دادوه‌رانى مانگرتووى گه‌رمیان پێنج خاڵ ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م رای گشتى

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 308‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
 ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 12ى تشرینى دووه‌مى 2019 دادوه‌رانى مانگرتووى گه‌رمیان له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا پێنج خاڵیان خسته‌ به‌رده‌م راى گشتى سه‌باره‌ت به‌ داواكارییه‌كانیان بۆ كۆتایی هێنان بۆ مانگرتنه‌كه‌یان.  

ده‌قى به‌یاننامه‌كه‌:
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

بەیاننامەی دادوەران و ئەندامانی داواکاری گشتی مانگرتوو لەگەرمیان بۆ جەماوەرو ڕای گشتی هەرێمی کوردستان.

وا بۆ هەفتەیەکە کۆمەڵێک لە دادوەرو ئەندامانی داواکاری گشتی لەژێر ئەم خێمەیە و لەئەزموونێکی نەوعی بێ پێشینە، بڕیاری مانگرتنمان داوە، هۆکارەکەشمان ڕوون کردەوە بۆ ڕای گشتی کەئێمە کۆمەڵێک گرفتمان لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی گەرمیان هەیە، پێشتر هەوڵەکانمان بۆ چارەسەر بەبنبەست گەیشتن وەداواکاریەکانمان لە پرسینەوە لەگەڵیدا بەوە گەیشت کەئێمەی سکاڵاکار بووین بەتاوانبارو سزامان بۆ دەرچوو لەلایەن ئەنجوومەنی دادوەری یەوە، ئێمەش کەدڵنیابووین لە ڕەوایەتی داواکانمان ئەو بڕیاڕەمان بەنایاسایی زانى، بۆیە ڕەتمان کردەوە، لەبەرئەوەی هەموو ڕیگاکانمان لە پێشدا داخرابوون بۆیە ئەم بڕیارەمان دا، وە بێ دەنگ بوون لە ئاست ئەو ستەم و نادادیە بە جۆرێک لە ناڕەوایەتیی دەزانیین و لەگەڵ پیشەی دادوەرێتیمان یەک ناگرێتەوە، هەر بۆیە لەبەر بێ ئومێدیمان لە ئەنجومەنی دادوەری داوامان ئاڕاستەی پەرلەمان و حکومەت و دادگای پێداچوونەوەکرد بە پێکهێنانی لێژنەیەک بۆ لێکۆلینەوە لەڕەوشی دادوەری ئەم سنوورە.

لێرەدا بەپێویستی دەزانیین سوپاسی سەرۆکایەتی و ئەندامانی پەرلەمان بکەین بۆ بەدەنگەوەهاتن و پشتیوانی کردن و تەبەنی کردنی داواکانمان هەر لەسەردانیکردن و پەیوەندی گرتن و لێدوان بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن،  هه‌روەها بڕیاری پێکهێنانی لێژنەیەک بۆ لێکۆلینەوە لە ڕەوشی دادوەری سنووری گەرمیان کە داواکاری سەرەکی ئێمەیە. هەروەها سوپاسی میدیاکاران و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەکەین بۆ ڕووماڵکردن و گەیاندنی دەنگمان بە جەماوەرو ڕای گشتی، هەروەها سوپاسی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و سەرجەم چین و توێژەکانی دەڤەری گەرمیان دەکەین بۆ پاڵپشتی و پشتگیریمان، به‌تایبه‌تى كه‌سوكارى ئه‌نفال و بنه‌ماڵه‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان، هەروەها بۆکۆمەڵیک لە پارێزەران و یاساناسانی دڤەری سلێمانی و هەولێرو بادینان کە پشتیوان و هاوخەممان بوون.

ئێمە دڵنیاین ئەم داخوازیانەی ئێمە لە چاکسازی داخوازی زۆرێک لەهاوپیشەکانمانە، بەڵام لەبەر هەرهۆکارێک بێ نەیانتوانیوە دەنگی ناڕەزایەتی بەرزبکەنەوە و ئەو بارودۆخەیان قبووڵ کردووە. لێرەدا بەپێویستی دەزانیین جەخت لەسەر داواکاریەکانمان بکەینەوە بەم خاڵانەی خوارەوە :

١_ ئەکتیڤ کردنی ڕۆڵی داواکاری گشتی لەچاودێری ودژایەتیکردنی گەندەڵیی و پاراستنی ماڵ وسامانی گشتی، وە هەموارکردنەوەی یاسای داواکاری گشتی کەبە زەروورەتێکی هەنووکەیی دەزانیین وە جێگای دڵخۆشیە ئێستا پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کردوەو پەلەبکرێت لە هەموارکردنەوەیاساکە لەماوەی (۳) سێ مانگی داهاتوو.

٢_ هەموارکردنەوەی یاسای دەسەڵاتی دادوەری ژمارە (۲۳) ساڵی ۲۰۰۷ى هەرێمی کوردستان.

٣_ دەرکردنی یاسای دەستەی سەرپەرشتیارانی دادوەری لەهەرێمی کوردستان، کە تائێستا بەپێی یاسای دەسەڵاتی دادوەری یاسای بۆ دەرنەکراوە کە کەلێنێکی یاسایی گەورەیە لەنەبوونی چاودێریکرنی کاری دادوەری لە هەرێمی کوردستان.

٤_چاکسازی کردن و بەدامەزراوەکردنی سیتسمی دادوەری و دوورخستنەوەی دەستی حیزب و سەربەخۆیی دادگاکان.

٥_هەڵوەشاندنەوەی دەست بەجێی بڕیاری سزادانمان کەلەلایەن ئەنجوومەنی دادوەری یەوە دەرکراون بەگواستنەوەی دادوەرانیشەوە، چونکە بەنایاساییان دەزانیین وەپشتی بەڕاپۆرتی لێژنە نەبەستووە کەبڕیاڕبووە درووست بکرێ، تەنها کەسێک ڕاپۆرتەکەی نووسیوەو وبێ لایەنی نەپاراستووە وە لەبەرژەوەندی سەرۆکی دادگای گەرمیان نووسیویەتی وەتۆمەتی نابەجێ وناهەقی داوەتە پاڵمان. هه‌روه‌ها ڕێگری کردن لە خراپ بەکارهینانی دەسەڵات و دووبارەسزادانی نایاسایی دادوەران و داواکارانی گشتی له‌ ژێرناوی بەرژەوەندی گشتییدا، له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانیان.

لەم پرۆسەیەدا ئومێد دەکەین توانیبێتمان بەم مانگرتنەمان کەجۆریکە لە خەباتی شارستانی و مەدەنی پەیامێک بدەین بەڕای گشتی و جەماوەر کە چاکسازی لە بواری دادوەری کەمتر نییە لە بوارەکانی تر بەڵکو لە هەموو بوارەکانی تر گرنگترە، بەبێ سەروەر بوونی یاساو کاراکردنی ڕۆڵی داواکاری گشتی وە ڕێکخستنی سیستمی دادوەری،مەحاڵەو ناتوانیین هەنگاو بنێین بۆ چاکسازی لە بوارەکانی تر.

جا بۆیە لەبەر ناسکی رەوشی ئەمنی وسیاسی لە عێراق و پێدانی بوار بەلیژنەکەی پەرلەمان و هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردن کە لەئارادایە وەلەبەر بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیان بۆ ڕاییکردنی کارەکانیان، لەئەمڕۆوە بڕیاری هەڵپەساردنی مانگرتنمان دەدەین وە دەچینەوە بۆ سەر کارو پیشەمان بەشێوەیەکی کاتی و بەئومێدی چارەسەری کۆتایی گرفتەکان، بەڵام دڵنیاتان دەکەینەوە کە ئێمە بەردەوام دەبیین لەهەوڵەکانمان بۆ چاکسازی وەبێ دەنگ نابیین لەئاست پێشێل کردنی یاسا لەلایەن هەرکەسێکەوە بێت، هه‌روه‌ك هاوکارێکی باشی حکوومەت و پەرلەمان دەبیین لە پرۆسەی چاکسازی کە داواکارین سێکتەری دادوەریش بگرێتەوە.، وە ئێمە سەرەڕای کۆمەڵێک تێبینیمان لەسەر دەسەڵاتی دادوەری لەهەرێمی کوردستان، بەڵام بەمەرجەعی خۆمانی دەزانیین و، ڕێز لەسەرجەم دام و دەزگاکان دەگرین و مەبەستمان شکاندنی شکۆی هیچ لایەک و دامەزراوەیەک نیە، وە ڕەخنەکانمان ڕەخنەی بونیادنەرن نەک ڕووخێنەر وەناشکرێ دادوەران تەنها لەبەر ڕەخنە و هه‌ڵوێسته‌كانیان تووشی هەڕەشەو سزاو ڕێککاری یاسایی ببن و بێدەنگی هەڵبژێرن.

بۆیە ئومێد دەکەین هەوڵەکان دەرئەنجامی باشیان هەبێت، ئیرادەی جدی هەبێ بۆ چارەسەری گرفتەکان و، بەرژەوەندی گشتی هەموومان کۆبکاتەوە، هه‌روەها سەروەری یاساو چاکسازی وخزمەتی هاوڵاتیان و پاراستنی ئەزموونەکەمان ئامانجی سەرەکیمان بێ و کوردستانمان ئاوەدان بێ..

دادوەران و داواکارانی گشتی مانگرتوو

٢٠١٩/١١/١٢
پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure