پەرلەمانتارێكی پارتی: هیچ حیزبێك مەرجی لەگەڵ ئێمە نەبووە بۆ بەشداریكردنی لەحكومەت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 229‌ جار بینراوە

تاگ :: حکومەت

دواڕۆژ، راپۆرتی پشتیوان جەمال

بەرپرسێكی باڵای گۆڕان رایدەگەیەنێت، بۆ دیاریكردنی شوێنی بەڕێوەبەری گشتی و راوێژكارەكانیان لەحكومەتی نوێ پڕۆسەكە بەخاوی دەڕوات كە بەشێكی سەرەكی پەیوەندی بەپارتییەوە هەیە و دەڵێت: "لەڕێككەوتنیان لەگەڵ پارتی دەبێت لەشەش مانگی یەكەمی پێكهێنانی حكومەت هەنگاوەكانی چاكسازی بنرێت" بەڵام  پەرلەمانتارێكی پارتی دەڵێت: "دیاریكردنی كات بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی چاكسازی كەمێك قورسە و بەوتەی ئەو "هیچ مەرجێكیان لەكەس قبوڵ نەكردووە و هیچ حیزبێك مەرجی لەگەڵ ئەوان نەبووە بۆ بەشداریكردنی لەحكومەتی هەرێم".


چوار مانگ بەسەر دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی تێپەڕی، كە هەریەك لەپارتی بە 45 كورسی، یەكێتی بە 21 كورسی، گۆڕان بە 12 كورسی پێكهێنەری سەرەكی بوون.

پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان دوای نۆ مانگ گفتوگۆی بەردەوام، رێككەوتن لەسەر بەشداریكردنی گۆڕان لە كابینەی نوێ بەپێدانی پۆستەكانی (جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كاروباری چاكسازی، چوار وەزارەت، سەرۆكی دوو دەستە، لەگەڵ بریكاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی و راوێژكار) كۆی گشتی پۆستەكانی گۆڕانیش دەگاتە زیاتر لە 50 پۆست.

ئەوەی تائێستا روونە و گۆڕان لەم كابینەیەدا وەریگرتووە جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستانە و دەستبەكاربوونی وەزیرەكانە، لەتازەترین پێشهاتیشدا بەپێی زانیارییەكانی دواڕۆژ كە لەسەرچاوەیەكی گۆڕانەوە دەستیكەوتووە، ئەو حیزبە هەریەك لە چالاكی موهەندیسی بۆ بریكاری وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار، كامیل قەزاز بۆ بریكاری وەزارەتی كارەبا، سەیوان عەلی بۆ بریكاری وەزارەتی پەروەردە، مستەفا سەلیم بۆ بریكاری وەزارەتی ناوخۆ كاندید كردووە.

بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەیەكی دیكەی گۆڕان، لەپۆستە بنەڕەتییەكانیان تەنها بریكاری وەزیرەكان ماونەتەوە دەستبەكار ببن، بەشێك لەبەڕێوەبەرە گشتییەكانیشیان كە پێشتر سزادرابوون چوونەتەوە شوێنەكانیان، بەڵام بۆ یەكلاییكردنەوەی بەشێكی دیكە لەپۆستەكانیان لەحكومەتی هەرێمی كوردستان كە ئێستا پشكی گۆڕانن، لای یەكێتین و هێشتا رادەست نەكراونەتەوە بۆ نموونە ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، بەشێكی دیكەشیان بەڕێوەبەری گشتی و راوێژكارن بۆ دەستبەكاربوون.

لەماوەی رابوردوو مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند یاریدەدەرێكی بۆ خۆی دامەزراند ئەوەش نیگەرانی یەكێتی و گۆڕانی لێكەوتەوە، تەنانەت كار گەیشتە ئەوەی لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتی لەكۆنگرەی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "دانانی ئەو یاریدەدەرانە دروستكردنی حكومەتی بچووكە لەنێو حكومەتدا و نایاسایین".

بەڵام تائێستا یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی دەستبەكار نەبووە كە پشكی گۆڕانە، سەرچاوەكەی گۆڕان ئاماژەی بەوەكرد: دیاریكردنی یاریدەدەرەكە پەیوەندی بەئەوانەوە هەیە، چونكە بۆ ئەو پۆستە و پۆستی سەرۆكی سندوقی داهاتی نەوت و گاز دوو كاندیدیان هەیە ئەوانیش (ساماڵ سەردار و كاردۆ محەمەد)ن كە هێشتا یەكلایی نەكراونەتەوە.

عەدنان عوسمان، ئەندامی خانەی راپەڕاندن و سكرتێری جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بەدواڕۆژی راگەیاند "رێككەتننامەكە دوو بەشە، یەكێكیان پەیوەستە بەچاكسازی كە چاكسازییەكی ریشەیی و هەمەلایەن بكرێت كە ئەوە لەڕێككەوتننامەكەدا كراوە و لەبەرنامەی حكومەتیشدا جێگیر كراوە، تائێستاش هەمووی لەوتار و قسەكاندا پابەندبوونیان پێوەی نیشانداوە".

ناوبراو روونیكردەوە: بەشی دووەمیش بواری پراكتیكی و پشكی گۆڕانە لەدامەزراوەكاندا و رێككەوتنی لەسەر كراوە، جێگری سەرۆكی هەرێم و وەزیرەكان دەستبەكاربوون، بریكارەكانیش ئامادەن، راوێژكار و بەڕێوەبەرە گشتییەكان ماون بەهیوان پارتی شوێنی پۆستەكان دیاری بكات، بەڵام لەڕاستیدا بەخاوی دەڕوات.

عەدنان عوسمان وتی :"لێرە و لەوێ دەوترێت گۆڕان هۆكاری ئەو خاوییەیە، بەڵام بەو شێوەیە نییە، بەڵكو بەشێكی سەرەكی پەیوەندی بەوەوەیە كاتێك راوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی دادەنرێت دەبێت شوێنەكان دیاری بكرێن، لەبەرئەوە بەشێكی سەرەكی ئەو پۆستانە پەیوەستن بەپارتییەوە و ئەوەی دیكەیان كاندیدبوونی كەسەكانە كە پەیوەندی بەئێمەوە هەیە".

ئەو بەرپرسەی گۆڕان ئاماژەی بەوەشكرد :"بۆ چاكسازیش، سەرەتا قسە و باسی جددی لەسەر كرا، بەڵام هەست ناكەم هەنگاوی خێرا بەو ئاڕاستەیە بنرێت، چونكە دەبوو یاسای چاكسازی زۆر پەلەی لێبكرایە و تەنها لەمووچە كورت نەكرایەتەوە، بەڵكو یاسایەكی گشتگیر و لەهەموو بوارەكاندا بوایە".

سەبارەت بەوەی ئەوان شەش مانگ بۆ ساڵێكیان وەك كات بۆ پڕۆسەی چاكسازی دیاریكردووە، ناوبراو وتی :"لەڕێككەوتنەكەدا كراوە كە لەشەش مانگی یەكەمی بەشداریكردنمان چ هەنگاوێك بەو ئاڕاستەیە نراوە، خۆ ئەگەر هەنگاوی جددی نەنرێت كاری لەسەر دەكەین، ئەگەر هەر بزانین هەنگاوی جددی نەنراوە دەبێت گفتوگۆی جددی بكەین بۆچی هەنگاو نەنراوە و بزانین كێشەكان چین، چونكە ئێستا لەعێراقیش دەبینین خۆپیشاندان دژی گەندەڵی دەكرێت، كوردستانیش لەو حاڵەتە بەدەر نییە و ئەگەر خەمی گەنجەكان نەخۆین، دۆخەكە بەرەو ئاڕاستەی خراپ دەبات".

دەربارەی ئەوەی گۆڕان بۆ چوونە نێو حكومەت مەرجیان هەبووە، ئەندامەكەی خانەی راپەڕاندن دەڵێت :"مەرجەكە رێككەوتنەكە و هەردوولا رازی بوون و یەكێتیش رازی بووە لەسەر ئەوەی دەبێت هەنگاوی چاكسازی بنرێت، ئەجندا و یاسای بۆ دابنرێت و دامەزراوەكان بەهێز بكرێن، رۆڵی چاودێری پەرلەمان بەهێز بكرێت، مەرجەكە ئەوەیە پێكەوە كار لەسەر ئەو پرسانە بكەین".

لەبەرامبەردا بەهمەن كاك عەبدوڵا، پەرلەمانتاری پارتی لەپەرلەمانی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: بۆ پۆستەكانی گۆڕان رێككەوتنەكە وەك خۆی جێبەجێكراوە و ئەوانەشی پێویستییان بەپڕۆژە یاسایە چاوەڕێن بێتە پەرلەمان تا دەنگیان لەسەر بدرێت، تەنانەت هەندێك لەبریكاری وەزیرەكانی پارتیش دانەنراون، ئەوە دەكەوێتەوە سەر پارتی و یەكێتی و گۆڕان چ كاتێك كاندیدانیان پێشكەشی سەرۆك وەزیران دەكەن.

بۆ ئەنجامدانی چاكسازیش، ئەو پەرلەمانتارەی پارتی وتی :"بەمنزیكانە حكومەتی هەرێم پڕۆژەی چاكسازی رەوانەی پەرلەمان دەكات، چونكە ئەو پرسە پەیوەندی بەحیزبێكی دیاریكراوەوە نییە، بەڵكو پڕۆژەی حكومەتی هەرێمە".

بۆ دیاریكردنی شەش مانگ تا ساڵێكیش بۆ چاكسازی، بەهمەن كاك عەبدوڵا روونیكردەوە :"دیاریكردنی كات كەمێك قورسە، چونكە نازانرێت چی دێتە پێشەوە، بەڵام ئەوە مەرجی گۆڕان نییە و ئێمە هیچ مەرجێكمان لەكەس قبوڵ نەكردووە و هیچ حیزبێك مەرجی لەگەڵ ئێمە نەبووە بۆ بەشداریكردنی لەحكومەتی هەرێم".

ناوبراو وتی :"چاكسازی بانگەشەی ئێمە بووە لەهەڵبژاردن، لەخولی پێشووی پەرلەمانیشدا فراكسیۆنی پارتی لەگەڵ تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژەیە بوون، بەڵام گرفتی بۆ دروستبوو، ئێستاش پارتی كە زۆرینەی پەرلەمانە كە ئەو پڕۆژەیە هات تێی دەپەڕێنین ئەوەش پێویستی بەهەماهەنگی فراكسیۆنەكانە، بەڵام وەك مەرج، مەرجی هیچ حیزبێك نییە بڵێت بەو مەرجە دێمە ناو حكومەتەوە ئەو شتەم بۆ بكەیت".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure