"مه‌ولودخوێن هه‌یه‌ لەم مانگەدا زیاتر لە 20 هەزار دۆلاری ده‌ستده‌كه‌وێت"

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 460‌ جار بینراوە
وێنه‌ی مه‌ولودنامه‌یه‌ك له‌ شاری سنه‌

دواڕۆژ، سەنگین خۆشناو

مانگی مەولود بە خوێندنەوەی مەولود و بۆنه‌ی ئایینی دەستپێدەکات، لە 12ی ڕەبیع الاول تاکو ماوەی یەک مانگ بەردەوام دەبێت، لەم مانگەدا مەولودخوێنان بازاڕیان گەرمدەبێت، بەجۆرێک مەولودخوێن هەیە لەم مانگەدا زیاتر لە 20 هەزار دۆلار کۆدەکاتەوە.


مەلا تائف ئەحمەد، کە یەکێکە لە مەولودخوێنە بەناوبانگەکانی شاری هەولێر بۆ دواڕۆژ دەڵێت "ساڵانە پێش مانگی مەولود تەلەفۆنم بۆ دەکرێت بۆ مەولود خوێندنەوە، بۆیە تەواوی مانگەکە لە مزگەوتەکان و هەندێکیشیان لە ماڵان مەولود دەخوێنمەوە".

دەشڵێت "ئەمساڵ بەرارود بە ساڵی ڕابوردوو خەڵکی زیاتر مەولود دەکەن، بەڵام کارەکە وایلێهاتووە هەرکەسێک کە شارەزایشی نییه‌ دەفێک دەکڕێت و دەستی بە کاری مەولود خوێندنەوە کردووە، کە بە پارەیەکی زۆر کەم بگرە بە 100 هەزار دینار مەولود دەخوێننەوە".

لەبارەی نرخی مەولود دەڵێت مەلا تائف "بەهۆی زۆری و بۆری تیمی نوێ کە زۆر بە نرخی هەرزان مەولود دەخوێننەوەو شارەزایشیان لە کارەکە نییەو مەقاماتەکان نازانن، بۆیە کارەکەیان زۆر خراپ تێکداوە".

مەولودخوێنێکی بەناوبانگی شاری هەولێر کە نەیویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌ بە دواڕۆژی وت "هەموو ساڵێک لەمانگی مەولود لە هەر مەولودێک لە 1000 دۆلار کەمتر وەرناگرم".

ئەو مەولودخوێنە ئاشکراشی کرد: مەولود هەیە زیاتر لە 2000 دۆلارم وەرگرتووە، کۆی مانگەکە نزیکەی 20 هەزار دۆلار کۆدەکەمەوە".

ئاماژەی بەوەشدا: جگە لە مانگی مەولود مانگەکانی دیکەش بەردەوام بۆ بۆنەی هاوسەرگیری و لەدایکبوون و بۆنە ئایینییەکان و لە دیوەخانەکانیش مەولود دەخوێنێتەوە.

ئاشتی عەلی کە لەگەڵ تیمێکی چوار کەسی لە ئاهەنگی بووک گواستنەوە و ئاهەنگە ئایینیەکان مەولود دەخوێننەوە بۆ دواڕۆژ دەڵێت "مانگی مەولود زۆر جیاوازە لەگەڵ مانگەکانی دیکە، بەڕاستی لەو مانگەدا کاری ئێمە زۆر باش دەبێت".

ئاشتی عەلی دەشڵێت "پێش مانگی مەولود هەفتەی مەولودێک یان جاری وایە مانگی مەولودێک دەخوێنینەوە، بەڵام لە مانگی مەولود زۆربەی ڕۆژەکانی هەفتە به‌تایبەت هەفتەی یەکەم مەولودمان هەیە".

ئاشتی عەلی، باس لەوەشدەکات "ئێمە تیمێکی 5 کەسین لە هەر مەولودێک لە 150 بۆ 200 دۆلار وەردەگرین، بەڵام جاری وا هەیە خاوەن مەولودەکە پارەی زیاترمان پێدەدات".

ئاشتی عەلی، باس لە کێبڕکێی نێوان مەولودخوێنان دەکات و دەڵێت "خەڵک هەیە بۆ مەولودێک 1500 دۆلاری وەرگرتووە، هەشە بە 100 هەزار مەولود دەخوێنێتەوە، کارەکە هەڕەمەکییە".

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان نرخی قورئان خوێنانی لە پرسەکان دیاریکردووە کە هەمووان بە یەک نرخ قورئان بخوێنن، کۆمەڵەی قورئان خوێنان کە هەرکەسێکی کە مەولود دەخوێنێتەوە دەبێت ئەندامی ئەوان بێت و سەرقاڵی دانانی میکانیزمێکن بۆ دیاریکردنی نرخی مەولود.

فواد ئەحمەد، سەرۆکی کۆمەڵەی قورئان خوێنانی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف سەرقاڵی دانانی میکانیزمێکی گونجاوین بۆ دیاریکردنی نرخی مەولودخوێندنەوە کە لەڕێگەی ڕاپرسی و مامۆستایانی ئایینی نرخێک دیاریدەکەین و دواتر بە تابلۆ لە هۆڵی بۆنە ئایینیەکان هەڵدەواسرێت.

فواد ئەحمەد، دەشڵێت "ئاگادارین کە زۆربەی ئەوانەی مەولود دەخوێننەوە شارەزایان نییە و ئەندامی کۆمەڵەکەی ئێمە نین، بۆیە بۆ ئەمەش سەرقاڵین کە ئەوەی مەولود دەخوێنێتەوە دەبێت شارەزا و ئەندامی کۆمەڵەی ئێمەش بێت".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure