"بەمنزیکانە فەرمانبەرانی گرێبەست دەبن بە هەمیشەیی"

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 7280‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 

دوای بەهەمیشەییکردنی دامه‌زراندنى مامۆستایانی گرێبەست، بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست بووه‌ته‌ یه‌كێك له‌ پرسه‌ گه‌رمه‌كان و چاره‌سه‌ره‌كه‌شى له‌ پڕۆژه‌ بڕیارێكدایه‌ كه‌ له‌نێوان حكومه‌ت و په‌رله‌ماندا ده‌ستاوده‌ستى پێده‌كرێت، به‌ڵام پەرلەمانتارێک دەڵێت: "بەدڵنیایی" فەرمانبەرانی گرێبەست دادەمەزرێن.


لە دانیشتنی ژماره‌ (7)ی (ئەمڕۆ چوارشەممە 13ى تشرینی دووه‌مى 2019)ى خۆیدا په‌رله‌مانى كوردستان خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ پڕۆژە بڕیاری (دامه‌زراندنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست له‌ هه‌رێمی كوردستان) کرد و دواتریش رێواز فایه‌ق، سه‌رۆكى په‌رله‌مان رایگه‌یاند: حکومەت داوای گەڕانەوەی پڕۆژە بڕیاره‌كه‌ ده‌كات و په‌رله‌مانیش ماوه‌ى دوو هه‌فته‌ ده‌داته‌ حکومەت بۆ پێشكه‌شكردنى تێبینیه‌كانى و به‌ده‌ر له‌و ماوه‌یه‌ په‌رله‌مان رێكاره‌ یاساییه‌كان له‌وباریه‌وه‌ ده‌گرێته‌به‌ر.

رێواز فایەق وتیشی: "لەمڕۆ چوارشەممەوە وادەکە دەستپێدەکات، بۆیه‌ دوای ته‌واوبوونی ئه‌و واده‌یه‌ ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانبەرانی گرێبەست دانەمەزرێنێت، ئەوا په‌رله‌مان به‌پێی حوكمه‌كانی په‌یڕه‌وی ناوخۆ رێككاره‌ یاساییه‌كانی بۆ پێشنیازی دامەزراندنه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌دات".

بەپێی ئامارێك كە لە وەزارەتی پلاندانان تایبەت دەست دواڕۆژ کەوتووە، وەزارەتی دارایی و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لەدوای ساڵی 2014ەوە لەسەر داوای وەزارەتەكان زیاتر لە 30 هەزار فەرمانبەریان بەشێوەی گرێبەست دامەزراندووە كه‌ به‌شێكى زۆریان تائێستاش بەردوامن و زۆربەیان زیاتر لە سێ ساڵ به‌سه‌ر گرێبه‌سته‌كانیان تێپه‌ڕیووه‌.

ده‌رباره‌ى ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ له‌ 30ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ رابردوو ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم به‌ نوسراوی فەرمی وه‌ڵامی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانی‌ داوه‌ته‌وه‌ كه‌ دامه‌زراندنیان هیچ بارگرانییه‌ك له‌سه‌ر حكومه‌ت دروستناكات و دەتوانن دایانبمەزرێنن، بەڵام به‌مدواییه‌ داوای لە پەرلەمان کردووە پڕۆژەکەی بۆ بگەڕێنێتەوە.

عه‌بدولستار مه‌جید، سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بە دواڕۆژی راگه‌یاند،: داواكه‌ى حكومه‌تی‌ هه‌رێم "نایاساییه‌"، چونكه‌ پڕۆژه‌یاساكه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌ و پێویست بوو خوێندنه‌وه‌ی‌ بۆ بكرێت و جێبەجێبکرێت نەک بگه‌ڕێندرێتەوە بۆ حکومەت بەبیانووی جۆراوجۆر.

پڕۆژه‌كه‌ له‌لایه‌ن فراكسیۆنى یه‌كێتى-یه‌وه‌ پێشكه‌شكراوه‌ و فراكسیۆنه‌كه‌ش ده‌ڵێت: گەڕاندنەوەی پڕۆژەکە بۆ حکومەت بۆ گۆڕانکارییە، بەڵام لەکۆتایدا ئێمە سورین لەسەر دامەزراندنیان.

لوقمان وەردی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی بە دواڕۆژی راگەیاند: بۆ دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست لەنێوان حکومەت و پەرلەمان گفتوگۆ هەیە، بەڵام هەرچۆنێک بێت "بەدڵنیایی فەرمانبەرانی گرێبەست بەمنزیکانە دەبن بە هەمیشەیی". 

وتیشی: "وەک فراکسیۆنی یەکێتی پێشتر قسەمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی کردووە، ئەوان رەزامەندیانداوە و باسیان لەوەکرد کە دامەزراندنی ئەو فەرمانبەرانە بارگرانیەکی وەها لەسەر حکومەت دروستناکات، چونکە رێژەکەیان هێندە زۆر نیە".

ئەو پەرلەمانتارە ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: فەرمانبەرانی گرێبەست زۆربەیان ساڵانێکی زۆریان لە وادەی یاسایی خۆیان تێپەڕاندووە، مافی خۆیانە کە ببن بە فەرمانبەری هەمیشەیی.

پڕۆژە بڕیارەکەی پەرلەمان لە نۆ ماددە پێکهاتووە کە پێشنیازی دامەزراندنی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ ده‌كات كه‌ سێ ساڵ به‌سه‌ر گرێبه‌ستیان تێپه‌ڕیووه‌، ئه‌مه‌ش لەپێناو چەسپاندنی دادپەروەری هەلی کار و سودبینین لە ئەزموون و توانایان وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ پڕۆژه‌كه‌دا هاتووه‌.

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure