ده‌رفه‌تى کار له‌به‌رده‌م خه‌ڵكى تردا بكاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ شوێنى تر دامه‌زرێن، هاوكات ئه‌و كه‌سه‌ى له‌ ته‌مه‌نى 45 ساڵى  خۆى خانه‌نشين بكات، ده‌بێت 80%ى مووچه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ وه‌ربگرن كه‌ له‌ ته‌مه‌نى 60 ساڵيدا خانه‌نشين ده‌بێت، ئه‌وه‌ش ئيختيارييه‌،  واته‌ 20%ی مووچه‌كه‌ى ده‌بڕدرێت.

ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شيد ئاماژه‌ى به‌ چه‌ند گرفتێك كرد کە تائێستا باس ناکرێت، ئەوەیە کە ئایا ئەم دامەزراندنە تەنیا بۆ ئەو ناوچانەن کە خۆپیشاندانیان کردووە یان بۆ هەموو عێراقە و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، خۆئەگەر دەمەزراندن تەنیا لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق بکرێت ئەوا باڵانسی پلەی وەزیفی تێکدەچێت کە ئەمەش گرفتێکی دیکەیە، خۆ ئەگەر نەوت یەک دۆلار دابەزێت (۱) تریلیۆن و نیو کورتهینان زیاد دەبێت، بۆیە من قەناعەتم بەم جۆرە لە چاکسازی نییە.

هاوکات محەمەد شیاع ئەلسودانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە تویتێکدا رایگەیاندووە: مەترسیدارترین شت کە وڵات پیایدا تێپەڕ دەبێت ئەوەیە کە لە ژێر فشاردا بڕیاری خێرا دەدات و یاسای دیراسە نەکراو دەردەکات، نمونەش وەک هەمواری یاسای خانەنشینی یەکگرتوو. 

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure