سەرۆکی پەرلەمان: ئێمە كار ده‌كه‌ین و قسە ناکەین

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 369‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی

دوای ئەوەی ئەمڕۆ سێشەممە 12ی تشرینی دووەمی 2019 دادگای باڵای فیدراڵی چەند مادەیەکی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای فیدراڵی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگه‌یاند "ئێمە لە پەرلەمان ئه‌وه‌ندەی بە ئارامی و سەلیقە كار دەکەین، ئه‌وه‌نده‌ قسە ناکەین، بۆیە ئەوەی کرا بەرهەمی هەوڵەکانی ئێمە بوو".


رێواس فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: پەرلەمانی کوردستان شەرەفی بردنەوەی داوایەکی چارەنووسسازی لە دادگای فیدراڵی، بەرامبەر ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێبڕا، ئێمە بە بردنەوەی ئەو داوایە لەسەر خواستی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم مافی دەنگدانمان بۆ هەزاران کوردستانی لەکەرکوک و خانەقین و شەنگال و مەخمور گەڕاندەوە".

وتیشی "ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان ئه‌وه‌نده‌ی بە ئارامی و سەلیقە كار دەکەین ئه‌وه‌نده‌ قسە ناکەین،  بۆیە بەرهەمی ئەو ئارامی و خۆڕاگریە، شەرەفمەندبوونە بە پێشەنگایەتی داکۆکیکردن لە دۆزی ڕەوای گەلەکەمان، ئەوە ئێمە بووین بەکردەوە سەلماندمان لۆژیکی یاسایی و ئەرگۆمێنتی نێو داواکەی پەرلەمان بەهێزترینە".

ئەمڕۆ سێشەممە 12ی تشرینی دووه‌می 2019 دادگای باڵای فیدراڵی بە بڕیاری ژمارە (103ی فیدراڵی 2019) تانەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی پەسەندکرد، بە هەڵوەشاندنەوەی ماددەکانی 3 و 12 و 16 و 17 لە یاسای فیدراڵی ژمارە (14)ی ساڵی 2019 تایبەت بە هەمواری یەکەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکان ژمارە 12ی ساڵی 2018.

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد
 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure