جیهان بەکورتی: دایکێک منداڵه‌كه‌ی فڕێده‌دات و سه‌گ ده‌یخوات

هەواڵ / جیهان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 7587‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

ژنێکى تایوانى تەمەن 19 ساڵ کۆرپەکەى دەخاتە ناو کیسەیەک و لە دارستانێکدا بەجێی دەهێڵێت و پۆلیس-یش ئیسک و پروسکى ئەو منداڵە بە په‌رش و بڵاوى دەدۆزێتەوە.

بەپێی رۆژنامەى (دەیلى میرەر)ى بریتانى، ئەو ژنە بەهۆى هەژارییەوە لەگەڵ مێردەکەى بڕیاریانداوە لە منداڵەکەیان رزگاریان بێت و دایکەکەش خستوویەتى ناو تورەکەیەک و لە پشت خانوویەکى چۆڵدا نزیک دارستانێک فڕێیداوە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکان پۆلیسى تایوان کاتێک گەیشتووەتە شوێنى رووداوەکە، بینیویانە کە سەگى هار منداڵەکەیان خواردووە و ئێسک و پرۆسکەکەشى لەوناوە بڵاوبووەتەوەو دواى دەستگیرکردنیان دەرکەوتووە کە دایکى ئەو منداڵەى تووشى نەخۆشى دەروونى بووەو ماوەى مانگێکە لە نەخۆشخانە رایکردووە و لێکۆڵینەوەکانیش لەوبارەیەوە بەردەوامن.

 

سەدا ئەلبەلەد- دادگایەکى بریتانى دەستبەسەر پارەى لێپرسراوێکى کوەیتیدا دەگرێت
دادگاى باڵاى بریتانیا سزاى فەهەد ئەلرەجعان بەرێوەبەرى پێشووى دامەزراوەى گشتى دڵنیایی کۆمەڵایەتى کوەیت دەدات و بڕیاردەدات دەستبەسەر بڕى 847 ملیۆن دۆلارى ناوبراودا بگرێت کە لە بانکەکەکانى هەندێک لەوڵاتانى جیهان هەڵیگرتووەو بەشێوەیەکى نایاسایی بەدەستى هێناوە.

رەئى ئەلیەوم- لێپرسراوێکى ئەمریکى ئاشکرایدەکات کە ترامپ هۆشدارى داوەتە ئەردۆغان ئەگەر تورکیا سیستمى موشەکى لە رووسیا بکرێت سزایەکى قورس دەدرێت و ئەویش نایەوێت ئەو هاوپەیمانییەى نێوان واشنتن و ئەنقەرە کۆتایی پێبێت

رۆبەرت ئۆبڕاین راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی ئەمریکا ئاشکرایدەکات، کە دۆناڵد ترامپ سەرۆکى وڵاتەکەى هەفتەى داهاتوو هۆشدارى دەداتە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک تورکیا تاکو سیستمى موشەکى ئێس 400 لە رووسیا نەکرێت و نابێت هیچ هێزێک لەناو ناتۆ چەکى رووسى هەبێت و بەپێچەوانەوە واشنتۆن سزایەکى قورسى ئەنقەرە دەدات.

 

ئەلحوڕە- ئەو منداڵانەى لە بومەلەرزەکەى ئێران رزگاریان بووە، زوقم و سەرما رەقیکردوونەتەوە

یوسف دادودى ئەندام پەرلەمانى ئێران ئاشکرایدەکات بەهۆى ئەو بومەلەرزەیەى پارێزگاى ئازەربایجانى رۆژهەڵاتى گرتەوە، لاشەى چەندین منداڵ لەژێر خاک و خۆڵى ئەو خانوو و باڵەخانە روخاوەکاندا ماون و زۆربەى ئەو منداڵانەش کە بەزیندوویی مابوونەوە سەرما و سۆڵە رەقیکردونەتەوە و گیانیان لەدەستداوە.

ئەلعەهد نیوز- بەهۆى زریانى بولبولەوە 6 کەس لە بەنگەلادیش گیانیان لەدەستدا
لێپرسراوێکى بەنگەلادیشى ئاشکرایدەکات، بە هۆى زریانى بولبولەوە کە رۆژى شەممەى رابوردوو رووى لە وڵاتەکەیان کردبوو، شەش کەس گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان درەخت بەسەریاندا بەربووەتەوە و نزیکەى 30 کەسیش برینداربوون و زیانى ماددیش بەر 6 هەزار خانوو کەوتووە.

سەدا ئەلبەلەد- بەفەرمانى گەل... سەرۆکى بۆلیڤیا لەژێر گوشارى نارەزایەتییەکان دەستلەکارکێشانەوەى خۆى راگەیاند
دوێنێ (یەکشەممە 10ى تشرینى دووەمى 2019 ) ئیڤۆ مۆڕالێس سەرۆکى بۆلیڤیا دەستلەکارکێشانەوەى خۆى لە پۆستەکەى راگەیاند و ئاشکرایکرد، بەهۆى نارەزایەتییەکان و گومانى ئەنجامى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتی وڵاتەکەیەوە ئەو بڕیارەى داوەو هیوادارە لە داهاتوودا هەڵبژاردنى پێشوەختە ئەنجامبدرێت و وڵاتەکەى لەو قەیرانە سیاسییە رزگارى ببێت.

وە: ئاکۆ زەنگەنە

پێداچوونەوەو بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure