فیدراسیۆنی رێکخراوەکان پشتگیری فەرمانگەی داواکاری گشتی گەرمیان دەکەن

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 143‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە سلێمانی پشتگیری خۆیان بۆ داواکانی دادوەرانی فەرمانگەی داواکاری گشتی گەرمیان دووپاتکردەوە.


نیوەڕۆی (ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 10ى تشرینى دووه‌مى 2019) لەبەردەم دادگای سلێمانی، فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لەگردبوونەوەیەکدا پشتگیری خۆیان بۆ مانگرتنی دادوەرانی فەرمانگەی داواکاری گشتی گەرمیان دەربڕی.

شۆخان حەمەڕەشید، ئەندامی فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی رایگەیاند: دوای دەرچوونی یاسای دەسەڵاتی دادوەری ژمارە (۲۳)ی ساڵی (۲۰۰۷) و دامەزراندنی یەکێتی دادوەران لەلایەن دڵسۆزانی دەسەڵاتی دادوەری و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنییەوە، هەوڵێکی زۆر درا بۆ بەسەربەخۆییکردنی ئەم دەسەڵاتە گرنگ و هەستیارە.

ناوبراو روونیکردەوە: بەڵام ئەوەی جێی داخە لە چەند ساڵی رابردوودا سەرانی دەسەڵاتی دادوەری لەبری ئەوەی هەوڵبدەن رووبەری سەربەخۆیی خۆیان فراوانتر بکەن، بەپێچەوانەوە زیاتر خۆیان خزاندۆتە ژێرباڵ و سایەی دەسەڵاتی حیزبەوە و خۆیان بوونەتە بەشێکی گەورەی گرفت و قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان و تەنانەت بوونەتە رێگرییەکی گەورەش لەبەردەم دادوەرە دڵسۆزەکان بۆ جێبەجێکردنی دادپەروەری.

شۆخان ئاماژەی بەوەکرد: لە دوا پێشهاتیشدا لەبەرامبەر خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەلایەن سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی گەرمیانەوە، کۆی ئەندامانی داواکاری گشتی لەگەرمیان ژمارەیەک لەدادوەران بڕیاریاندا مانبگرن کە ئەمە بۆ خۆی، رووداوێکی گرنگ و بێ پێشینەیە و داواکارن لە دادوەران و ئەندامانی داواکاری گشتی شار و شارۆچکەکانی تری هەرێمی کوردستانیش لەبەرامبەر خراپی دۆخی دەسەڵاتی دادوەریی بێنە دەنگ و هەنگاوی گرنگ و جددی بنێن بۆ گەڕانەوەی شکۆ بۆ دەسەڵاتی دادوەری.

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure