پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لە سلێمانی دەستپێدەكات و (دواڕۆژ)یش به‌شداره‌

هەواڵ / که‌لتور :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 352‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

یەكەمین پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لە سلێمانی دەستپێدەكات و دەزگای دواڕۆژ-یش بە 15 ناونیشان بەشداری پێشانگاكەیە.


بڕیاره‌ (رۆژى پێنجشه‌ممه‌ 14ی تشرینی دووەمی 2019) لەساڵیادی دروستبوونی شاری سلێمانی و لەبینای پێشانگای نێودەوڵەتی لە ناوچەی تاسڵوجە، یەكەمین خولی پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لەژێر چاودێری بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق بكرێتەوە و دەزگای دواڕۆژ بۆ راگەیاندن و رووناكبیری-ش  یه‌كێك له‌ به‌شداربووان.

سیروان خەلیل، سەرپەرشتیاری بەشی كتێب لە دەزگای دواڕۆژ رایگەیاند: بە 15 ناونیشان بەشداری پێشانگاكە دەكەن كە سێ بەشن (بەڵگەنامەیی و هزریی و مێژووی) هەمووشیان كاری وەرگێڕان و چاپ و بڵاوكردنەوەیان لەلایەن دواڕۆژ بۆ كراوە، كتێبەكانیش زۆربەیان لە زمانی ئینگلیزی و هەندێكیشیان لە زمانی عەرەبی بۆ زمانی كوردی وەرگێڕدراون.

پێشتریش مەروان حەمەخورشید، بەرپرسی راگەیاندنی كۆمپانیای ئەتڵەس ئەسیل بۆ پێشانگاكان بە دواڕۆژی راگەیاند: كۆمپانیاكەیان بەھاوكاریی ژووری بازرگانی سلێمانی، یەكەمین خولی پێشانگەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ كتێبی ده‌كاته‌وه‌ كە ماوەی هەفتەیەك بەردەوام دەبێت.

لەم پێشانگایەدا زیاتر لە 180 ناوەند و بڵاوكراوەی نیشتمانی و بیانی و عەرەبی بەشداریی دەكەن كە بریتین لە بەرهەمی وڵاتانی تونس و جەزائیر و سعودیە و ئیمارات و سۆدان و ئوردن و عێراق و ئێران و توركیا، هەروەها كتێبخانە گشتییەكانی كوردستان-یش.

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure