رووەكخۆر و گۆشتخۆرەكان كامیان تەندروستترن؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 199‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی پشتیوان جەمال

سەرۆكی رێكخراوی ڤیگنەكانی كوردستان دەڵێت، ئەوانەی رووەكخۆرن دەتوانن 50% لە مەترسییەكانی تووشبوون بە نەخۆشییەكان دووربكەونەوە، بەڵام پزیشكێكی ڤێتێرنەری بەپێچەوانەوە ئاماژە بەوە دەكات، خواردنی گۆشت سەرچاوەی زۆر كانزا و ڤیتامینە و ئەوانە كەمتر لەڕووەكدا هەن، بەوتەی پسپۆرێكی تەندروستی خۆراكیش گۆشت و رووەك بۆ لەشی مرۆڤ گرنگە، بەڵام ئەوانەی زۆرتر گۆشت دەخۆن ئەگەری تووشبوونیان بەنەخۆشی شێرپەنجە زیاترە.


چەند ساڵێكە لەهەرێمی كوردستان كەسانێك هەن تەنها باوەڕیان بەخواردنی رووەكە و خۆیان لەخواردنی گۆشت دوورخستۆتەوە و پێیانوایە خواردنی گۆشت زیانی بۆ لەشی مرۆڤ هەیە، لەمانگی ئەیلولی ساڵی 2018یش رێكخراوی ڤیگنەكانی كوردستان واتە رووەكخۆرەكان دامەزراوە، بەڵام تائێستا ئامارێكی وردیان لا نییە سەبارەت بەژمارەی رووەكخۆرەكان، بەنیازن لەساڵی داهاتووەوە دەست بە تۆماركردنی ئەو كەسانە بكەن.

زانكۆ بەخشین، دامەزرێنەری رێكخراوی ڤیگنەكانی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: بۆ هەمووان روونە خواردنی گۆشت بەسور و سپی زیانی بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە و هۆكاری زۆریی نەخۆشییەكانە، بەڵام ئەو مرۆڤانەی رووەكین دەتوانن 50% دووربكەونەوە لەمەترسییەكانی تووشبوون لەنەخۆشییەكان، بەڵام تائێستا نەبیستراوە كەسێك بەهۆی خواردنی رووەكەوە تووشی نەخۆشی بووبێت.

سۆیا، جۆرە دانەوێڵەیەكە و بەفرێشی لەكوردستان دەستناكەوێت، بەڵام وشككراوەكەی وەك گۆشتی گیایی دەناسرێت و وەك فاسۆلیای بچووكە، زانكۆ روونیكردەوە، هاوڵاتیان دەتوانن سۆیا بۆ دروستكردنی خۆراك بەكاربهێنن كە تەندروستترە و زیانی نییە.

هەروەها سەروەر قەرەداغی، ڤیگنەر و چالاكوانی ژینگەیی بەدواڕۆژی راگەیاند: كشتوكاڵی ئاژەڵی كاریگەری زۆری لەسەر كەش و هەوا هەیە و 51%ی پیسبوونی هەوا دەگەڕێتەوە بۆ پیشەسازی گۆشت، زۆرینەی پیسایی و پاشماوەی ئاژەڵە كشتوكاڵییەكانی وشكانییەكانیش دەمێنێتەوە دەكرێتە ئاوی روبارەكان ئەوەش دەبێتەهۆی ژەهراویبوونی ئاژەڵەكانی ئەو ناوچەیە.

سەروەر باسی لەوەكرد: رووەكخۆریی مەسەلەیەكی ئەخلاقییە، چونكە وەك چۆن مرۆڤێك مافی ژیانی هەیە، بەهەمانشێوە ئاژەڵێكیش مافی ژیانی هەیە و نابێت لێیان بسەنرێتەوە، بەڵام لەكوردستان تەنانەت لەكێڵگەكانی بەرهەمهێنانی ئاژەڵیشدا بەجۆرەها شێوە ئازار دەدرێن.
 
بەڵام بەپێچەوانەی قسەی ڤیگنەرەكان، د.موحسین ئەحمەد، پزیشكی ڤێتێرنەری بەدواڕۆژی راگەیاند: كۆمەڵێك ئاژەڵ هەیە بەهیچ شێوەیەك گۆشت ناخۆن، بەڵام ئەو ئاژەڵانە پێكهاتەی لەشیان زۆر لەمرۆڤ جیاوازترە بۆ نموونە دانی سەرەوەیان نییە و گەدەیەكیان هەیە لەچوار بەش پێكهاتووە، بەڵام ئەوانەی گۆشت دەخۆن، وەك مرۆڤ دانی سەرەوەیان هەیە و تەنها یەك گەدەشیان هەیە، جگە لەوەش ئاژەڵ بۆ خزمەتی مرۆڤ دروستكراوە، ئەگەر سەر نەبڕدرێت چی لێدەكرێت؟، پیر دەبێت و گیان لەدەست دەدات و ژینگە پیس دەكات، بۆیە دەبێت سەر ببڕدرێت

ناوبراو روونیكردەوە: خواردنی گۆشت سەرچاوەی زۆر كانزا و ڤیتامینە و ئەوانە كەمتر لەڕووەكدا هەن و لەڕووەكدا دەستناكەون، راستە زۆر خواردنی گۆشتیش جێی مەترسییە بەتایبەتی گۆشتی ئاژەڵی نەخۆش كە جێی مەترسییە.

د.موحسین وتی :"ئەوانەی  نەخۆشی دڵ یان پەستانی خوێنیان هەیە باش نییە گۆشت بخۆن، یان قرچاندنی گۆشت لەناو رۆندا خراپە، بەڵام ئەگەر گۆشت بەدروست و بەڕێژەیەكی تەندروست بخورێت یەكێكە لەپێداویستییە گرنگەكانی لەش كە دەبێت مرۆڤ وەریبگرێت".  

بەڵام د.بینایی كامەران، پزیشكی پسپۆری خۆراك بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: بۆ تەندروستی مرۆڤ خواردنی رووەك و گۆشت پێویستە، چونكە هیچ كەسێك نییە 100% گۆشتخۆر یان روەكخۆر بێت، لەوڵاتانی دەرەوە هەندێك كەس لەبەر بەزەییان بۆ ئاژەڵ، گۆشت ناخۆن.

ناوبراو روونیكردەوە: رووەكخۆر لەڕووی هەندێك ڤیتامینەوە كێشەیان بۆ دروست دەبێت وەك ئاسن، پڕۆتینەكان، یان دەبێت پزیشكی پسپۆر خواردنیان بۆ دیاری بكات تا تووشی گرفتی تەندروستی نەبن و ماسولكەكانیان لاواز نەبن، بۆیە گرنگە ئەو كەسانە زیاتر ئەو رووەكانە بخۆن كە پڕۆتینیان تێدایە بۆ نموونە شۆفان و نۆك و پاقلە و قارچك بخۆن.

د.بینایی ئاماژەی بەوەكرد: ئەوانەی گۆشتخۆریش نابێت رۆژانە تەنها گۆشت و مریشك و هێلكە و ماسی و شیر و پەنیر بخۆن، بەڵكو  دەبێت بابەتی رووەكیش بخۆن، چونكە ئەو مرۆڤانەی كە زیاتر گۆشت دەخۆن ئەگەری تووشبوونیان بەنەخۆشی شێرپەنجە زیاترە، بەڵام لەشی تەندروست پێویستی بەهەردووكیانە.

 

ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure