به‌شێك له‌ فراكسیۆنه‌كان ره‌خنه‌ له‌ شێوازی كاری سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ده‌گرن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 229‌ جار بینراوە

تاگ :: پەرلەمان

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار


به‌شێك له‌ فراكسیۆنه‌كان، ره‌خنه‌ له‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌گرن و به‌ "رێگریكردن له‌ په‌سه‌ندكردنی ئه‌و پڕۆژه‌یاسانه‌ی تۆمه‌تباریان ده‌كه‌ن كه‌ له‌ به‌رژەوه‌ندی حكومه‌تدا نین"، به‌ڵام سكرتێری په‌رله‌مان تۆمه‌ته‌كان ره‌تده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت: "به‌ یه‌كسانی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان كردووه‌".

دوای ساڵێك له‌ كاركردنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، به‌شێك له‌ فراكسیۆنه‌كان ده‌نگی ناڕه‌زاییان به‌رامبه‌ر ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان به‌رزكردۆته‌وه‌، كه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتی و پارتی و پێكهاته‌ی توركمانییه‌وه‌، سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت.

سیپان سالم، په‌رله‌مانتاری نه‌وه‌ی نوێ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "چه‌ندین پێشنیازی پڕۆژه‌یاسایان له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ده‌رماڵه‌ی زانكۆو په‌یمانگاكان و ده‌ستپێكردنه‌وەی‌ پێشینه‌ی هاوسه‌رگیری و خانووبه‌ره داوه‌ته‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌وتۆته‌وه‌ "ژێر كاریگه‌ری هه‌یمه‌نی حزبه‌كانه‌وه‌، بۆیه‌ ناتوانن سه‌ربه‌خۆیانه‌ كاربكه‌ن و پڕِۆژه‌كانیان ناخه‌نه‌ ده‌نگدانه‌وه‌."

وتیشی: "له‌جیاتی په‌رله‌مان ببێته‌ جێگایه‌ك بۆ چاودێریكردنی كاری په‌رله‌مان، بۆته‌ شوێنێك بۆ ئیداره‌دانی خراپی په‌رله‌مان و رۆڵه‌كه‌شی وه‌كو جاران نه‌ماوه‌".

جگه‌ له‌ نه‌وه‌ی نوێ، فراكسیۆنه‌كانی یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ و به‌شێك له‌ پێكهاته‌كانی دیكه‌ش هه‌مان ره‌خنه‌یان هه‌یه ‌و داوا ده‌كه‌ن، په‌رله‌مانی به‌ بێلایه‌نی و پیشه‌یی كار بكات و هه‌وڵنه‌درێت "ئه‌جێندای حیزب" جێبه‌جێبكات.

شێركۆ جه‌وده‌ت، ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ دواڕۆژی وت: "له‌ 18ی شوباتی ئه‌مساڵ پڕِۆژه‌ی چاكسازییان پێشكه‌شكردووه‌ و به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، ئه‌و پڕۆژانه‌ی ره‌هه‌ندی یاساییان هه‌یه‌ ده‌بێت ره‌وانه‌ی حكومه‌ت بكرێت بۆئه‌وه‌ی ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بدرێت، بۆیه‌ دوای ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه‌ ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان كرا، هه‌فته‌یه‌ك دواتر ره‌وانه‌ی حكومه‌ت كرایەوه‌، به‌ڵام تائێستا حكومه‌ت وه‌ڵامی نه‌داوه‌ته‌وه‌".

شێركۆ جه‌وت، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، راسته‌ به‌شێك له‌ كێشه‌كان به‌هۆی كه‌مته‌رخەمیی حكومه‌ته‌وه‌یه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌ستی ئه‌نقه‌ستی تێكه‌وتووه‌ تاوه‌كو پێشنیازی پڕِۆژه‌ یاساكان نه‌بنه‌ یاسا و ئه‌رك نه‌خه‌نه‌ سه‌ر شانی حكومه‌ت.

له‌ماوه‌ی ساڵێكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌لایه‌ن ئه‌و چوار فراكسیۆنه‌وه‌ پێشنیازی 50 پڕۆژه‌یاسا بۆ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان به‌رزكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌وته‌ی خۆیان ژماره‌یه‌كی ئه‌وه‌نده‌ كه‌م خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه‌ كه‌ "شایه‌نی باسكردن نییه‌".

به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، هه‌ر 10 ئه‌ندامی په‌رله‌مان ده‌توان پێشنیازی پڕۆژه‌یاسا بۆ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی به‌رز بكه‌نه‌وه‌، كه‌ دواتر سه‌رۆكایه‌تی بۆ لیژنه‌ی یاسایی ده‌نێرێت بۆئه‌وه‌ی راپۆرتی له‌باره‌وه‌ بنووسرێت و دواتر له‌ دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌می بۆ بكرێت و ئاڕاسته‌ی لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند بكرێت و دواجار په‌سه‌ند ده‌كرێت.

به‌دریه‌ ئیسماعیل، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "ئێمه‌ 22 پڕۆژه‌یاسامان بۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ناردووه‌، له‌و ژماره‌یه‌ ته‌نیا چوار پڕۆژه‌یاسایان خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه‌، بۆیه‌ هه‌ست ده‌كه‌ین كه‌ كاره‌كان جۆره‌ سستییه‌كی پێوه‌ دیاره‌و كه‌مته‌رخی هۆكاری ئه‌و سستییەیه‌.

ده‌شڵێت: "ناكرێت ئه‌و پێشنیازی پڕۆژه‌یاسایانه‌ی حزبه‌كان به‌تایبه‌تی پارتی و یه‌كێتی ره‌وانه‌ی ده‌كه‌ن بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كاره‌وه‌و ئه‌وانی دیكه‌ پشتگوێ بخرێت".

گه‌ڕانه‌وه‌ی مووچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانی ساڵانی رابوردوو، مافی كه‌مئه‌ندامان، زیادكردنی مووچه‌ی خانه‌نشنیان، ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی كه‌مده‌رامه‌ت و گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌رماڵه‌ی خوێندكارانی زانكۆ و په‌یمانگاكان، له‌‌و پێشنیازانه‌ن كه‌ زۆربه‌ی فراكسیۆنه‌كان بۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانیان ناردووه‌.

هاوكات ئازاد كوره‌چی، سه‌رۆكی فراكسیۆنی خزمه‌ت له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ دواڕۆژی وت: "ئێمه‌ چه‌ندین پێشنیازی پڕۆژه‌یاسامان پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مان كردووه‌، له‌وانه‌ ته‌رخانكردنی بودجه‌یه‌ك بۆ پێكهاته‌كان و دیاریكردنی رۆژی توركمان و چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی دیكه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هیچیان نه‌خراونه‌ته‌‌ به‌رنامه‌ی كاره‌وه‌".

ره‌خنه‌و گله‌یی فراكسیۆنه‌كان له‌كاتێكدایه‌، كه‌ ئینستتیوتی په‌ی بۆ په‌روه‌رده‌ و گه‌شه‌پێدان لەچوارچێوەی پڕِۆژه‌ی چاودێریی و هه‌ڵسه‌نگاندنی كاره‌كانی په‌رله‌مانـی كــوردستان، راپۆرتی یه‌كه‌می خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانی له‌ (6ی تشرینی دووه‌می 2018 بۆ 30ی ئابی 2019) بڵاوكرده‌وه‌.

ئینستتیوتی په‌ی، رایگه‌یاندووه‌: له‌كۆی 19 كۆبوونه‌وه‌ و دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان 33 بڕگه‌ی كار هه‌بووه‌ كه‌ ته‌نیا 31 بڕگه‌ی جێبه‌جێكراوه‌، هه‌روه‌ها له‌ كۆی چوار پێشنیازی یاسایی كه‌ لە په‌رله‌مانی كوردستان پێشكه‌شكرابوون دوو پێشنیاز په‌سه‌ندكراوه‌، 9 بڕیاریشی ده‌ركردوه‌، 10 پێشنیازی یاسایی خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ نه‌كراوه‌.

ئینستتیوتی په‌ی راشیگه‌یاندووه‌: یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌ بنچینه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان، چاودێری كاره‌كانی حكومه‌ته‌، به‌هۆی ململانێی هێزه‌ سیاسییه‌كان و كێشه‌كانی نێوانیانه‌وه‌، په‌رله‌مان له‌ ئه‌ركی چاودێریكردندا هیچ رۆڵێكی نه‌بووه‌ له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا". 

له‌باره‌ی ره‌خنه‌ی فراكسیۆنه‌كان له‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی، مونا قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بێلایه‌نی خۆی پاراستووه‌و به‌یه‌ك چاو سه‌یری سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان ده‌كات، هه‌ر فراكسیۆنیكیش كه‌ پێشنیازی پڕۆژەیاسا ده‌نیرێت، ده‌برێته‌ لیژنه‌ی یاسایی و له‌وێ لیژنه‌كه‌ راپۆرتی خۆی له‌باره‌وه‌ی ئاماده ‌ده‌كات.

وتیشی: "ئێمه‌ هیچ پڕۆژه‌یه‌كمان ره‌تنه‌كردۆته‌وه،‌ به‌ڵكو ناردنی پێشنیازی پڕۆژه‌یاساكان ده‌بێت به‌پێی فلته‌ره‌كان بێت و لیژنه‌ی یاسایی راپۆرتی له‌باره‌وه‌ ئاماده‌ بكات، هه‌روه‌ها هه‌ندێكیش له‌ پێشنیازی پڕۆژه‌كان ره‌هه‌ندی داراییان هه‌یه ‌و بۆ په‌ر‌له‌مان ده‌نێردرێت تاوه‌كو وه‌ڵامی حكومه‌ت نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ ناخرێته‌ به‌رنامه‌ی كاره‌وه‌‌، بۆیه‌ دواكه‌وتنی هه‌ر پێشنیازێك په‌یوه‌ندی به‌ لیژنه‌ی یاسایی و حكومه‌ته‌وه‌‌ هه‌یه‌، نه‌ك سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان".

مونا قه‌هوه‌چی، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: ده‌زانین هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك گرنگی خۆی هه‌یه‌ جا له‌لایه‌ن لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن یاخود ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ پێشكه‌شبكرێت، بۆیه‌ جیاوازی له‌نێوانیاندا ناكه‌ین.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure