"لە رۆژئاوای كوردستان سێ هەزار منداڵ بێ باوك بوون"
هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە :: 347 جار بینراوە
دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
لە رۆژئاوای كوردستان سێ هەزار منداڵ بێ باوك بوون و پڕۆسەی خوێندنیش وەستاوە، ئاوارەكانی شاری (گرێ سپی)ش لەشاری حەسەكە لەخوێندنگەكان بەجۆرێك چوار خێزان لە ژوورێكدا دەژین.
رۆژی 10ی تشرینی دووەمی 2019 شاندی ژنانی باشور بۆ پشتیوانی لە رۆژئاوای كوردستان سەردانی رۆژئاوایان كرد و ئەمشەویش 12ی تشرینی دووەم گەڕانەوە شاری سلێمانی.
رۆشنا جەمیل، ئەندامی شاندەكە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: سەردانی شاندەكەیان بەمەبەستی زانینی دۆخی رۆژئاوا بووەو سەردانی چەند شوێنێكیان كردووە، بەڵام ئەوەی جێی داخ بووە دۆخی ژیانی ئاوارەكانی شاری گرێ سپی بووە لەشاری حەسەكە.
رۆشنا وتی "ئاوارەكان لە خوێندنگەكان دەژین، بەڵام دۆخی ژیانیان زۆر خراپە، بەجۆرێك چوار خێزان لەژوورێكدا دەژیان، پڕۆسەی خویندن وەستاوە، سێ هەزار منداڵ بێ باوك بوون كە ئەوە مەرگەساتێكی گەورەیە".
ناوبراو رەتیكردەوە شەڕ لە رۆژئاوا وەستابێت و وتی "بەداخەوە شەڕ نەوەستاوەو بەرخودان بەردەوامە، خوشك و برایانمان لەبەرەكانی پێشەوە بەرامبەر دوژمن دەجەنگن، تكایە كوردانی باشوور تكایە فریای رۆژئاوا بكەون".
مانگی رابوردوو سوپای توركیا هێرشی ئاسمانی و زەمینی كردەسەر رۆژئاوای كوردستان، بەوهۆیەوە بە سەدان كەس كوژران و برینداربوون و بەسەدانی دیكەشیان ئاوارە بوون.
پێداچوونهوهو بڵاوكردنهوه: ئیحسانی مهلا فوئاد