ئاگادارییه‌ك له‌ ئاسایشه‌وه‌ بۆ دانیشتوانى چه‌مچه‌ماڵ و ده‌وروبه‌رى

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 2304‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بەختیار شەریف

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی، دەستگیرکردنی دوو کەسی بە تۆمەتی ساغکردنەوەی پارەی ساختەی عێراقی و دۆلاری ئەمریکی راگەیاند.

زمناکۆ عەلی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەمڕۆ (یەکشەممە 10ی تشرینی دووەمی 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: "سەر لەبەیانی ئەمڕۆ لە بازگەی بانی مەقان لەلایەن کارمەندانی بازگەکەوە دووکەس بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری سەنی تاکسی دەستگیرکران کە بڕی 225 هەزار دیناری عێراقی لە جۆری 25 هەزاریی تەزویریان پێبووە، لەگەڵ سێ سەد دۆلاری ئەمریکی کە ئەویش هه‌ر تەزویر بوو. ویستویانە لە مارکێتەکان و بازاڕی چەمچەماڵ-دا ئەو پارە تەزویرە ساغبکەنەوە. هه‌روه‌ها 10 کارتی مۆبایلیان پێبووە كه‌ بەپێی زانیارییەکانی ئێمە سەردانی هەر مارکێتێکیان کردووە بڕی 25 هەزاری تەزویریان داوە بەخاوەنی مارکێتەکە و کارتێکیان لێ وەرگرتووە".

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی کە بارەگاکەیان لە قەزای چەمچەماڵ-ە وتى: "ئێستا دوو كه‌سه‌كه‌ بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 280ى یاسای سزادانی عێراقی بەندن و لێکۆڵینەوەی زیاتر لەدۆسیەکەیان بەردەوامە".

داواش لە دانیشتوانی سنووری چەمچەماڵ و دەوروبەری دەکات: "هەر کەسێک پارەی تەزویری وەرگرتووە، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی بکات لە چەمچەماڵ بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی".

پ: ل. م
بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure