یەكەمین كۆڕبەندی هێزە چەپەكان له‌ هه‌ولێر بەڕێوەچوو

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 289‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بڕیار محەمەد

یەكەمین كۆڕبەندى بەشێك لە پارت و هێزە چەپەكانى كوردستان بە ئامانجی كاراكردنی رۆڵی چەپ لە كوردستان بەڕێوەچوو.


(ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 9ی تشرینی دووه‌مى 2019) لە هەولێر كۆڕبه‌نده‌كه‌ بە دروشمی (كاراكردنی رۆڵی هێزەكانی چەپی كوردستان لە تێكۆشانی نیشتمانی و چینایەتیدا) ئه‌نجامدرا.

هیوا عومەر، سەرپەرشتیاری كۆڕبەندەكە بە دواڕۆژی راگه‌یاند: ناونیشانی بابەتی سەرەكی ئەم دیبەیتە بریتین لە (روانگەی هێزە چەپەكانی كوردستان بۆ كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و ململانێی هیزە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كارتێكردنی لەسەر پرسی كوردستان).

وتیشى: "له‌ هه‌مان كاتدا هەلومەرجی ئەمڕۆی كوردستان و بنەمای گوتاری هێزە چەپەكانی كوردستان و دەرفەتی كاری هاوبەش و ئاستەنگەكان تاوتوێده‌كرێت".

لایه‌نه‌ به‌شداربووه‌كانى كۆڕبه‌نده‌كه‌ بریتین له‌ هه‌ریه‌ك له‌ (حزبی كۆمۆنیستی باكور، حزبی سۆشیالیستی باكور، حزبی كۆمۆنیستی رۆژئاوا، كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان. حزبی شیوعی كوردستان، حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و بزوتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان).

لەبارەی گرنگی كۆڕبەندەكه‌ هیوا عومەر رایگەیاند: بوارێك بۆ هێزە چەپەكانی كوردستان ئامادەدەكات بۆ گفتوگۆكردن و شرۆڤەكردنی واقیعی ئێستا و بوارەكانی هەماهەنگی و كاری هاوبەش لەسەر ئاستی سەرانسەری كوردستان لە ئایندەدا.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ئه‌م كۆڕبەندە سەرجەم هێزە چەپەكانی كوردستانی نەگرتۆتە خۆی، چونكە چەپ لە كوردستاندا لەم هێزانە زیاترە و چەندین رێكخراو و كەسایەتی چەپ هەن كە دەكرێ بە شێوازی جۆراجۆر له‌ ئاینده‌دا به‌شداربن، به‌و هیوایه‌ى كۆڕبەندی ئایندە بتوانێت لەوەی ئێستا فراوانتربێت و كاری هاوبەش لە چوارچێوەی هەر پارچەیەكی كوردستان و لە ئاستی سەرانسەری كوردستان ئەنجام بدەن بەرەو كاراكردنی رۆڵی هێزی چەپی كوردستانی لە تێكۆشانی نیشتمانی و چینایەتیدا.

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure