هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى له‌ گه‌وره‌ترین سه‌ربازگه‌ى سوریا كشانه‌وه‌

هەواڵ / جیهان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 515‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بورهان یه‌حیا

هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى هه‌موو هێز، چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییەکانیان له‌ گه‌وره‌ترین سه‌ربازگه‌ى سوریا و به‌ تایبه‌ت خۆرئاوى كوردستان كه‌ به‌ (سرین) ناسراوه‌، كشانده‌وه‌‌.

له‌ راگه‌یەندراوێكى هێزه‌كانى سوریای دیموكراتدا هاتووه‌: "دواى كۆبوونه‌وه‌ى ترامپ و ئه‌ردۆغان له‌ ئه‌مریكا، ئه‌مرۆ هێزه‌كانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى كۆتا گروپى سه‌ربازى به‌ هه‌موو چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى و ئۆتۆمبێلى سه‌ربازییان له‌ سه‌ربازگه‌ى سرین و شارى كۆبانێ كه‌ گه‌وره‌ترین سه‌ربازگه‌یه‌ له‌ باكوور و باكوورى خۆرهه‌ڵاتى سوریایه‌ كشانه‌وه‌ له‌ رێگەى فڕۆكه‌ى تایبه‌تى بارهه‌ڵگرەوە".

زیاتر هاتووه‌: "كۆتا گروپى هێزه‌كانى نێوده‌وڵه‌تى له‌ 50 سه‌رباز پێكهاتبوون و له‌ كاتى ده‌ركه‌وتنى ئه‌م هێزانه‌ 5 ئۆتۆمبێلى گولـله‌ نه‌بڕى رووسى چوونه‌ته‌ ناو سه‌ربازگه‌كه‌ و شوێنى ئه‌و هێزانه‌یان پڕكردووەتەوە".

راشیگه‌یاند: "پرۆسه‌ى چۆڵكردنى ئه‌م  سه‌ربازگه‌یه‌ له‌ چه‌ند رۆژى رابوردوودا ده‌ستیپێكردووه‌ و ئه‌مڕۆ كۆتایى پێ هات و ئیتر هیچ هێزێكى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى له‌ناو گەوره‌ترین سه‌ربازگه‌ له‌ سوریا نه‌ماوه‌، له‌گه‌ڵ رۆیشتنیشیان هه‌موو چه‌ك و ئۆتۆمبێلە سه‌ربازییەکانیشیان بردووه‌ته‌وه‌".

ئاماژه‌ی بەوەش كردووه‌: "ئه‌م كشانه‌وه‌یە دواى ئه‌وه‌ دێت كه‌ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانیه‌تى نێوده‌وڵه‌تى پێشتر رایانگه‌یاندبوو كه‌ كار بۆ دووباره‌ داڕشتن و جێگیركردنى هێزه‌كانیان له‌ خۆرئاواى كوردستان ده‌كه‌ن و زیاتر كار بۆ پاراستنى بیره‌ نه‌وتییه‌كان ده‌كه‌ن".

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure