سه‌در هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئه‌مریكا ده‌كات

هەواڵ / عێراق :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 354‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا

موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكى ره‌وتى سه‌در، له‌ دواین به‌یاننامه‌یدا كه‌ ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 11ى تشرینى دووه‌مى 2019 بڵاویكردووەته‌وه‌، هه‌ڕه‌شه‌ى توند له‌ ئه‌مریكا ده‌كات.


له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا موقته‌دا سه‌در ده‌ڵێت: "جارێكى تر ئه‌مریكا نیشانیدا ده‌ست له‌كاروبارى عێراق وه‌رده‌دات، عێراق عێراقى گه‌له‌، هه‌ر گه‌ل بڕیارى چاره‌نووسى خۆى ده‌دات، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر بزانین داگیركاره‌كه‌ى گه‌نده‌ڵكاره‌كانى بۆ هێناوه‌ و به‌سه‌ر ملى خه‌ڵكى عێراقدا سه‌پاندوویه‌تى" داواش ده‌كات ئینته‌رنێت قه‌ده‌غه‌ نه‌كرێت، له‌كاتێكدا خۆى كۆنترۆڵى گه‌وره‌ترین تۆڕى ئینته‌رنێتى كردووه‌.

جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌: به‌سه‌ ئیتر ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروبارى عێراق، عێراقى گه‌وره‌ى خۆى هه‌یه‌، ده‌توانن پارێزگارى لێبكه‌ن، پێویستى به‌ ده‌ستوه‌ردانى ئێوه‌ و هاوشێوه‌كانتان نییه‌.

سه‌در له‌ به‌یاننامه‌كه‌یدا ده‌شڵێت: "ئێمه‌ پێشتر داواى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌ختمان كردووه‌، به‌ڵام به‌سه‌رپه‌رشتى ئه‌مریكا بێت بێده‌نگ نابین، رێگه‌ش ناده‌ین ئه‌مریكا سوارى شه‌پۆله‌كه‌ بێت و عێراق بكاته‌ سوریا یان گۆڕه‌پانى ململانێى ترى.

موقته‌دا سه‌در هۆشدارى ده‌دات: ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا جارێكى تر ده‌ستوه‌ردان بكات، ئه‌وه‌ كۆتایى بوونییه‌تى له‌ڕێگه‌ى خۆپیشاندانێكى ملیۆنى توڕه‌وه‌ به‌ فه‌رمانى راسته‌وخۆى خۆم.

سه‌در داواى چوونه‌ده‌ره‌وه‌ى بێگانه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت: "به‌غدا ئازاده‌ ئازاد، بێگانه‌كان بڕۆنه‌ده‌ره‌وه‌".

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure