هەزاران كورد له‌ زیندانه‌كانی عه‌فرین دان

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 170‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بورهان یه‌حیا


ئه‌ندامێكی رێكخراوی مافی مرۆڤ له‌ خۆرئاوای كوردستان، ئاشكرای دەكات"دوای داگیركردنی عه‌فرین له‌لایه‌ن سوپای توركیا و ملیشیاكانییەوە هه‌تا ئێستا، نێزیكه‌ی 3هەزار و 600 كه‌س ده‌ستگیركراون و له‌ زیندانن".

مسته‌فا شێخۆ ئه‌ندامی رێكخراوی مافی مرۆڤ له‌ عه‌فرین، بۆ‌ دواڕۆژ وتی:"هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای داگیركردنی عه‌فرین-ەوە و هه‌تا ئێستاش هه‌موو جۆرە فشارێك بۆ ده‌ركردن و كپكردنی ده‌نگی كوردان ئه‌نجام ده‌درێت و به‌ گوێره‌ی كۆتا داتاكان هه‌تا ئێستا 3600 كورد، كه‌ هاووڵاتی سڤیل و كه‌سایه‌تی سیاسی و بازرگانین، له‌لایه‌ن توركیا و ملیشیاكانیه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراون و له‌ زینداندان".
شێخۆ وتی:"گرنگترین و گه‌وره‌ترین زیندانه‌كان كه‌ ئه‌م كوردانه‌ لێی راگیراون، زیندانی مه‌عسه‌ر-ی ناوچه‌ی عه‌زاز و زیندانی میعرات-ی‌ سه‌ر رێگای سه‌ره‌كیی عه‌فرین-ه‌ كه‌ پڕن له‌ كورد و به‌ به‌رده‌وامی ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌درێن، بەجۆرێك هه‌تا ئێستا 33 هاووڵاتی كورد له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ی هێزه‌كانی توركیا و ملیشیاكانیدا له‌ زیندان شه‌هیدكراون".
مسته‌فا شێخۆ دەڵێت:"گروپه‌ چه‌كداره‌كان به‌ به‌رده‌وامی بۆ ده‌ستكه‌وتی پاره‌، هاووڵاتییان ده‌ڕ‌فێنن و بۆ ئازادكردنیان داوای پاره‌ له‌ كه‌سوكاریان ده‌كه‌ن، یان هه‌ڕشه‌ی ده‌ركردنی هاووڵاتیاین له‌ ماڵه‌كانیان ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر پاره‌یان نه‌ده‌نێ‌".

پ: ل. م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure