فه‌رمانده‌یه‌كى باڵاى فیرقه‌ى سوڵتان موراد كوژرا

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 267‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ره‌ڤه‌ند گوهه‌رزى

شه‌رڤانانى هێزەکانی سوریای دیموکرات فه‌رمانده‌یه‌كى باڵاى فیرقه‌ى سوڵتان مورادیان له‌ گونده‌وارى تلته‌مه‌ر كوشت.


بۆزان كه‌رعۆ، به‌رپرسى روانگه‌ى كوردى بۆ زانیارییه‌كان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌مڕۆ سوپاى توركیا و میلیشیاكانى به‌ چه‌كى قورس و به‌ پشتیوانى فڕۆكه‌ى هه‌واڵگرى هێرشیان كرده‌سه‌ر گونده‌واى ناحیه‌ى زرگان و تلته‌مه‌ر.

وتیشى "شه‌رڤانانى هه‌سه‌ده‌ به‌ توندى وه‌ڵامى هێرشه‌كانیان دایه‌وه‌ و له‌ گوندێكى سه‌ر به‌ ناحیه‌ى تلته‌مه‌ر (محه‌مه‌د سادق ئه‌بو ئیبراهیم) فه‌رمانده‌ى باڵاى فیرقه‌ى سوڵتان موراد كه‌ راسته‌وخۆ سه‌ر به‌ سوپاى توركیایه‌ كوژرا و سێ ئۆتۆمبێڵى سه‌ربازى كه‌وتنه‌ به‌رده‌ستى شه‌رڤانان".

پێشتر هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) ئامارى شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانى ئه‌مڕۆی ئاشكراكرد كه‌ له‌ ئه‌نجامى به‌رخودانى شه‌رڤانان شه‌ش میلیشیاى توركیا كوژران و هه‌شتى دیكه‌ برینداروون و 7 شه‌رڤانیش شه‌هیدبوون و 12ى دیكه‌ برینداربوون.

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure