كه‌یسی به‌هه‌ده‌ردانی پێنج ملیۆن دۆلاره‌كه‌ی هه‌ولێر ده‌گاته دادگا

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 349‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ شێوازی خه‌رجكردنی ئه‌و پێنج ملیۆن دۆلاره‌ی كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ساڵی 2014 دا بۆ هه‌ولێر-ی خه‌رجكردووە، شاندێكی دیوانی چاودێریی دارایی هه‌رێم بانگهێشتی په‌رله‌مان كراون و كه‌یسه‌كه‌یش ره‌وانه‌ی دادگا ده‌كرێت.


حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ساڵی 2014 دا بڕی پێنج ملیۆن دۆلاری بۆ هه‌ولێر خه‌رجكرد كه‌ وه‌ك (پایته‌ختی وڵاتانی عه‌ره‌بی) ناسێندرابوو، به‌ڵام دوای لێكۆڵینه‌وه‌ی لیژنه‌ی ده‌سپاكیی په‌رله‌مانی كوردستان، ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ به‌هه‌ده‌ردان له‌ خه‌رجكردنی ئه‌و پاره‌یه‌ هه‌یه‌، به‌وهۆیه‌وه‌ شاندێكی دیوانی چاودێریی دارایی هه‌رێم بانگهێشتی په‌رله‌مان كراون و كه‌یسه‌كه‌یش ره‌وانه‌ی دادگا كراوه‌.

لیژنه‌ی ده‌سپاكیی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ راگه‌یاندراوێكدا ده‌ڵێت"به‌مه‌به‌ستی به‌رچاوڕوونی و شێوازی خه‌رجكردنی پێنج ملیۆن دۆلاری پایته‌ختی گه‌شتیاری،  لیژنه‌ی ده‌سپاكی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی مه‌ڵبه‌ندی دوو له‌ دیوانی چاودێریی دارایی و به‌ڕێوەبه‌ری یاسایی دیوانی چاودێریی دارایی كۆبوونه‌وه‌".

له‌باره‌ی به‌هه‌ده‌ردانی پاره‌كه‌، لیژنه‌ی ده‌سپاكی دەڵێت"به‌هه‌ده‌ردانێكی زۆر هه‌بووه‌ له‌ شێوازی سه‌رفكردن و سه‌رنجی زۆرمان هه‌یه‌ له‌ ورده‌كاریی راپۆرته‌كه‌، بۆیه‌  بڕیاردراوه‌ به‌دواداچوون بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌رده‌وام بێت و كه‌یسه‌كه‌ بدرێته‌ دادگا و لیژنه‌یش چاوێریی قۆناغه‌كانی كاره‌كانی دادگا بكات".

پ: ل. م
ب: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure