رۆژنامەنووسێکی خۆرئاوای کوردستان خەڵاتی رۆژنامەوانی نایابی جیهانیی بەدەستهێنا

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 299‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی

رۆژنامەنووسی کوردی خۆرئاوای کوردستان زانا عومەر کە لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا کاردەکات، خەڵاتی دەیڤد بیرکی نێودەوڵەتی بۆ باشترین رۆژنامەنووسی جیهانیی بەدەستهێنا و رۆژنامەنووسەکەش دەڵێت: "خەڵاتەکەم پێشەکەشە بە شەهیدانی خۆرئاوای کوردستان و منداڵانی سەرێکانی".

رێکخراوی نێودەوڵەتی دەیڤد بیرک، ساڵانە خەڵاتی باشترین رۆژنامەنووس لەبواری جەنگ کە بۆ بوێری و روماڵی بەرەکانی جەنگە، دەیدات بەو رۆژنامەنووسانەی کە باشترین روماڵیان کردووە لەپێناو گەیاندنی وێنەی راستی بەرەکانی جەنگ بە جیهاندا، ئەمساڵیش خەڵاتەکەیان بەخشییە رۆژنامەنووسی کوردی خۆرئاوای کوردستان زانا عومەر.

لەو بارەیەوە زانا عومەر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دواڕۆژ وتی: "رێکخراوی نێودەوڵەتی دەیڤد بیرک بۆ رۆژنامەوانی نایاب لە ساڵی 2019دا منیان دەستنیشان کرد بەهۆی روماڵەکانی شەڕ و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خۆرئاوای کوردستان وەک باشترین رۆژنامەوانی جەنگیی لە ساڵی 2019دا، ئەوەش بۆ من جێگەی خۆشحاڵییە".

دەشڵێت: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە رێوڕەسمەکە بەڕێوەچوو، من خۆم لە خۆرئاوای کوردستانم، بۆیە نەمتوانی خۆم ئامادەی رێوڕەسمەکە بم، بەڵکو نوێنەرێکم ناردووە و لەگەڵ ئەوەش من پەیامێکم بە ڤیدیۆ ئاڕاستەکردن بە زمانی کوردی و ئەوان ژیرنووسی ئینگلیزیان کردبوو، لە کۆنفرانسەکەدا پەخش کرا بۆ ئامادەبوان و خرایەڕوو".

وتیشی: "خەڵاتەکە پێشکەش دەکەم بە شەهیدانی خۆرئاوای کوردستان و هەموو شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە کە بەرگری لە خاکی کوردستان دەکەن، هەروەها پێشکەش بێت بە منداڵانی سەرێکانی کە ئێستا لەژێر پرۆسەی بەتورککردندان و تورکیا دەیەوێت دیمۆگرافیای ناوچەکە  بگۆڕێت".

زانا عومەر لە ساڵی 1980 لە قامیشلۆی خۆرئاوای کوردستان لەدایکبووە و بەشی میدیای لە زانکۆی دیمەشقی سوریا لە ساڵی 2002 تەواو کردووە و ماوەی 15 ساڵە کاری رۆژنامەوانی دەکات و هاوکات پێشتر لەچەندین میدیای ناوخۆیی و بیانی کاری کردووە و ئێستا پەیامنێری بەشی کوردی دەنگی ئەمریکایە لە خۆرئاوای کوردستان.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure