"هەزار خۆری درەوشاوە" چیرۆکی نەهامەتی ژنانی ئەفغان

هەواڵ / که‌لتور :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 134‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


خالید حوسێنی چیرۆکنووسی بەناوبانگی ئەفغان و جیهان نووسەری ئێش و ئازارەکانی پیاوان و ژنانی ئەفغانستانە کە لە جەنگدا له دایک دەبن لە جەنگدا دەژین و لە جەنگدا دەمرن.

(هەزار خۆری درەوشاوە)، ناوی رۆمانێکی خالید حوسێنییە کە بە ریوایەتێکی پڕ ئازار لە هەوراز و نشێوی لە مێژووی سیاسی ئەفغانستان دەدوێت و ژیانی پڕ لە زامی ژنانی زوڵملێکراوی ئەفغان دەخاتەڕوو کە هیچ دەرفەتێکی بچووکیان نییە بۆ چێژوەرگرتن لە ژیان و کەڵک وەرگرتن لە تواناکانیان.

 

(هەزار خۆری درەوشاوە) باس لە ژیانی دوو ژنی زوڵملێکراوی ئەفغان دەکات، مریەم زڕ کچی بازرگانێکی ئەفغانە و لەیلا کچی پیاوێکی رۆشنبیری ئەفغانستانە سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتای چیرۆکەکەدا ئەم  دوو ژنە دوو ژیانی جیاوازیان هەیە، بەڵام تووشی چارەنووسێکی هاوبەش دەبن مەریەم لە  دوای مردنی دایکی بۆ ماوەیەکی کورت ناچار دەبێ  بچێتەوە ماڵی باوکی بەڵام باوکی، مریەم بە منداڵی خۆی نازانێت و لە میانەی چیرۆکەکەدا دەبینین باوکی مریەم بۆ رزگاربوون لە دەست کچەکەی کە وەکو میوانی ناوەخت لێی دەڕوانێت لە ئەحمەدی پیری مارە دەکات و  مریەم لە لای  مێردە پیرەکەی تاڵترین کات و ساتەکانی ژیانی بەسەر دەبات.

لە لایەکی ترەوە لەیلا کچی مامۆستایەکی رۆشنبیرە و دراوسێی ماڵی ئەحمەدە و مەریەمە، کاتێک خانووەکەیان دەبێتە ئامانجی فڕۆکە جەنگییەکان و وێران دەبێ تەواوی خێزانەکەی دەمرن خۆیشی بریندار دەبێت و لە لایەن مریەم و ئەحمەدەوە رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت پاشان دەیهێننەوە ماڵی خۆیان و ئەحمەد بە رەزامەندی مریەم لەیلا لە خۆی ماره دەکات.

لە میانەی داستانەکەدا خوێنەر شاهێدی بەرگرییەکانی ئەم دوو ژنە دەبن لە هەمبەر توندوتیژییەکانی ئەحمەدی هاوسەریان و لە ئاکامدا ئەحمەد لە لایەن مریەمەوە دەکوژرێت و تاڵیبان لە سێدارەی دەدەن و لەیلاش لە گەڵ منداڵەکانی و خۆشەویستە کۆنەکەی بۆ پاکستان دەگەڕێنەوە و دوا بە دوای رووداوەکانی 11ی سێبتەمبەر و کۆتایی هاتنی حکومەتی تاڵیبان بیر لەوە دەکەنەوە  کە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان.

بەگشتی ئەتوانین بڵێین، رۆمانی هەزار خۆری درەوشاوە گێڕانەوەی ناسۆرەکانی ژنانی ئەفغانە بەدرێژایی ساڵانی رابردوو و باس‌کردنی هەوڵ و تێکۆشانی ئەو ژنانەیە بۆ وەرگرتنی مافی رەوای خۆیان.

حوسێنی لەو کتێبەدا باس لە سەرکەوتن و دۆڕانی مێژووی سیاسی وڵاتەکەی لە سەرەتای هێرشی کۆمۆنیستەکان تا داکەوتنی تاڵیبان دەکات و  ژنان بە گەورەترین ماف خوراو و قوربانی ئەو سەردەمە نائارام و پڕ هەرایە دەناسێنێ.

بیرۆکەی  سەرەتای کتێبەکە هەروەک نووسەر خۆی ئاماژەی پێدەکا، لە گەشتێکی حوسێنی بۆ ئەفغانستان لە ساڵی 2003و وتوێژ لە گەڵ ژنانی  چەوساوە و زوڵم لێکراوی ئەو وڵاتە دێتە ئاراوە.

لەو گەشتەدا ئەو لە نزیکەوە هەست بە ژان و ئازارەکانیان دەکات و  لە گەڕانەوەدا بڕیار دەدا تەواوی هاوارە نەدرکاوەکانی ئەوان بگەیەنێتە گوێچکەی رای گشتی جیهان و لە خەوی بێویژدانی رایانپەڕێنێ.

خالێکی دیکەی گرنگی ئەم رۆمانەیە ئەوەیە بە شێوازێکی سادە نوسراوە، هاوکات لە گەڵ دڵڕفێنی نووسراوەکە کە حسێنی لە نووسینی کتێبی کۆلارە فڕێنیشدا کەڵکی لەو جۆرە ساکار نووسینە وەرگرتووە. لە راستیدا ئەو خۆی لە درێژدادڕی و دژواربوونی بابەتەکە پاراستووە و بەشێوەی نووسینی سادە ، گەرم وگوڕییەکی تایبەتی داوە بە کەش وهەوای بەسەرهاتەکان.

((هەزار خۆری دەروشاوە ))لە سەر بنچینەی ژن و دایک نووسراوە، دوو راستی کە هەرگیز لێک جیاناکرێنەوە و گێڕانەوەی بەشێک لەو ئازارانەیە کە لەو دووانە و هاو سروشتی ئەو حەقیقەتەن.  بەسەرهاتی گەلێک کە نە لە حەقیەت تێدەگەن، نە لە دایک و ژن.

فرەهاوسەری، تاوان، سێکس، حەرام زادە، ژان، کچێنی، پاکی، خوێن، چێژ و ئەوین لە دێر بە دێر رۆمانەکە دا دێتە بەرچاوی خوێنەر. هەر لەو ساتەوەی (نەنە)دەبێتە قوربانی هەوەسی جەلیل و مەریەم لەدایک دەبێ.

 

ئامادەکردن: سیروە عەبدوڵڵا



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure