كه‌شناسى هه‌رێم له‌باره‌ى به‌فربارینه‌وه‌ هاووڵاتیان ئاگادارده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 22309‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

به‌رپرسى پێشبینییه‌كانى كه‌شناسى و بوومه‌له‌زه‌زانى هه‌رێم راده‌گه‌یه‌نێت: له‌ هه‌فته‌ى داهاتوو گۆڕانكارى له‌ كه‌شوهه‌وا رووده‌دات و بارسته‌ هه‌وایه‌كى سارد له‌ روسیاو ده‌ریاى ناوه‌ڕاسته‌وه‌ روو له‌ هه‌رێم ده‌كات، ده‌شڵێت: "ئه‌گه‌رى به‌فربارین له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كان لاوازە".


بژار ئه‌كره‌م، به‌رپرسى به‌شى پێشبینییه‌كانى كه‌شناسى و بوومه‌له‌زه‌زانى هه‌رێم (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 14ى تشرینى دووه‌مى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "له‌ رۆژى دووشه‌ممه‌ى داهاتوو 18ى تشرینى دووه‌م تاوه‌كو رۆژى پێنجشه‌ممه‌ كه‌شوهه‌واى هه‌رێمى كوردستان گۆڕانكارى به‌سه‌ردێت و پله‌كانى گه‌رما له‌ حه‌وت تاوه‌كو هه‌شت پله‌ نزمده‌بنه‌وه‌ و بارسته‌ی هه‌وایه‌كى نیمچه‌ ساردیش روو له‌ هه‌رێم ده‌كات".

وتیشى: "ئه‌و بارسته‌ هه‌وا سارده‌ له‌ژێر كاریگه‌رى وڵاتى روسیاو ده‌ریاى ناوه‌ڕاسته‌وه‌یه‌".

له‌باره‌ى پێشبینى به‌فربارین، بژار ئه‌كره‌م ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌ شاخاوییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم به‌فر ده‌بارێت، به‌ڵام ئه‌گه‌رێكى لاوازه‌ به‌فر له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانى هه‌رێم ببارێت".

له‌باره‌ى ترسى جوتیاران و هاووڵاتیان له‌ كه‌مى بارانبارینى ئه‌مساڵ، به‌رپرسى پێشبینییه‌كانى كه‌شناسى هه‌رێم، ده‌ڵێت: "راسته‌ ئه‌مساڵ به‌ به‌راورد به‌ ساڵى رابردوو بارانبارین دواكه‌وتووه‌، چونكه‌ ساڵى پار تا ناوه‌ڕاستى مانگى تشرینى دووه‌م له‌ سه‌نته‌رى هه‌ولێر نزیكه‌ى 80 ملم بارانباریبوو، له‌ ناوچه‌كانى دیكه‌ى هه‌رێم زیاتر له‌و رێژه‌یه‌ش باریبوو، به‌ڵام هاووڵاتیان دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ دواكه‌وتنى باران مه‌ترسى نییه‌، به‌ڵكو تائێستا دواكه‌وتنى باران حاڵه‌تێكى ئاساییه‌".

پ: ئا.ح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure