بەشێک لە کوردانی هەرێم ناتوانن بچنە تورکیا

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 1262‌ جار بینراوە

دواڕۆژ: ڕاپۆرتی سەنگین خۆشناو

سەرباری چوونی ڕێژەیەکی زۆری هاوڵاتیانی باشووری کوردستان بۆ شارەکانی تورکیا بەتایبەت ئیستەنبوڵ، بەڵام حکومەتی تورکیا لە فڕۆکەخانەکانی لێکۆڵینەوەی ورد و هەڵسوکەوتی نەشیاو بەرامبەر هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەکار دەهێنێت، بەرپرسی پەیوەندییەکانی هەرێم و تورکیا لە بەڕێوەبەرایەتی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم دەڵێت، لەگەڵ تورکیا لەگفتووگۆداین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

حکومەتی تورکیا لیستێکی 300 کەسی لە فڕۆکەخانە و سنوورەکانی بڵاوکردووەتەوە کە ناوی ئەو کەسانەیە کە وەک تیرۆریست ناوی بردوون و مامەڵەی تیرۆریان لەگەڵ دەکات، بەشێک لەو کەسانەی ناویان لە لیستەکەیە ڕۆژنامەنووسن و خەڵکی هەرێمی کوردستانن.

بڵند عەلی، کە ڕۆژنامەنووسێکی کوردی خەڵکی سلێمانییە، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوەوە بەرەو تورکیا بەڕێکەوتین، بەڵام لەگەڵ گەیشتنمان لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبوڵ هەڵسوکەوتی زۆر نەشیاویان بەرامبەرمان بەکارهێنا".

بڵند، دەشڵێت: "سەیری مۆبایلەکەیان کردین چەند گرتە ڤیدیۆیەکی تێدابوو کە هی ڕووماڵی شەڕی داعش بوو، بەڵام هەر بەو هۆکارەوە من و هاوکارەکەم کە پەیامنێرە بۆماوەی سێ ڕۆژ دەستگیر کراین".

ئەو ڕۆژنامەنووسە سەبارەت بە مامەڵەی پۆلیسی تورک دەڵێت: "مامەڵەیان زۆر خراپ بوو هەمیشە بەئێمەیان دەگووت ئێوەی کورد تیرۆریستن".

حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداری ئەو هەڵسوکەوتانەیە و لەگەڵ دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی نیگەرانی خۆی لەهەمبەر مامەڵەی پۆلیسی تورکی بەرامبەر کوردان بە کونسوڵخانەی تورکیا گەیاند، بەڵام دۆخەکە وەک خۆی ماوەتەوە.

عەبدولسەلام ڕەشید، بەرپرسی پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێم لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ئێمە ئاگاداری ئەو لیستە 300 کەسییە نین و لەڕێگەی ئێوە ئەوەمان زانییووە، بەڵام لەسەر مامەڵەی حکومەتی تورکیا گفتووگۆمان لەگەڵ بەرپرسانی تورک کردووە.

عەبدولسەلام، دەشڵێت: "تاوەکو ئێستاش لەسەر هەڵسوکەوت و مامەڵەی پۆلیسی تورک لەگەڵ گەشتیارانی هەرێمی کوردستان بەردەوامین لە گفتووگۆ لەگەڵ حکومەتی تورکیا، ئەوان دەڵێن ئەو مامەڵەیە تەنیا لەگەڵ کورد نییە بەڵکو ڕێکاری یاسایی و ئەمنی خۆمان بۆیە بۆ هەموو ئەو کەسانەیە کە دێنە نێو خاکی تورکیا".

بەرپرسی پەیوەندییەکانی هەرێم و تورکیا،ئاماژەی بەوەشدا: خەڵکی کوردستان دڵنیادەکەینەوە کە لەبارەی ئەو لیستە 300 کەسییە گفتووگۆی جددی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا دەکەین نابێت بەبێ بەڵگە و بێ هۆکار خەڵکی ئێمە دەستگیر بکرێن.

هەرچەندە هیچ ئامارێک لەلایەن فڕۆکەخانەکان تۆمار نەکراوە چونکە ئەوکەسانەی دەگەڕێندرێنەوە لە فڕۆکەخانەکان خۆیان ئاشکرا ناکەن کە گەڕێندراونەتەوە، بەڵام ئەوانەی گەڕێندراونەتەوە ئەوانەن کە لەڕێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە گەشتیان کردووە.

تاهیر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: لەفڕۆکەخانەی سلێمانی ئەو کەسانەی کە گەشتیان کردووە بۆ تورکیا تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک نەگەڕێندراوەتەوە.

لەبەرامبەردا تەڵوان سیوەیلی، بەرپرسی نووسینگەی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر، بەدواڕۆژی وت: "هەرچەندە ئەوانەی دەگەڕێندرێنەوە خۆیان ئاشکرا ناکەن، بەڵام بەڵێ ئێمەش ئاگادارین کە خەڵکانێک هەن کە لە فڕۆکەخانەکانی تورکیا ڕێگریان لێدەکرێت بچنە نێو خاکی تورکیا".

ئەوکەسانەی دەگەڕێندرێنەوە پێشتر لە لایەن حکومەتی تورکیا ڤیزەیان پێدەدرێت، جگە لە خەرجی ڤیزەکە بەهۆی تکتی فڕۆکەش زیانی ماددی زۆریان بەردەکەوێت.

بەیار هەناری، خاوەنی گروپی کۆمپانیاکانی بۆسفۆڕس لاینی گەشتیاری بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "ئێمە کاتێک تکتەکان دەفرۆشین هیچ گرێنتییەکی ئەوە نادەین کە ئەگەر گەڕێندرایەوە بۆی قەربوو بکەینەوە".

بەیار هەناری، دەشڵێت:" ئەگەر بەهۆی کێشەی تکتەکە بێت ئەوە ئێمە بەرپرسین، بەڵام کێشەی سیاسی و هەرکێشەیەکی دیکەی لێپرسینەوەی فڕۆکەخانەکان هیچ پەیوەندی بە ئێمەوەنییە".

گەشتکردن بۆ وڵاتی تورکیا لە وەرزی هاوین بە ڤیزە و تکتی چوون و هاتن بۆ یەک کەس زیاتر لە 700 دۆلاری تێدەچێت، لە ئێستاشدا نزیکەی 300 دۆلاری تێدەچێت.

 

ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure