ئێران كارگه‌یه‌كى دروستكردنى ئۆتۆمبێل ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ كوردستان

هەواڵ / ئابوری :: 10/11/2019‌ :: 843‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

وه‌ك هه‌نگاوێك بۆ خۆپاراستن له‌ سزاكانى ئه‌مریكا، ئێران كارگه‌یه‌كى دروستكردنى ئۆتۆمبێل بۆ باكورى كوردستان ده‌گوازێته‌وه‌.


رۆژنامه‌ى (ئه‌حوال)ى توركى بڵاویكردوه‌ته‌وه‌: ئێران هه‌وڵ بۆ خۆپارێزى له‌ سزاكانى ئه‌مریكا و وڵاتانى ترى جیهان ده‌دات و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ده‌یه‌وێت به‌شێكى گه‌وره‌ى وه‌به‌رهێنانه‌كانى بۆ توركیا بگوازێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌ بوارى دروستكردنى ئۆتۆمبێلدا.

رۆژنامه‌كه‌ ئاشكراشیكردووه‌: كۆمپانیاى (إیران خودرو كومبانی) كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ كۆمپانیاكانى دروستكردنى ئۆتۆمبێل له‌ ئێران، به‌رپرسانى خۆى راسپاردووه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ دروستكردنى كارگه‌یه‌ك له‌ شارى وان- له‌ باكورى كوردستان و رۆژهه‌ڵاتى توركیا بكه‌ن.

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش فه‌رشاد موقیمى، سه‌رۆكى جێبه‌جێكارى كۆمپانیاكه‌ به‌ یاوه‌رى وه‌فدێك گه‌یشتووه‌ته‌ وان و چاوى به‌ سه‌رۆك شاره‌وانى و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانى شاره‌كه‌ كه‌وتووه‌.

به‌پێى رۆژنامه‌كه‌ پێشبینى ده‌كرێت كارگه‌كه‌ له‌سه‌ر رووبه‌رى 50 هێكتار له‌ ناوچه‌ى پیشه‌سازى وان دروستبكرێت و له‌ قۆناغى یه‌كه‌مدا ببێته‌ هۆى دابینكردنى هه‌لى كار بۆ نزیكه‌ى 1000 كه‌س.

له‌ پاش كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى له‌ ئایارى 2018، ئێران رووبه‌ڕووى سزاى ئابورى توند بووه‌ته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش كاریگه‌رى له‌سه‌ر ژێرخانى ئه‌و وڵاته‌ و چالاكییه‌ ئابورییه‌كانى و ژیانى هاووڵاتیانى دروستكردووه‌.

ئا: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure