ئه‌مڕۆ رۆژی جیهانیی سینگڵه‌كانه‌

هەواڵ / جیهان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 229‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جه‌مال
ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 11/11) رۆژی جیهانیی سینگڵه‌كانه‌، واته‌ رۆژی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ نه‌چوونه‌ته‌ ژیانی هاوسه‌رگیرییه‌وه‌.

دێرین عه‌لی توێژه‌ری ده‌روونی، بۆ دواڕۆژ وتی:"ساڵی 1990 له‌ وڵاتی ژاپۆن، ڕۆژی 11/11 وه‌ك رۆژی جیهانیی سینگڵه‌كان دیاریكرا، ئه‌مه‌یش دوای ئه‌وه‌ی ده‌ركه‌وت كه‌ زیاتر له‌ نیو ملیۆن كه‌س ژیانی هاوسه‌رگیریان نه‌كردبوو و به‌ ته‌واویی سه‌ڵت بوون". 

دێرین ده‌ڵێت:"ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ له‌ ژاپۆن، له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرت كه‌ باری ئابوریی وڵات به‌و جۆره‌ بوو ئه‌و بڕیاره‌ بدرێت و هه‌مانكات مرۆڤه‌كان بۆیه‌ بواری سینگڵییان هه‌ڵبژارد چونكه‌ گۆڕانی لایه‌نی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌پشت بوو، ئاستی رۆشنبیری تاك، به‌تایبه‌تیش ئافره‌ت، به‌ره‌وپێش چوو، به‌تایبه‌تی ئافره‌ت چووه‌ بواری خوێندن و كاركردنه‌وه‌".

ئه‌و توێژه‌ره‌ ده‌روونییه‌ ده‌ڵێت:"ئه‌گه‌ر مرۆڤ بڕیاریدا سینگڵ بێت ئه‌وا ده‌بێت به‌ڕاستگۆیی سینگڵ بێت، واتا له‌گه‌ڵ خه‌ڵكانی دیكه‌ كات نه‌كوژێت. له‌ئێستایشدا به‌هۆی بواری كۆمه‌ڵایه‌تی و كاركردن بۆ هه‌ردوو ره‌گه‌ز، كاره‌كان ئاسانتر بوون، بۆ نموونه‌ ساڵانی پێشوو ئه‌گه‌ر كه‌سێكی ره‌گه‌زی نێر هاوسه‌رگیریی بكردایه‌، ده‌بوو پیاوه‌كه‌ ژنه‌كه‌یش به‌خێو بكات، به‌ڵام ئێستا ده‌بینین هه‌ردوو ره‌گه‌ز كار ده‌كه‌ن، بۆیه‌ بواری سینگڵییه‌كه‌ به‌سه‌ر بواری هاوسه‌رییه‌كه‌ زاڵتره‌".

  
پ: ل. م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure