میترۆ: دەستبەسەركردنی رۆژنامەنووس وەک تۆڵە بەكاردێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 265‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال


سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت "دەستبەسەركردن و راگرتنی رۆژنامەنوسان لە بنكەكانی پۆلیس و ئاسایش تۆڵەكردنەوەیە لە میدیاكاران، ئەوان رەتیدەکەنەوە".


رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ ئەمڕۆ ۱۳ی تشرینی دووەمی ۲۰۱۹ بەدواڕۆژی راگەیاند: سەنتەرەکەیان لەماوەی رابوردوودا بەدواداچوونی بۆ چەند كەیسێكی رۆژنامەگەری كردووە، سەرنجی داوە هەندێ لە كەیسەكانی تایبەت بە بڵاوكردنەوە لە بنكەكانی لێكۆڵینەوەی هەرێمی كوردستان، بە تەواوەتی یاسای كاری رۆژنامەنوسی فەرامۆش دەكەن و بە یاسایەكی تر لێكۆڵینەوە لەگەڵ رۆژنامەنووس دەكرێت و (دەستبەسەركردن) لە دەرەوەی یاسای رۆژنامەگەری، وەك تۆڵەكردنەوە لە رۆژنامەنوسان بەكاردێنن.

ناوبراو روونیکردەوە، هەموو پابەندین بە یاسای گشتی، بەڵام كە یاسای تایبەت هەبوو بۆ توێژێكی دیاریكراو ئەو كات دادگاکان پەنا بۆ یاسا تایبەتەكە دەبەن، بۆیە وتراوە "الخاص یقید العام".

رەحمان غەریب ئاماژەی بەوەکرد، لە یاسای كاری رۆژنامەگەریدا باس لە دەستبەسەركردن و حوكمی زیندان نەكراوە و جەختدەكەنەوە "دەبێت بە بڕگەكانی یاسای رۆژنامەگەری مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووسان بكرێت، دەستبەسەركردن و راگرتنی رۆژنامەنووسان لە بنكەكانی پۆلیس و ئاسایش تۆڵەكردنەوەیە لە میدیاكاران و ئێمە رەتیدەكەینەوە".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure