كه‌مێكى تر دیارده‌یه‌كى ده‌گمه‌نى گه‌ردوونى له‌ هه‌رێمى كوردستان رووده‌دات

هەواڵ / زانست :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 32169‌ جار بینراوە

دواڕۆژ؛ عیسا عه‌بدولقه‌هار

سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى فه‌له‌كناسانى كوردستان، رایده‌گه‌یه‌نێت" به‌پێى داتا و ئەژمارە وردە زانستییەكانى بوارى فەلەكى، له‌ 11ى تشرینى دووه‌مى 2019 دیاردەیەكى گەردوونى ناوازە رووده‌دات و له‌ كاتژمێر 3:35ى ئێواره‌ له‌ هه‌رێمى كوردستانیش به‌دى ده‌كرێت.

ئه‌ژى چه‌تۆ سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى فه‌له‌كناسانى كوردستان، به‌ دواڕۆژى وت:"ئه‌مڕۆ ئه‌و دیارده‌یه‌ رووده‌د‌ات كه‌‌ بریتییه‌ له‌  تێپەڕبوونى هەسارەى عوتارد‌ بە بەردەم خۆردا. ئەو دیاردە ناوازەیە لە هەر سەدەیەكدا 13 جار دووبارە دەبێتەوە و لە ساڵى 2006 روویدا و لە 9ى ئایارى 2016دا جارێكى تر روویداوه‌ و له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌دى ده‌كرێت، به‌ڵام چاوه‌ڕوانده‌كرێت تاوه‌كو 13ى تشرینى دووه‌مى 2032 دووباره‌ نه‌بێته‌وه"‌.

دیارده‌كه‌ وڵاتانى ئەمریكاى باكوور و مەكسیك و ئەوروپا و خۆرهەڵاتى ناوەڕاست و ئەفریقا دەگرێتەوە و باشترین شوێنگەى تێپەڕبوونیش ناوەڕاست و خۆرهەڵاتى ئەمریكایە.
سه‌باره‌ت به‌ بینینى دیارده‌كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان، ئه‌ژى چه‌تۆ وتى: "لە عێراق و هەرێمى كوردستان له‌ كاتژمێر 3:35ى ئه‌مڕۆ ده‌بیندرێت كه‌ وەك خاڵێكى بچووك دەتوانرێت بە تەلیسكۆب بەدى بكرێت بە بەكارهێنانى فلتەرى تایبەتى خۆر".

كۆمه‌ڵه‌ى فه‌له‌كناسانى هه‌رێم چه‌ند زانیارییه‌كى له‌باره‌ى دیارده‌كه‌ و دووریى هه‌ساره‌ى عوتارد له‌ خۆر و زه‌وى-یه‌وه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌مجۆره‌یه‌:

- كاتژمێر 3:35 هەسارەكە دەچێته ناو دیسكى خۆر.
- كاتژمێر 4:57 خۆر لە ئاسۆى هەریمى كوردستان ئاوا دەبێت.
- دووریى هەسارەى عوتارد لە خۆر 47.039.192 كم-ه‌ له ساتى دیارده‌كه.
- دووریى هەسارەى عەتارد له زەوى 101.082.033 كیلۆمەترە.
- ماوەى بینینى دیاردەكە لە كوردستان 1 كاتژمێر و 24 خولەكه‌.
- ماوەى دیاردەكە لەسەر ئاستى جیهان (تێپەڕبوونى هەسارەكە بە بەردەم خۆر لە سەرەتاى تێبەڕبوون تا كۆتایى، 5 كاتژمێر و 28 خولەكه‌).

پ: ل. م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure