ئایندەی درۆكردن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 344‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

 

زوربەی توێژینەوەكان دەریدەخەن كە ئێمە هەموومان لانی كەم رۆژانە یەك دوو درۆ دەكەین. خراپترین جۆری درۆ ئەوەیە كە درۆ بكەیت و بڵێیت درۆ ناكەم.


بەسەرهاتی دیۆجینی فەیلەسوف لای زۆر كەسمان چیرۆكێكی بیستراوە كە ئەم كابرایە بە رۆژی نیوەڕۆ چرایەكی پێ‌ بووە و ئەزانن بەدوای چیدا گەڕاوە؟ بەدوای یەك كەسی راستگۆدا. ئەم كەسایەتییەی یۆنانی كۆن بەو داخەوە سەرینایەوە.
لە خۆرهەڵاتیش كۆنفۆشیۆسمان هەیە كە راستیی و راستگۆیی لێ‌ بووبووە مەراق. لەم سەردەمەشدا گەشەكردنی هۆكارەكانی پەیوەندیكردنی مرۆڤ بەیەكترییەوە لەڕێی ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە كاریگەریی راستەوخۆی دروست كردووە لەسەر جۆر و بڕی فێڵ و درۆ.
درۆ باوەكانی ئەمڕۆ زۆرن: ببوورە وەڵامم نەدایتەوە چونكە پاتریەكەم شەحنی تیانەمابوو، خستبوومە سەر سایلەنت، خەتی ترم لەگەڵدا بوو، و تادوایی.
بۆچی مەسەلەكە وایلێهاتووە؟ وەڵامەكە سادەیە چونكە ئێستا پەیوەندیكردن زۆر ئاسان بووە لە سەرتاسەری جیهاندا. تۆ تەنیا ئەگەر هەر ژمارەی مۆبایلەكەی كەسێك بزانیت دەرفەتی ئەوەت هەیە 24 كاتژمێر قسەی لەگەڵدا بكەیت. ئەمەش بەرامبەرەكەت بێزار دەكات و رەنگە ژیانی تایبەتیشی تێكبچێت. بۆیە بە ناچار بە درۆیەك وەڵامت ناداتەوە. كەواتە درۆی ئێستا بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی جیاكەرەوەیە.
درۆكەش زۆرجار سەردەگرێت، چونكە كە تۆ پەیوەندی پێوە دەكەیت نازانیت لە كوێم و چی دەكەم و كێم لەگەڵدایە. درۆكردنەكەش بۆ ئەوەیە كە تێی بگەیەنیت ناتەوێت ئەو كەسە لەكیس بچێت و هێشتا پەیوەندییەكەی بەلاتەوە گرنگە بەڵام لەو كاتەدا نەتویستووە قسەی لەگەڵدا بكەیت.
ئینتەرنێنت دەرفەتی درۆكردن و فێڵ و چەواشەكاریی لە بوارەكانی تریشدا زیاتر كردووە. ئەمە وامان لێدەكات بڵێین ئینتەرنێت مرۆڤی كردووە بە رەگەزێكی فێڵباز. 
لەڕاستیدا سەرەڕای هەموو ئەمانەش چەندین توێژینەوە لەسەر ئاستی جیاواز سەلماندویانە كە پەیوەندییە ئاساییەكانی ئێمە لەگەڵ هاوڕێ‌ و كەسوكار و هاوكار و دۆست و ناسیاوەكانماندا لەڕێی ئیمەیڵەوە راستگۆترین جۆری پەیوەندی بووە. بەڵام بە پێچەوانەوە مۆبایل و گفتوگۆی تەلەفۆنی زۆرترین درۆی پێدەكرێت.
سەبارەت بە سیڤی و كورتەی ژیاننامەكانیش كە خەڵك بۆ بەدەستهێنانی كار و پیشەیەك پێشكەشی دەكەن دەركەوتووە رێژەیەكی زۆری ئەو سیڤییانە راستن. 
بوارێكی تری درۆكردن دڵداریی ئەلیكترۆنییە. زۆر بە ئاسانی كەسەكان زانیاریی درۆ دەگەیەنن بە بەرامبەرەكانیان دەربارەی هەموو رەهەندێكی خۆیان هەر لە شێوە و شوێنی نیشتەجێبوونەوە هەتا تەمەن و پیشە و باری كۆمەڵایەتیش. بەڵام درۆ كردنەكانیش كاتێك كە پەیوەندییەكە دەگاتە ئاستێكی بەرزتر گۆڕانی بەسەردا دێت و زیاتر و زیاتر زانیارییەكان لە راستی نزیك دەبنەوە. بەڵام رەنگە باوەڕ نەكەیت گەر پێت بڵێین پەیوەندییە ئەلیكترۆنیی و تەكنەلۆجییەكان راستگۆترن لە پەیوەندیی رووبەڕوو.
بۆ تێگەیشتنی ئەمە پێویستە بزانین ئێمەی مرۆڤ زۆر زیرەك نین لە دەستنیشانكردنی درۆ و درۆزندا. تەنانەت ئەو ئامێرانەش كە بۆ دۆزینەوەی درۆ دروستكراون، رێژەی سەركەوتنیان كەمترە لە نیوە. لە زۆربەی كەلتوورەكاندا دەگوترێت كە چاو ئاوێنەی رۆحە و ئەگەر ویستت بزانیت كەسێك درۆ دەكات یان نا تەماشای چاوی بكە. بەڵام توێژینەوە زانستییەكان لە پەنجا ساڵی رابوردوودا پێمان دەڵێن هیچ ئاماژەیەك لە ئارادا نییە كە بڕوا پێكراو بێت بۆ دەستنیشانكردنی فێڵ و درۆ. رەنگە لە هەندێك حاڵەتدا چاوی درۆزنەكە یان تۆنی دەنگی یان جووڵەكانی جەستەی چەند ئاماژەیەك نیشان بدەن، بەڵام مەرج نییە هەموو كاتێك و بۆ هەموو كەسێك راست بێت.
مەسەلەیەكی دیكە ئەوەیە كە مەرج نییە من درۆت لەگەڵدا بكەم تەنیا لەبەر ئەوەی كە تۆ نامبینیت. مرۆڤ پێویستە هۆكارێكی هەبێت بۆ درۆ كردن؛ خۆی بپارێزێت، دەستكەوتێكی پێ‌ بگات یان سوودێك بە كەسێكی دیكە بگەیەنێت. دیارە هەندێك كەس هەن نەخۆشیی درۆكردنیان هەیە بەڵام ئەمانە ژمارەیان لەناو دانیشتوواندا زۆر كەمە. بەكورتییەكەی ئەگەر بەرامبەرەكەت تۆ نەبینێت مانای وانییە ئیلاو بیلا تۆ درۆ دەكەیت.
زاناكانی زمان دەڵێن 50 هەزار ساڵ تا 100 هەزار ساڵ لەمەوپێش مرۆڤ فێری قسەكردن بووە. قسەكردنیش بەردەوام گەشەی بەسەردا هاتووە و رۆژ بەرۆژ پێشكەوتنی زیاتری بەخۆوە دیوە. نووسین نزیكەی 5 هەزار ساڵە پەیدا بووە، واتە پێش ئەوەی نووسین بێتە ئاراوە مرۆڤ هەرچییەكی وتووە فەوتاوە و نەماوە. نەك هەر ئەوە بەڵكو  تەنیا 500 ساڵە چاپەمەنیی داهاتووە و وتار و نووسین و قسەكان تۆمار كراون. زیادەڕۆیی ناكەین ئەگەر بڵێین لە دوو هەزارەی رابوردوودا زوربەی هەرە زۆری قسەكان فەوتاون.
بەڵام لەسەردەمی ئەمڕۆماندا كە سەردەمیی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانە تۆماركردن بووەتە شتێكی باو و دەتوانین بڵێین هەر لەم ماوەیەدا هێندەی هەموو مێژووی مرۆڤایەتی كۆن بابەتمان تۆمار كردووە. پێشكەوتنەكە بەجۆرێك كە لە ئایندەیەكی نزیكدا نەك هەر قسەكانمان بەڵكو هەموو كردارەكانیشمان تۆمار دەكرێت. ئەمە بەشێوەیەك لە شێوەكان پێمان دەڵێت پێشووتر بێشومار درۆ هەبوون كە تۆمار نەكراون و فەوتاون. بەڵام ئێستا چونكە هەموو شتێك تۆمار دەكرێت دەتوانین هەموو جۆرە درۆكان ببینین.
گومانی تێدا نییە درۆ كردن لەسەر ئینتەرنێت بۆی هەیە زۆر ترسناك بێت. هەم بۆ خوودی خۆت چونكە وەك بەڵگەیەكی تۆماركراو لەسەرت دەمێنێتەوە هەم بۆ ئەو كەسەی كە درۆكەشی بۆ دەكەیت. بەڵام بۆ ئاسانكردنی بابەتەكە و لە پێناوی بەڕێوەچوونی ژیانی رۆژانەماندا بەشێوەیەكی ئاسایی باشتر وایە بگەڕێینەوە بۆ دیۆجین و كۆنفۆشیۆس، كە گرنگترین خاڵ بەلایانەوە ئەوەیە مرۆڤ بۆ خوودی خۆی راستگۆ بێت. پێش ئەوەی هەر شتێك بڵێیت یان هەر شتێك بكەیت بیربكەرەوە بزانە ئایا دەتەوێت ئەو شتە ببێت بە بەشێك لە كەلەپووری تۆ و لە دۆسییەكەی تۆ؟ چونكە لەم سەردەمە دیجیتاڵییەی كە ئێمەی تێدا دەژین هەموومان دۆسییەیەك جێ‌دەهێڵین.

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure