بازاڕ پێچەوانە بووەتەوە... هاوڵاتیان پشت لە تازە و روو لە کۆنە دەکەن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 223‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرت: سەنگین خۆشناو


هێشتا هاووڵاتیان و مووچەخۆران گرفتاری درەنگ دابەشکردنی مووچە و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا-ن، ئەمەیش کاریگەریی گەورەی لەسەر خەرجیی هاووڵاتیان و مووچەخۆران دروستکردووە، بەجۆرێک ئێستا لەبریی کڕینی جلوبەرگی نوێ هاووڵاتیان بازاڕی لەنگەیان بوژاندووەتەوە.


ئەم بازاڕە لە هەولێر 2هەزار و 400 دووکانی لەخۆگرتووە کە جگە لە جلوبەرگ بەشێکی زۆری پێداویستییەکانی ماڵانی تێدا دەفرۆشرێن.


بەراورد بە ساڵانی پێش قەیرانی دارایی، رۆژانە فرۆشی هەر دووکاندارێکی لەنگەفرۆش لە 200هەزار دینار تێنەدەپەڕی، بەڵام ئێستا کەمترین فروشی دووکانداران 400هەزار دینارە.
سابیر شاوەیسی كە ماوەی 12 ساڵە جلوبەرگی لەنگە دەفرۆشێت، بۆ دواڕۆژ دەڵێت:"ساڵانێک تا دوو پارچەمان دەفرۆشت دەبوو ماوەیەك وەسفی جلوبەرگەکە بکەین بەڵام سوپاس بۆ خوا ئێستا بازاڕمان باشە و کڕیار زۆربووە. هەرزانی و جۆر و کوالێتی جلوبەرگەکان وایانکردووە خەڵکی روو لە کڕینی جلوبەرگی لەنگە بکەن، چونكە خێزانێک کە دوو-سێ منداڵی هەبێت دەتوانێت لای ئێمە بە 5 بۆ10هەزار دینار جلوبەرگی تەواوی منداڵەکانی بکڕێت، چونکە پارچەمان هەیە بە 250 دینار پارچەیش هەیە دەگاتە 10هەزار دینار بەڵام زۆربەی جلوبەرگەکان هەرزانن".
یادگار سەلیم بازرگانێکی گەورەی هاوردەکردنی جلوبەرگی ئەوروپی یاخود لەنگەیە، بۆ دواڕۆژ وتی:"لەگەڵ دەستپێکی قەیران، هاوردەی جلوبەرگمان زۆر زیادیکرد بەجۆرێک پێش قەیرانەکە مانگی یەک جار چەند تەنێک جلوبەرگمان هاوردە دەکرد، بەڵام ئێستا رۆژانە بارهەڵگرەکان چەندین تەن جلوبەرگ
و کەلوپەلی ناوماڵی لەنگە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکەن".
یادگار دەڵێت:"ئەو جلوبەرگ و کەلوپەلانە لە کەنەدا و ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی و چین و ژاپۆن هاوردە دەکرێن، بەشێکی زۆری کەلوپەلی بەکارنەهاتوویشیان تێدایە کە لەو وڵاتانە مۆدێلیان بەسەرچووە و لێرە رەواجی زۆرە. ئێمە کاتێک جلوبەرگ و کەلوپەلەکان هاوردە دەکەین لێرە پشکنێنیان بۆ دەکەین چونکە زۆر جار زێڕ و پارەمان تێیدا دۆزیوەتەوە".
فەرمان ساڵح فرۆشیارێکی دیکەی لەنگەیە لە بازاڕی بنەسڵاوە، بە دواڕۆژە وت:"ئێمە کاتێک ئەو جلوبەرگانە دەکڕین دەبێ زۆربەیان ئوتوویان بکەین ئەگەر پیسیش بێت دەیشۆین دواتر دەیخەینە بازاڕ، لە هەر فەردەیەک لە نێوان20 بۆ60هەزار دینار قازانج دەکەین".
فاتمە عەلی کە مامۆستایە و خاوەنی سێ منداڵە، بۆ دواڕۆژ دەڵێت:"چەند ساڵێکە جلوبەرگ لە لەنگە دەکڕم چونکە مووچە درەنگ دابەشدەکرێت و بەشم ناکات، هەروەها کرێنشینم و پیاوەکەم کاسبکارە. هەموو ساڵێک جلی هاوینە و زستانە لێرە لە لەنگە دەکڕم. بە هەردوو وەرزەکە بایی 50هەزار جل دەکڕم کە بۆ خۆم و منداڵەکان بەشمان دەكات".

پ: ل. م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure