لەناوچەیەکی کوردستانی ته‌قینه‌وه‌یه‌ك ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ و سه‌ربازى هاوپەیمانانی كرده‌ ئامانج

هەواڵ / کوردستان :: 10/11/2019‌ :: 1712‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 

له‌ سنوورى كفرى بۆ خورماتوو له‌كاتى هه‌ڵمه‌تێكى گه‌ڕان و پشكنینى هێزێكى هاوبه‌شى پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان به‌هۆى ته‌قینه‌وه‌ى بۆمبێكه‌وه‌ شه‌ش پێشمه‌رگه‌ و سه‌ربازى هاوپەیمانان بریندار بوون. 


لیوا حاجى عوسمان، فه‌رمانده‌ى لیواى 136ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌مڕۆ 10ی تشرینی دووەمی 2019 له‌ ناوچه‌ى قۆریى چای سنوورى نێوان كفرى و خورماتوو له‌ گه‌ڵ هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان هه‌ڵمه‌تێكى گه‌ڕان و پشكنینیان به‌ دواى موڵگه‌ و حه‌شارگه‌ى چه‌كدارانى داعش ئه‌نجامدا. 

وتیشی: "بۆمبێكى چێندراو به‌ ئۆتۆمبێلێكى هێزه‌كانیاندا ته‌قیوه‌ته‌وه‌ به‌هۆیه‌وه‌ دوو پێشمه‌رگه‌ و چوار سه‌ربازى هاوپەیمانان برینداربوون و دواتر به‌ كۆپته‌ر گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌". 

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: له‌هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا توانیویانه‌ چه‌ند شوێنێكى چه‌كداره‌كانى داعش ئاشكرا بكه‌ن، به‌ڵام هیچ چه‌ك و چه‌كدارێكى تیادا نه‌بووه‌ و هاوكات هیچ شه‌ڕ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كیش له‌و هه‌ڵمه‌ته‌ى ئه‌مڕۆدا رووینه‌داوه‌.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure