نیویۆرك تایمز: زیانه‌ ئابوورییه‌كانى درۆ به‌رده‌وامه‌كانى ترامپ

هەواڵ / جیهان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 126‌ جار بینراوە
تویت چه‌كى ترامپ بۆ پارێزگارى له‌ پۆسته‌كه‌ى

تاگ :: ئەمریکا

دواڕۆژ

له‌ژێر ناونیشانى گۆشه‌نیگایه‌كى ئابووریى، رۆبه‌رت شیله‌ر وتارێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ له‌ رۆژنامه‌ى نیویۆرك تایمزدا سه‌باره‌ت به‌ كاریگه‌رییه‌كانى درۆ و بێ متمانه‌ییه‌ له‌سه‌ر ئابووریى ئه‌مریكا كه‌ له‌ سه‌رده‌مى دۆناڵد ترامپدا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌.


شیله‌ر هه‌ڵگرى خه‌ڵاتى نۆبڵه‌ له‌ بوارى ئابووریدا و له‌ وتاره‌كه‌یدا نووسیویه‌تى: دامه‌زراوه‌ ئیعلامییه‌كان پاره‌یه‌كى زۆر خه‌رجده‌كه‌ن بۆ كۆكردنه‌وه‌ و راستكردنه‌وه‌ى هه‌زاران زانیاریى چه‌واشه‌كار و درۆى ئاشكرا كه‌ ترامپ و لایه‌نگره‌كانى بڵاویان ده‌كه‌نه‌وه‌. كه‌چى ترامپ خۆى به‌رده‌وام دامه‌زراوه‌ ئیعلامییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان به‌ چه‌واشه‌كار و درۆزن ناوزه‌ند ده‌كات.

نووسه‌رى بابه‌ته‌كه‌ ده‌ڵێت: درۆ و چه‌واشه‌كاریى له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا ته‌نها هه‌ر له‌ بوارى سیاسیدا نین، به‌ڵكو له‌ به‌رزترین ئاستى ده‌وڵه‌تدا بواره‌ ئابوورییه‌كانیشیان ته‌نیوه‌ته‌وه‌. 

ئه‌و ئابوورییناسه‌ ده‌ڵێت: له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كدا كه‌ درۆ و چه‌واشه‌كاریى بڵاوبووبێته‌وه‌ گه‌شه‌كردنى ئابووریى روو له‌ كزیى ده‌كات و سه‌رئه‌نجام ده‌بێته‌ هۆى دابه‌زینى خۆشگوزه‌رانى ئابووریى، چونكه‌ درۆى به‌رده‌وام وه‌ك هه‌ورێكى تاریك وایه‌ كه‌ راستییه‌كان داده‌پۆشێت و كۆمپانیاكان وایانلێدێت نه‌توانن چالاكانه‌ نه‌خشه‌بكێشن بۆ كاره‌كانیان له‌به‌رئه‌وه‌ نازانن بڕوا به‌ چى و به‌ كێ بكه‌ن.

كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ كه‌لتوورى بێباوه‌ڕیى و بێمتمانه‌یى ئه‌و پرسیاره‌ دێنێته‌ ئاراوه‌ كه‌ ئایا پێویسته‌ له‌ مامه‌ڵه‌كردنماندا وریا و كه‌م متمانه‌ بین و كێن ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ شایسته‌ى متمانه‌ پێكردنن؟

له‌ گشتپرسییه‌كدا ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ڕووى متمانه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌ 20 وڵاته‌ هه‌ره‌ باشه‌كانى جیهان. ئه‌و راپرسییه‌ پێش ساڵى 2014 ئه‌نجامدراوه‌ و پێناچێت له‌سه‌ر ئاستى تاكه‌كان گۆڕانێكى ئه‌وتۆ به‌سه‌ر دۆخه‌كه‌دا هاتبێت و راستگۆیى لانیكه‌م له‌ سه‌ره‌تاكانى سه‌ده‌ى نۆزده‌هه‌مه‌وه‌ چیرۆكێكى نیشتمانى به‌هێزه‌.

توێژه‌ران ده‌ڵێن: متمانه‌ بابه‌تێكه‌ ده‌توانێت چه‌ندین نه‌وه‌ به‌رده‌وام بێت به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ بابه‌تێكى زاڵ بووبێت له‌سه‌رده‌مى باوباپیراندا. ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ بۆمان روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ سه‌ركه‌وتنى ئابووریى په‌یوه‌ندى هه‌یه‌ به‌ خه‌سڵه‌ته‌ كه‌لتوورییه‌كانه‌وه‌. به‌وپێیه‌ درۆكردن و به‌رده‌وامبوونى درۆ ورده‌ ورده‌ ده‌بێته‌ هۆى لاوازبوون و داڕزینى متمانه‌.

ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ زۆر خێراتر ده‌بێت كاتێك كه‌ درۆكان  زاڵ ده‌بن به‌سه‌ر پڕوپاگه‌نده‌ و ریكلام و وتیوتییه‌كاندا.

گه‌نجان له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا كه‌ تازه‌ روویان كردووه‌ته‌ سیاسه‌ت و ده‌نگوباسه‌كان له‌ قۆناغێكى ته‌مه‌نیاندان كه‌ بێجگه‌ له‌ درۆى شاخدار هیچیتریان نه‌بیستووه‌ و نه‌بینیوه‌. دوورنییه‌ ئه‌و درۆیانه‌ به‌ درێژایى ته‌مه‌نیان  كارنه‌كه‌نه‌ سه‌ر بیركردنه‌وه‌ و هه‌ڵسوكه‌وتیان.

نووسه‌ر ده‌ڵێت: كێشه‌كه‌ كێشه‌یه‌كى ئاڵۆزه‌، چونكه‌ متمانه‌ یان هه‌یه‌ یان نییه‌. مرۆڤیش به‌ سروشت لایه‌نبازیى ده‌كات. متمانه‌ى به‌وان ده‌بێت كه‌ سه‌ر به‌ كۆمه‌ڵێكى دیاریكراون و ره‌نگه‌ پێكه‌وه‌ چیرۆكى سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ بڵاوبكه‌نه‌وه‌ كه‌ مه‌رج نییه‌ هه‌موویان راست بن. 

ده‌شڵێت: كه‌سایه‌تى دۆناڵد ترامپ به‌جۆرێكه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت لایه‌نگره‌ به‌هێزه‌كانیشى نكوڵى له‌وه‌ ناكه‌ن كه‌ كه‌سایه‌تییه‌كه‌ خه‌وشى بچوكى زۆرى تێدایه‌. ئه‌وانه‌ به‌لایانه‌وه‌ ئاساییه‌ پرنسیپه‌كان بكرێت به‌ قوربانی ده‌ستكه‌وته‌ سیاسییه‌كان.

نووسه‌رى وتاره‌كه‌ ئاماژه‌شده‌دات: مه‌ترسى درۆكردن له‌سه‌ر ئاستى سیاسیى باڵا بۆ ئێستاى ئه‌مریكا له‌و رووه‌وه‌ ترسناكه‌ كه‌ سه‌رده‌مى ئه‌مڕۆ له‌ هیچ سه‌رده‌مێكى دیكه‌ى مێژوو ناچێت و له‌ دوورمه‌ودادا درۆ و چه‌واشه‌كارییه‌كان زیانى گه‌وره‌ به‌ بارى ئابووریى وڵات ده‌گه‌یه‌نن. بۆیه‌ پێویسته‌ له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پابه‌ند و په‌یوه‌ستبین به‌ پرنسیپه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانمانه‌وه‌.

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure