جارێکی تر مەترسی بۆ سەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی سەرگەڕان سەرهەڵدەداتەوە

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 114‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

جارێکیتر ئیدارەی کەرکوک داوایکردووە هێزە سەربازییەکان دەستتێوەردان بکەن بەمەبەستی نیشتەجێکردنەوەی عەرەبە هاوردەکانی سەردەمی سەدام لە١٢ گوندی سەرگەڕان.


یوسف محەمەد لێپرسراوی کۆمیتەی سەرگەڕانی یەکێتی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٤ی تشرینی دووەم بەدواڕۆژی راگەیاند "لەسەر سکاڵای عەرەبە بەدووەکان و داوای پارێزگاری کاتی کەرکوک فەوجی مغاویری فیرقەی ١٤ی سوپای عێراق لەسنوری سەرگەڕان راسپێردراون بۆ کارئاسانیکردن بەمەبەستی گەڕانەوەی عەرەبە هاوردەکان".

وتیشی: "وەکو کورد لەسەر ئاستێکی بەرز دەستتێوەردانمان کردووە و توانیومانە پرۆسەکە جارێکیتر رابگرین، هەرچەندە عەرەبەکان بەردەوام لەهەوڵدان."

روونشیکردەوە کە پێشتر پارێزگاری کاتی کەرکوک لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ دەستنیشانکردنی ئەو خانوانەی پێشتر لەلایەن عەرەبە هاوردەکانەوە دروستیانکردووە و لەدوای ٢٠٠٣وە بەجێیانهێشتووە، لەئێستادا لیژنەکە داوایکردووە ئەو خانوانە بدرێنەوە بە عەرەبەکان کە بەسەر ١٢ گونددا دابەشبوون.

ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئەوەشی خستەڕوو کە عەرەبەکان لەڕێگەی دادوەرێکەوە نوسراوێکیان بۆ دەرهێنراوە بەمەبەستی گەڕانەوەیان بۆ پەڵکانە، سەربەشاخ و شەعال و ٧ گوندی دیکە، بەڵام تاوەکو ئێستا گوندینشینانی کورد خۆڕاگرانە بەرامبەر ئەو هەوڵە داگیرکەرانە راوەستاون و رێگا نەدراوە هیچ خێزانێکی عەرەب بگەڕێنەوە جگە لە ٦ ماڵ کە رووداوەکانی ئۆكتۆبەریان قۆستەوە بۆ گەڕانەوە بۆ پەڵکانە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure