"لەمێژووی عێراقدا كەسێكی وەك عەبدولمەهدی بۆ كورد دووبارەنابێتەوە"

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 341‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "لەمێژووی عێراقدا بۆ كورد كەسێكی وەك عەبدولمەهدی دووبارە نابێتەوە". رەنگە قسەی ئەم پەرلەمانتارەی كۆمەڵ ببێتە راست و ئەگەری لابردنی عادل عەبدولمەهدی كاڵ بووبێتەوە.


بەهۆی خۆپیشاندانی هاووڵاتیانی شارەكانی دیكەی عێراق بۆ داواكردنی نەهێشتنی گەندەڵی، هەوڵەكان بۆ لادانی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق چڕبوونەوە، بەجۆرێك هەفتەی رابوردوو بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە وتارێكدا رایگەیاند: "عادل عەبدولمەهدی رەزامەندیی بۆ دەستلەكاركێشانەوە دەربڕیوە و ئەویش رەزامەندە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت"، بەڵام بەپێی تازەترین پێشهات كە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، عەبدولمەهدی لە پۆستەكەی دەمێنێتەوە.

عادل عەبدولمەهدی، ماوەی ساڵێك نییە وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستبەكاربووە، بەڵام بەوتەی بەرپرسان و پەرلەمانتارانی كورد، بەهۆی ئه‌وەوە پەیوەندییەكانی بەغدا و هەرێمی كوردستان باشبووە، بۆیە لادانی لە بەرژەوەندیی كورد نییە.

دانا شەهید جەزا، ئەندامى پەرلەمانی عێراق له‌ فراكسیۆنى پارتى كە حیزبەكەی 25 كورسیی هەیە، بە دواڕۆژی وت: "ئێمه‌ وەك كەسایەتی سەیری عادل عەبدولمەهدی ناكەین، بەڵكو وەك بەرنامەی حكومەت لێی دەڕوانین كە پیاوێكه‌ تاڕادەیەك لە كێشەكانی عێراق و چارەسەركردنیان تێگەیشتووە، هەروەها تێگەیشتووە لەوەی دەبێت لە عێراق بە لێكتێگەیشتن كێشەكان چارەسەربكرێن، واتا دەیەوێت قەیران چارەسەر بكات نەك قەیران دروستبكات، بۆیە كەسێكی لەو شێوەیە بۆ سەركردایەتی ئەم قۆناغەی عێراق و كوردستان گرنگە".

دانا وتیشى: "ئەگەری مانەوەی عەبدولمەهدی بەهێزترە و فراكسیۆنەكانیش لەگەڵ مانەوەیدان، بەڵام بە پرۆسەیەكی چاكسازیی گەورە كە لایەنەكان هاوكاری بن، چونكە لابردنی هیچ سودێك بە پرۆسەی سیاسی ناگەیەنێت".

حەسەن ئاڵی، پەرلەمانتاری عێراق له‌ فراكسیۆنى یه‌كێتى كه‌ حیزبه‌كه‌ى 19 كورسیى هه‌یه‌، بۆ دواڕۆژ وتى: "عادل عەبدولمەهدی كەسێكی باش بووە و ویستویەتی دەوڵەتدار بێت، چەندان دۆسیەی گەندەڵیی رەوانەی دادگا كردووە، داواكاریی خۆپیشاندەرانیش رەوایە تەنانەت ئەگەر داوای گۆڕینی سیستمی سیاسییش بكەن".

ئاڵی وتیشی: "لادانی عەبدولمەهدی هیچ لە دۆخەكە ناگۆڕێت، چونكە بۆ كوردیش كەسێكی زۆر باشە و ئەگەر لابدرێت سودی بۆ هەرێمی كوردستان نییە، لەبەرئەوەی عەبدولمەهدی پەیوەندییەكی زۆر باشی لەگەڵ سەركردەكانی كورد هەیە".

هۆشیار عه‌بدوـڵا، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له‌ فراكسیۆنى گۆڕان كه‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ى 5 كورسیی لە پەرلەمانی عێراق هەیە و یەكێكە لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكان، بۆ دواڕۆژ وتى: "پێموانییە ئەگەر عەبدولمەهدی لەپۆستەكەیدا بمێنێتەوە ئەو نەرمییەی لە رابوردوودا بەرامبەر كورد نواندوویەتی، لەداهاتوودا بتوانێت بینوێنێتەوە، لەبەرئەوەی لەبارێكدا بەهۆی چارەسەرنەكردنی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان زۆر ئیحراج بووە، لەلایەكی دیكەش قسەكردن لەسەر مانەوە و نەمانەوەی عەبدولمەهدی پێش ئەوەی دۆسیەیەكی سیاسی بێت، مەسەلەیەكی ئەخلاقییە، مەسەلەیەكی مەبدەئییە بەرلەوەی مەسەلەیەك بێت پەیوەندیی بەتەوافوقاتەوە هەبێت. بۆ نموونە ئەو حیزبانەی لە 17ی شوباتدا باسی نەمانی شەرعییەتی حكومەتی ئەوكاتەی بەرهەم ساڵح-یان دەكرد 10 خۆپیشاندەر كوژرا بوون، بەڵام ئێستا زیاتر لە 200 خۆپیشاندەر كوژراون، لەڕووی ئەخلاقی و مەبدەئییەوە ئەو حیزبانە چۆن دەتوانن پشتگیریی لە مانەوەی عەبدولمەهدی بكەن؟ چونكە دواجار ئەم حكومەتە بەرپرسە".

بەوپێیەی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەتی ئێستای عێراقدا بەشدار نییە و ئۆپۆزسیۆنە، ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى ئاخۆ ئەوان پێیان باشە عەبدولمەهدی لاببرێت، هۆشیار وتی: "مەسەلە پێ باشبوونی ئێمە نییە و ئێمە لە حكومەتدا بەشدارنین و فراكسیۆنێكی گەورەشمان نییە لە پەرلەمان، بەڵام وەك خۆم پێموایە ئەمە مەسەلەیەكی مەبدەئییە، بۆ گۆڕان و ئەوانەشی لە رابوردوودا ئیدیعای ئەوەیان كردووە كە لەگەڵ خەباتی مەدەنین و دژی كوشتنی خۆپیشاندەرانن، ئێستا ناتوانن پشتیوانی حكومەتی عەبدولمەهدی بكەن، چونكە لەڕووی ئەخلاقی و مەبدەئییەوە دەكەونە ژێر پرسیاری گەورەوە".

دەربارەی ئەوەی لادانی عەبدولمەهدی لە دژی كورد نییە؟ پەرلەمانتارەكەی گۆڕان ده‌ڵێت: "عەبدولمەهدی دۆستی كوردە، بەڵام ئەوەی لای حیزبە دەسەڵاتدارەكان، بەتایبەتیش پارتی، زۆر تۆخ بووەتەوە ئەوەیە كه‌ عەبدولمەهدی چاوپۆشی لە مەسەلەی نەوت دەكات بۆیە وەك دۆستی كورد سەیری دەكەن، ئەگەر بەیانی عەبدولمەهدی بڵێت دەبێت كوردستان نەوت رادەست بكات ئەگینا بودجە نانێرین، هەموو بەرپرسانی پارتی عەبدولمەهدی بە پیاوێكی باش نازانن".

هاوكات سەلیم شووشكەیی، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق كە خاوەنی دوو كورسین و ئۆپۆزسیۆنن، بەدواڕۆژی وت: "پێموایە مانەوەی عەبدولمەهدی بۆ كورد گرنگە، چونكە لەهەموو كەس زیاتر لە دۆسیەی كورد تێدەگات، بەبێ رق مامەڵە لەگەڵ كورد دەكات، لە گفتوگۆكانیش كام رێگەیە ئاسانە دەیگرێتەبەر، بەڵام ئەوەی جێی داخە تائێستا عەبدولمەهەدی-یش لەگەڵ كورد نەگەیشتووه‌تە رێككەوتنی بنبەست. هەموو جارێك عەبدولمەهدی دەڵێت: كێشەكان لەگەڵ كوردستان قوڵ و زۆرن، چارەسەریان ئاسان نییە. من ناتوانم بڵێم خەتای كامیانە چونكە لە كۆبوونەوەكاندا نیم، بۆ كێشەكان لە سەرۆكی حكومەتی هەرێم-م پرسیوە، بەڵام وەڵامێكی ئەوتۆم دەستنەكەوتووە. بەڵام پێموایە بۆ كورد لە مێژووی عێراقدا كەسێكی وەك عەبدولمەهدی دووبارەنابێتەوە. جارێكیش عەبدلمەهدی وتی: راستە كوردم خۆشدەوێت بەڵام گلەییم لە سەركردەكانی كورد ئەوەیە تەقدیری ئەو رێزەی من ناكەن و هەنگاوی كرداریی بۆ چارەسەری كێشەكان نەنراوە".

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كه‌ دوو كورسییان لە پەرلەمانی عێراق هەیە و ئۆپۆزسیۆنن، د. یەحیا رێشاوی ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتوو، بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت: "دۆخی ئێستای عێراق شێواوە ئەوەش كاریگەریی لەسەر كوردستانیش دەبێت. هەرچەندە ئێستا بەهۆی عەبدولمەهدى-یەوە جۆرێك لە نەرمی لە پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا دروستبووە، هەندێك بەڵێنی هەبوو بۆ رێكخستنەوەی پەیوەندییەكان، بەڵام رەنگە دۆخی عێراق هاوكار نەبێت بۆ جێبەجێكردنیان. جگە لەوە بۆ بەڵێنەكانیش دەبێت كوردستان و بەغدا هەماهەنگ بن".

رێشاوی وتی: "با باشترین سەرۆك وەزیرانی عێراق هەبێت، بەڵام ئەگەر ناوخۆی كوردستان باش نەبێت و گەندەڵیی چارەسەرنەكرێت و یەكگوتار نەبین، هیچ سوودی بۆ كوردستان نابێت".

پ: ل. م

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure