نیكی هێلی: دوو به‌رپرسی باڵا داوایان لێكرد ترامپ لاواز و بێ ده‌سه‌ڵات بكه‌م

هەواڵ / جیهان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 619‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئازوو محه‌مه‌د

نێرده‌ی پێشووی ئه‌مریكا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌ڵێت "دوو به‌رپرسی باڵای كۆشكی سپی هانیان ده‌دام بۆ لاوازكردنی سه‌رۆكی ئه‌مریكا هه‌وڵ بده‌م".


نیكی هێلی نێرده‌ی پێشووی ئه‌مریكا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ كتێبێكی نوێدا نووسیوێتی "رێكس تیلێرسۆن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشوو و جۆن كلی سه‌رۆك و به‌ڕێوه‌به‌ری كۆشكی سپی، داویان لێكردبووم له‌ به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵێك له‌ ویست و داواكانی دۆناڵد ترامپ خۆڕاگر بم و به‌ قسه‌ی نه‌كه‌م".

ئه‌وه‌شی وتووه‌ ئه‌وان پێانوتبووم "ئه‌و داوا و هه‌وڵانه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی وڵاته‌كه‌یان و رزگاركردنی ده‌بێت".  

جۆن كلی سه‌رۆك و به‌ڕێوه‌به‌ری كۆشكی سپی، له‌ كاردانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌و وتانه‌ی هێلی له‌ لێدوانێك بۆ كه‌ناڵی سی بی ئێس وتی: "نازانم مه‌به‌ستی هێلی له‌ خۆراگڕی چییه‌؟".

كلی ده‌ڵێت "به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه‌ داوامان لێكردبوو، دانانی پلان و به‌رنامه‌ی دروست و به‌سوود و رێگری له‌ بڕیاری هه‌ڵه‌ بووه‌ له‌لایه‌ن ترامپه‌وه‌، و ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ به‌ مانای بێهێزكردن و بێده‌سه‌ڵاتكردنی سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌ ئه‌وه‌ من تاوانبارم".

به‌ڵام تێلێرسۆن تا ئێستا هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی به‌رامبه‌ر به‌ وته‌كانی نێرده‌ی پێشووی ئه‌مریكا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان نه‌بووه‌.

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure