عادل عه‌بدولمه‌هدی په‌یامێكی بڵاوکردەوە

هەواڵ / عێراق :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 4213‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

ئه‌مشه‌و سێشه‌ممه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و به‌ راسته‌وخۆ بۆ خه‌ڵكی عێراق گوازرایه‌وه‌.

عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق وتی "حكومه‌ت لاواز بێت، گه‌نده‌ڵی زیاد ده‌كات و ئێمه‌ ده‌زانین گه‌نده‌ڵی به‌ رێكخراو ئه‌نجامده‌درێت، بۆیه‌ پێویستمان به‌ هه‌ڵمه‌تێكی فراوان هه‌یه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی".

وتیشی "گه‌نده‌ڵی به‌ چه‌ند مانگێك دروست نه‌بووه‌و هی ساڵانی رابوردووه‌ كه‌ڵه‌كه‌ بووه‌".

باسی له‌وه‌شكرد: بێكاری و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری زۆر فراوانه‌و هه‌مووی چه‌ندین ساڵه‌ بوونی هه‌یه‌و كه‌ڵه‌كه‌بووه‌.

وتیشی "له‌ماوه‌ی یه‌ك ساڵی حكومه‌تی نوێدا زۆر ته‌گه‌ره‌ هاته‌ به‌رده‌ممان و نه‌مانتوانی چه‌ندین پۆستی وه‌زاره‌ته‌كان پڕ بكه‌ینه‌وه‌، ئه‌مه‌ش كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ بوو".

باسی له‌وه‌شكرد: له‌م ساڵه‌دا چه‌ندین كێشه‌ رووبه‌ڕووی حكومه‌ت بووه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌رئه‌نجامی ساڵانی رابوردوون، بۆیه‌ پێویسته‌ رووبه‌ڕووی ببینه‌وه‌.

عه‌بدولمه‌هدی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: چه‌ند ده‌ستێك هه‌بوو له‌ پشتی خۆپیشانده‌رانه‌وه‌، وه‌كوو ململانێی شیعه‌و شیعه‌ له‌ ناوخۆیاندا، ده‌ستی هه‌ندێك لایه‌ن و رێكخراو، به‌لام چه‌ند هۆكارێكی دیكه‌ش هه‌بوون.

وتیشی "ئێمه‌ داواكاری خۆپیشانده‌ران له‌ هه‌مواری ده‌ستور و چاكسازی سیستمی هه‌ڵبژاردن و بێكاری تاووتوێ ده‌كه‌ین و كاری جددی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین".

له‌وتاره‌كه‌یدا هه‌روه‌ها پرسیاری ئه‌وه‌ی كرد: ئایا نه‌بوونی متمانه‌ به‌ حكومه‌ت له‌ یه‌ك مانگدا درووست بووه‌؟، نه‌خێر به‌ڵكو كێشه‌كانی ساڵانی رابوردوون و بوونه‌ته‌ هۆكارى نه‌مانی متمانه‌ به‌ حكومه‌ت.

له‌ كۆتایی وته‌كه‌یدا وتی "ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ ئه‌ركه‌كانمان و خزمه‌تكردن، هه‌رچه‌نده‌ رووبه‌ڕووی فشاری گه‌وره‌ بووینه‌ته‌وه‌".
 
ئا: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure