كارەكانی ئەنجامدانی سەرژمێریی سست بوون

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 113‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس عەزیز


بەر لەئەنجامدانی خۆپیشاندانەكان، ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێریی لە عێراق خێرابوون و هەماهەنگیی نێوان لایەنە كوردییەكان و بەغدا بۆ ئەو پڕۆسەیە لە ئاستێكی باشدا بوو، بەڵام لەئێستادا هەنگاوەكان بە سستی بەڕێوەدەچن. ئەندامێكی دەستەی باڵای سەرژمێرییش هۆكارەكەی بۆ خراپیی دۆخی ئێستای عێراق دەگەڕێنێتەوە.

 
مەحمود عوسمان ئەندامی دەستەی باڵای سەرژمێریی لە عێراق، بە دواڕۆژی راگەیاند"بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی، پێشكەوتنی باشمان ئەنجامداوە، بەڵام دروستبوونی خۆپیشاندانەكان كارەكانی سست كردووە و چاوەڕێی هێوربوونەوەی دۆخەكەدەكەین".
وتیشی:"بەهۆی ئەوەی دەزگای ناوەندی ئاماری عێراق و وەزارەتی پلاندانان نزیكن لە خۆپیشاندەران، بۆیە بەشێكی كەمتر لە فەرمانبەران پابەندی دەوامن و ئەمەیش كاریگەریی لەسەر سستبوونی كارەكانمان دروستكردووە. لەگەڵ ئەو دۆخە ناسەقامگیریەیش، ئێمە لە كارەكانمان نەوەستاوین و لەماوەی چەند رۆژی رابوردوودا تیمێكی هاوبەش لە عێراق و هەرێمی كوردستان بە مەبەستی شارەزابوون و ئەنجامدانی راهێنان سەردانی وڵاتی میسڕ-یان كردووە".
لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی سەرژمێریی، ئەندامەكەی دەستەی باڵای سەرژمێریی لە عێراق، دەڵێت:"راستە كێشەمان لەسەر ناوچە جێناكۆكەكان هەیە، بەڵام لەڕێگەی لیژنەكانمانەوە هەوڵی چارەسەری ئەو كێشانە دەدەین و لە داهاتوویشدا شاندی هەردوولا لە بەغدا یان لە هەرێمی كوردستان كۆدەبنەوە".
ماوەی 22 ساڵە سەرژمێریی لە عێراقدا نەكراوە، بەڵام ئێستا لایەنە عێراقییەكان رێككەوتوون كە لە مانگی10ی ساڵی2020دا سەرژمێریی گشتی دانیشتوانی عێراق بكرێت و بڕیاریشە بۆ یەكەمجار پڕۆسەكە بەشێوەی ئەلیكترۆنی ئەنجامبدرێت.

پ: ل. م
ب: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure