لەچەند ناوچەیەک گردبوونەوەی کارمەندانی تەندروستی و شارەوانی دەستيپێکرد

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 548‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید، رێبین حەسەن

بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەبارەی بڕی دەرماڵەی جوگرافی و دامەزراندنی کارمەندە خۆبەخشەکان گردبوونەوەی کارمەندانی تەندروستی و شارەوانی لە قەزاکانی شارەزوور و سەیدسادق دەستیپێکرد.


ئاسۆ ئەحمەد، یەکێک لە بەشداربووانی گردبوونەوەکەی قەزای سەیدسادق به دواڕۆژی ڕاگەیاند "ئامانج لە گردبوونەوەکەمان گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتییە بە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم بۆئەوەی بمانکەنە فەرمانبەری هەمیشەیی، چونکە کارمەندمان هەیە زیاد لە 10ساڵە بەشێوەی خۆبەخشانە و گرێبەست خزمەت دەکەن".

ئاماژەی بەوەشكرد، نابێت حکومەت جیاوازی بکات لە بەهەمیشەییکردنی کارمەندان و فەرمانبەران لە هیچ دامودەزگایەک، بەپێچەوانەوە هەڵوێستی دیکەمان دەبێت.

لەلایەکی ترەوە هەر ئەمڕۆ کارمەندانی تەندروستی لە نەخۆشخانەکانی قەزای شارەزوورو سەیدسادق لەبەردەم نەخۆشخانەکانیاندا دەستیان کرد بە مانگرتن و گردبوونەوە ئەوەش بەمەبەستی گەڕاندنەوەی دەرماڵەی جوگرافی بۆ کارمەندانی نەخۆشخانەکان و هەروەها دامەزراندنی کارمەندانی خۆبەخش.

لەلایەكی دیكەوە هێرش شەوقی، لێپرسراوی نووسینگەی كارمەندانی تەندروستی پێنجوێن، بەدواڕۆژی راگەیاند "وەكو نەخۆشخانەی گشتی شەهیدانی پێنجوێن گردبوونەوەیەكی ناڕەزاییمان رێكخست، بەهۆی بڕینی دەرماڵی جوگرافی هاتوچۆوە، كە ماوەی ساڵێكە بڕاوە و چەندین جاریش سەرووی خۆمانمان وەك وەزارەتی تەندورستی و فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی و ئیدارەی نەخۆشخانەی پێنجوێنمان لێ ئاگاداركردۆتەوە بۆ بەستنەوەی ئەو دەرماڵەیە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێكی نەبووە و وەڵامیان نەدواینەتەوە.

ناوبراو، وتیشی: "بڕینی دەرماڵەكە بەپاساوی ئەوەیە، كە گوایە دەرماڵەی ئەو شوێنانە بڕاوە كە ئوتومبێلی هاتوچۆیان بۆ دابینكراوە، بەڵام بۆ ئێمە ئوتومبێلی هاتوچۆ دابین نەكراوە و زۆربەی كارمەندەكانیشمان خەڵكی دەرەوەی پێنجوێن و سلێمانین و رۆژانە زیانێكی زۆرمان پێگەیشتووە".

روونیشیكردەوە،" ئەمڕۆ مەبەستمان بو كە پەیامێك بدەینە وەزارەتی تەندروستی و حكومەت  و ماوەی 10( تا 15) رۆژ مۆڵەتمان دیاری كردووە تاوەكو بەزوویی ئەو مانگانەی پارەیان لێبڕیون بۆمان بگەڕێنەوە و لەمەولاش بۆمان ببەستن، دەنا لەكاتی جێبەجێنەكردنی داواكارییەكەمان هەڵوێستی تر دەگەینە بەر".

وتیشی: " تەواوی كارمەندان و پزیشكان لەكارگوزارێكەوە تا تەواوی كارمەندان و پزیشكان پارەكە بڕاوە كە بڕەكەی لەنێوان (30 تا 60) هەزار دینار دەبێت و بەپێی پلەی وەزیفی دیاریكراوە".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure