چەندین ملیار دینار پارەی قەرزی بچووك لای حكومەتی هەرێمە

هەواڵ / ئابوری :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 331‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بڕیار محەمەد

حكومەتی هەرێم زیاتر لە 39 ملیار دیناری لە پارەی قەرزی بچووك لە بانك بەكارهێناوە، وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی-یش كار بۆ هەمواركردنەوەی رێنمایەكانی پرۆژەی قەرزی بچووك دەكات .

كوێستان محەمەد وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، دەڵێت:"یەكێك لە قەیران و كێشە گەورەكان بێكارییە و دەمانەوێت بۆ كەمكردنەوەی رێژەی بێكاریی دووبارە دەست بە پێدانی قەرزی بچووك بە گەنجان بكەین، بۆ ئەم بابەتەیش داواكاریمان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە".

وەزیری كار وتی:"زیاتر لە ٣٩ ملیار دینار پارەی قەرزی بچووك كە لە سندوقی پشتیوانیی پرۆژە بچووكەكانی لاوان-دا بووە، بەهۆی قەیرانی داراییەوە، لەلایەن حكومەتەوە بەكارهێنراوە".

ئارام ئەنوەر بەڕێوەبەری سندوقی پشتیوانی پرۆژە بچووكەكانی لاوان-یش دەڵێت: "بۆ دەستپێكردنەوەی قەرزی بچووك، یەكەم هەنگاومان هەمواركردنەوەی ئەو رێنماییانەیە كە لە ساڵانی پێشوودا قەرزی بچووكمان پێ دابەش كردبوو، بۆ ئەم مەبەستەیش راو و سەرنج و تێبینیی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان و شارەزایان و پسپۆڕان وەردەگرین .ئێمە لە هەوڵی ئەوەداین لە ئایندەیەكی نزیكدا دەست بە پێدانی قەرزی بچووك بكەینەوە، ئەمەیش پاڵپشت بەو داهاتەی كە رۆژانە لە سوودمەندبوانی قەرزەكەوە بۆمان دەگەڕێتەوە".

ئارام ئەنوەر وتی: "بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە، هاوشێوەی پرۆژە مامناوەند و گەورەكان20% بۆ25%ی پرۆژەكانی قەرزی بچووكیش هەرەسیان هێناوە، بەڵام ئێمە بەردەوامییان پێدەدەین بۆئەوەی رێژەی پرۆژەی بچووك زیاتر بكەین و هەلی كاری زیاتر بڕەخسێنین".

لە پرۆژەی سندوقی پشتیوانی پرۆژە بچووكەكانی لاواندا، 8 هەزار و 136 كەس سوودمەند بوون و بەبڕی 76ملیار و 831 ملیۆن و400 هەزار دینار پرۆژەی جیاجیان دروستكردووە، بڕی پارەی گەڕاوەیش 39 ملیار و421 ملیۆن و 364 هەزار دینارە كە حكومەتی هەرێم لە قەیرانی داراییدا ئەو پارەیەی بەكارهێناوە.

پ: ل. م
ب: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure