هێزێکی نوێی ئەمریکا گەیشتە ئەم ناوچە کوردستانییە

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 306‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 

هیزێکی نوێی ئەمریکا بە ژمارەیەک زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازیی گەیشتە سنووری قەزای مەخمور. فەرماندەیەکی سەربازییش دەڵێت: "ئامانجی هێزەکە لەناوبردنی داعش-ە لەو سنوورە و نیازی ئەوەیان هەیە تا کۆتایی ئەمساڵ داعش لە چیای قەرەچوغ کۆتایی پێبهێنن". 


سەرچاوەیەکی تایبەت لە سنووری قەزای مەخمور (ئەمڕۆ یەکشەممە 10ى تشرینی دووەمی 2019) تایبەت به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئەمڕۆ هێزێکی تایبەتی ئەمریکی کە پێکهاتوون لە شه‌ش زرێپۆش و 11 ئۆتۆمبێلی سەربازیی و نزیکەی 35 سەربازی ئەمریکی، گەیشتوونەتە سنووری قەزای مەخمور و بڕیارە لەوێ بمێننەوە.

سه‌رچاوه‌كه‌ وتیشی: "ئەو هێزە دوای هێرشەکان و مووشەکبارانکردنی شوێنی مانەوەی ئەمریکیەکان لە ناحیەى گەیارە، هاتوونەتە ناوچه‌كه‌ و نیازی ئۆپراسیۆنیان هەیە. بڕیارە به‌ هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و فیرقەی چواری سوپای عێراق، ئۆپراسیۆنێك ئه‌نجام بدەن".

لاى خۆیه‌وه‌ غازی فەیسەڵ، فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری مەخمور بۆ دواڕۆژ وتی: "راستە ئەو هێزە ئەمریکییە هاتووە، کۆبوونەوەیەکیشیان لەگەڵ ئێمە ئەنجامداوە و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا پلانی نوێیان هەبێت. هێزه‌كه‌ ئەمڕۆ گەیشتووەتە ناحیەی قەراج و بەوردی چاودێریی بنکە و مۆڵگەکانی داعش دەکەن".

ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ وتیشى: "هێزەکە نیازیان وایە تا کۆتایی ئەمساڵ ئۆپراسیۆن لە چیای قەرەچوغ ئەنجام بدەن و کۆتایی بە بوونی چەکدارانی داعش بهێنن لەو ناوچەیە و بەیەکجاری پاکبکرێتەوە، ئه‌مه‌یش بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "لەگەڵ هاتنی ئەو هێزە نوێیە بۆ ناوچەکە، بەردەوام ئەمڕۆ فڕۆکەی جەنگیی بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێنەوە و دەیان جار بۆردوومانی بنکە و بارەگاکانی داعشیان کردووە لەو ناوچانە و چاودێریی وردی ناوچەکە دەکەن".

پ: ل. م

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure