نەوت بە لێشاو بەرهەم دەهێنرێت

هەواڵ / ئابوری :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 432‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

شانبەشانی كەمبوونەوەی داخوازیی لەسەر نەوت لە جیهاندا بەرهەمهێنانی بۆ یەكەمجار لە چەند وڵاتێكدا دەگاتە ئاستی هەناردەكردن كە پێشتر بەرهەمهێنی گەورەی نەوت نەبوو. بەڕازیل و كەنەدا و نەرویج و گیانا.پێشبینی دەكرێت لە ساڵی ئایندەدا رۆژانە یەك ملیۆن بەرمیل نەوت بخەنە بازاڕەوە، و ساڵی دواتر ببێتە دوو ملیۆن بەرمیل. ئەمە لەكاتێكدا كە حاڵی حازر رۆژانە 80 ملیۆن بەرمیل لە جیهاندا بەرهەم دێت. 
ئەم زۆربوونی بەرهەمهێنانە لەكاتێكدا كە جیهانی لە هەوڵدایە رێگریی بكات لە گەرمبوونی ئاووهەوا و رێكاریی تازە بدۆزێتەوە بۆ دابینكردنی سووتەمەنیی پاك پێشبینی ئەوەیان لێدەكرێت كە نرخی نەوت بەشێوەیەكی بەرچاو داببەزێت. هەر لەبەر ئەمەشە سعودییە ئارامكۆی خستە بازاڕی پشكەكانەوە. دابەزینی نرخی نەوت زیان بە كۆمپانیای ئارامكۆ و زۆرێك لە كۆمپانیاكانی تری بەرهەمهێنی نەوت دەگەیەنێت، سەرئەنجام داهاتی ئەو وڵاتانە دادەبەزێت. لەسەرێكی دیكەوە رەنگە دابەزینی نرخی پیترۆڵ پڕۆسەی بەرهەمهێنان و بەكارهێنانی ئوتومبیلی كارەبایی خاوتر بكاتەوە.
خاڵی سەرنج راكێش لە سروشتی ئەو چوار وڵاتەی ئاماژەمان بۆكرد سەقامگیرییانە لەڕووی سیاسییەوە بە پێچەوانەی وڵاتانی وەك ڤەنزوێلا و ئێران و لیبیا و ناوچەی كەنداو.
سەقامگیر نەبوونی نرخی نەوت و دابەزینی نرخەكەی بەشێوەیەكی بەرچاو لەدوای ساڵی (2009)وە كۆمپانیا ئەمریكییەكانی بواری نەوتیان ناچار كردووە سەرمایەگوزاریكردن كەم بكەنەوە لە پڕۆسەی پشكنین و بەرهەمهێنانی نەوتدا و پێشبینی دەكرێت زیاتر و زیاتر ئەو كۆمپانیایانە خۆبەدوور بگرن لە گەڕان و پشكنین و پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتدا. قەیرانەكە چەند بەرامبەری ئێستای لێدێت ئەگەر بەشێوەیەك لە شێوەكان تاران و واشینتۆن بگەنە رێككەوتن.
لەسەر ئاستی ویلایەتە یەكگرتووەكانیش پێشبینی دەكرێت ساڵی داهاتوو ئەو وڵاتە رۆژانە 3.3 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت، كە ئێستا 2.8 ملیۆن بەرمیلە لە رۆژێكدا. كە سەرئەنجام دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی پڕۆسەكانی گەڕان و پشكنین بەدوای نەوتدا و دوور نییە چەندین كۆمپانیای بواری نەوت سەرمایەكانیان لەدەست نەدەن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure