پەرلەمانی كوردستان پێكهێنانی چوار لیژنەی هەمیشەیی پەسەندكرد

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 366‌ جار بینراوە

تاگ :: پەرلەمان

دواڕۆژ، بڕیار محەمەد 

په‌رله‌مانى كوردستان خوێندنه‌وه‌ى بۆ چه‌ند پڕۆژه‌یاسایه‌ك ئه‌نجامدا و پێكهێنانی چوار لیژنەی هەمیشەییش پەسەندكران. 


پەرلەمانی كوردستان له‌ دانیشتنى (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 13ى تشرینى دووه‌مى 2019)دا خوێندنەوەی یەكەمى بۆ پڕۆژه‌یاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان لە هەرێمی كوردستان-عێراق و پڕۆژه‌یاسای  بەرەنگاربوونەوەی بە قاچاغبردنی نەوت و لێدەرهێنراوەكان لە هەرێمی كوردستان-عێراق كرد.

هەر لەدانیشتنەكەی ئەمڕۆدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژه‌یاسای بیمەی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان-عێراق و پێشنیارە بڕیاری (دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی كوردستان) كران.

لەبەشێكی تری دانیشتنەكە بیرۆكەی دوو پەرلەمانتار لەسەر پەیوەست بە دووبارە تەعریبكردن و مەترسیی هەمواركردنەوەی مادەی (140)ی دەستووری هەمیشەیی عێراق و پرسی چۆنیەتیی شەفافكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستان خرانەڕوو.

هاوكات پێكهێنانی چوار لیژنەی هەمیشەیی پەسەندكران كە سەرۆكی لیژنەی داكۆكیكردن لە مافی ئافرەتان بۆ فراكسیۆنی پارتی و سەرۆكی لیژنەی ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان بۆ فراكسیۆنی یەكێتی و سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ بۆ فراكسیۆنی گۆڕان و سەرۆكی لیژنەی كاروباری پەرلەمان بۆ فراكسیۆنی یەكگرتوو یه‌كلاكرایه‌وه‌.

رێواز فایه‌ق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەر لە کۆتایی هاتنی دانیشتنەکە رایگەیاند: حکومەتی ھەرێمی کوردستان داوایکردووە پڕۆژە بڕیاری بە ھەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی بۆ بنێرنەوە بۆ ئەوەی پێداچونەوەی پێدا بکات، ئەمڕۆ پەرلەمان پرۆژەکە دەنێرێتەوە بۆ حکومەت، بەڵام پەرلەمان بە حکومەتی وتووە تەنھا دوو ھەفتە چاوەڕێ دەکەین، ئەگەر حکومەت نەیناردەوە ئەوا پەرلەمان دەستدەکات بە پەسەندکردنی بڕیاری بە ھەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست.

پ: ک. س
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure