كه‌ركوك له‌ به‌رده‌م مه‌ترسیه‌كى قورسدایه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 1033‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری
حكومه‌تی عێراق زه‌نگی مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ لێده‌دات له‌سه‌ر كه‌ركوك و كاره‌كته‌ری سیناریۆكه‌ی ئه‌م جاره‌ش چه‌كدارانی گروپی تیرۆریستی داعشه‌.

له‌دوو ساڵی رابوردوو به‌رده‌وام هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مریكییه‌كان هۆشداریان ده‌دایه‌ به‌غدا كه‌ مه‌ترسی چه‌كدارانی داعش له‌سه‌ر كه‌ركوك له‌زیادبووندایه‌ و پێویسته‌ له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ به‌هاوبه‌شی سنوره‌كان به‌ڕێوه‌به‌رن، به‌ڵام هه‌موو جارێك به‌غدا له‌بایه‌خی زانیارییه‌كانی هه‌رێمی له‌باره‌ی مه‌ترسیه‌كانی سه‌ر كه‌ركوك كه‌مده‌كرده‌وه‌، تاوه‌كو دواجار ناچاربوو خۆشی ئه‌و زه‌نگه‌ مه‌ترسیه‌ لێبدات.

مه‌ترسییه‌كه‌ی سه‌ر كه‌ركوك
سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی مه‌ترسییه‌كه‌ی سه‌ر كه‌ركوك له‌بروسكه‌یه‌كی به‌غداوه‌ ده‌ستیپێكرد كه‌ كۆتایی مانگی رابوردوو ئاٌاسته‌ی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی كردو هۆشداریدا له‌جوڵه‌ی چه‌كدارانی داعش له‌باكوری كه‌ركوك كه‌ پلانیان هه‌یه‌ له‌ئه‌گه‌ری كه‌وتنی ناوچه‌ی سه‌وز له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانی به‌غداوه‌ ئه‌و كات دۆخی ناسه‌قامگیرو ئاڵۆزیه‌كان بقۆزنه‌وه‌ بۆ په‌لاماردانی سه‌نته‌ری شاره‌كه‌.

له‌دوای گه‌یشتنی ئه‌و بروسكه‌یه‌ له‌لایه‌ن فٌۆكه‌كانی هاوپه‌یمانانه‌وه‌ مه‌فره‌زه‌یه‌كی داعش له‌بناری چیای كانی دۆمه‌ڵان بۆردومانكرا و سه‌رجه‌میان كوژران كه‌ پێكهاتبوون له‌ شه‌ش چه‌كدار.

له‌چه‌ند رۆژی رابوردویشدا فه‌رمانده‌یی هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق له‌كه‌ركوك ئاشكرایكرد كه‌ سه‌ربازگه‌یه‌كی چه‌كدارانی داعشیان له‌نێوان قه‌زای دوبز و ناحیه‌ی پردێ دۆزیوه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ١١ حه‌شارگه‌ بۆ عه‌مباركردنی خۆراك كه‌ سه‌رجه‌میان خاپوركراون.

هه‌فته‌ی رابوردویش فه‌رمانده‌ی باره‌گای پێشكه‌وتوی هێزه‌ عێراقیه‌كان رێنمایی دایه‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌و په‌ڕی حاڵه‌تی ئاماده‌باشیدابن و چیتر كه‌متەرخه‌م نه‌بن، ته‌نانه‌ت داوایلێكردن رۆژانه‌ چه‌كه‌كانیان  نوێ بكه‌نه‌وه‌ و تاقیبكه‌نه‌وه‌.
له‌ سه‌نته‌ری كه‌ركوكیش به‌ئاشكرا دۆخێكی سه‌ربازی ناسه‌قامگیر ده‌بینرێت كه‌ له‌دوو ساڵی رابوردوودا به‌دینه‌كراوه‌، جگه‌ له‌لیوای ٦١ی تایبه‌تی سه‌رۆك وه‌زیران كه‌ ئه‌ركیان به‌ڕێوه‌بردنی مه‌له‌فی ئه‌منی سه‌نته‌ری شاره‌كه‌یه‌، فه‌وجێكی دژه‌تیرۆر و حه‌شدی شه‌عبیش به‌چه‌كی قورسه‌وه‌ به‌درێژایی سنورو ناوچه‌ عه‌ره‌بییه‌كان و توركمانییه‌كان و شه‌قامی پارێزگا بڵاوه‌یان پێكراوه‌.

هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك وایانلێكده‌دایه‌وه‌ كه‌ بڵاوه‌پێكردنی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كان بۆ رێگریكردنه‌ له‌خۆپیشاندان هاوشێوه‌ی به‌غدا و شاره‌كانی باشوری عێراق به‌ڵام شڵه‌ژان و جوڵه‌ سه‌ربازیه‌كانی ده‌وروبه‌ری كه‌ركوك شتێكی دیكه‌ ده‌ڵێن.

رۆژی ١١ی تشرینی دووه‌م، نهێنی مه‌ترسییه‌كه‌ی سه‌ر كه‌ركوك ئاشكرابوو دوای ئه‌وه‌ی فه‌ریق روكن جومعه‌ عیناد فه‌رمانده‌ی هێزه‌ وشكانییه‌كانی عێراق سه‌ردانی كه‌ركوكی كرد و له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ و ئه‌فسه‌رانی وه‌زاره‌تی به‌رگری و ناوخۆ و حه‌شدی شه‌عبی كۆبوه‌وه‌.

به‌وته‌ی ئاماده‌بووانی كۆبونه‌وه‌كه‌، هۆشداریداوه‌ له‌هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ی چه‌كدارانی داعش له‌سه‌ر كه‌ركوك و داوایكردووه‌ له‌ئاماده‌باشیدابن و رێوشوێنی توند بگرنه‌ به‌ر بۆ شكستپێهێنانی هه‌ر پیلانێك رووبه‌ڕووی شاره‌كه‌ ببێته‌وه‌.

كورد له‌چه‌ند سیناریۆیه‌ك ئاگاداركراوه‌ته‌وه‌
ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى عێراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی كه‌ له‌به‌رهه‌ستیاری بابه‌ته‌كه‌ نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌، دڵه‌ڕاوكێ و مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر كه‌ركوكی پشتراستكرده‌وه‌و به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌به‌غدا له‌چوارچێوه‌ی كۆبونه‌وه‌یه‌كیاندا له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌یه‌كی كورد به‌ئاشكرا پێیانی راگه‌یاندووه‌ كه‌ چه‌ند سیناریۆیه‌ك داڕێژراوه‌ بۆ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر نه‌وتی پارێزگای كه‌ركوك و نه‌ینه‌وا.
وتیشی:" ئه‌مریكا هه‌وڵده‌دات ده‌ستبگرێت به‌سه‌ر نه‌وتی كه‌ركوكدا له‌كاتێكدا زیاتر له‌دوو ساڵه‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق گرێبه‌ستێكی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای پتڕۆڵ پترشیۆمى بریتانی ئه‌نجامداوه‌ بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و په‌ره‌پێدانی نه‌وتی كه‌ركوك.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ئه‌مریكا بۆ ده‌رهێنانی نه‌وتی كه‌ركوك له‌ژێر ده‌ستی بریتانیا هه‌روا به‌ئاسانی ناكرێت بۆیه‌ پێویسته‌ ئاماده‌ی سیناریۆو گه‌له‌كۆمه‌یه‌كی دیكه‌ بین له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌.

 داعش له‌چوارده‌وری كه‌ركوكه‌؛
تاوه‌كو پێش رووداوه‌كان تشرینى یه‌كه‌مى ساڵی ٢٠١٧ چه‌كدارانی داعش به‌ته‌نها له‌سنوری باشوری كه‌ركوك گۆشه‌گیركرابوون، به‌ڵام له‌ئێستادا زانیارییه‌ هه‌واڵگریه‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ جوڵه‌یان كردوه‌ به‌ره‌و باكوری پارێزگاكه‌و له‌ناوچه‌ی ساڵه‌ییه‌وه‌ په‌ڕیونه‌ته‌وه‌ ناوچه‌ی شوان به‌وه‌ش رێگه‌ی كه‌ركوك هه‌ولێر گه‌وره‌ترین مه‌ترسی كه‌وتوه‌ته‌ سه‌ر، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان راسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتی ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی باكوری شاره‌كه‌ بكات كه‌به‌پێی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی ژێر ده‌ستیان كه‌وتووه‌ پێناچێت دۆخه‌كه‌ وه‌ها به‌ئارامی بمێنێته‌وه‌.

واده‌كه‌ی جێگه‌ی پرسیاره‌
له‌كاتێكدا خۆپیشاندانه‌كانی به‌غدا دژی حكومه‌تی عێراق و دۆخه‌ سیاسییه‌كه‌ گه‌یشتوه‌ته‌ ترۆپك و هه‌مووان بۆ ده‌رچه‌یه‌ك ده‌گه‌ڕێن تاوه‌كو خۆیان له‌دۆخه‌كه‌ ده‌ربازبكه‌ن، لایه‌نه‌ سه‌ربازییه‌كان به‌قورسی هاتونه‌ته‌ سه‌ر هێڵ له‌باره‌ی دۆخی مه‌ترسیداری كه‌ركوكه‌وه‌ و سه‌ردانی راسته‌وخۆ فه‌رمانده‌ی هێزه‌ وشكانییه‌كانیش بۆ شاره‌كه‌ ئاوه‌نده‌ی دیكه‌ دۆخه‌ خراپه‌كه‌ی رونكرده‌وه‌.
چاودێرانی سیاسیش پێیان وایه‌ هه‌ر سیناریۆیه‌ك دژی كه‌ركوك ئه‌نجامبدرێت گومانی تێدانییه‌ بۆ لابردنی تیشك و بایه‌خی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌ له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كانی به‌غدا.
 پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure