ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك تانه‌ له‌ بڕیارێكی به‌غدا ده‌دات

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 253‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك تانه‌ له‌بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ده‌دات كه‌ كۆتایی مانگی رابوردوو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌نگی له‌سه‌ردا.


جه‌مال مه‌ولود، سه‌رۆكی راسپێردراوی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 10ی تشرینی دووه‌مى 2019) به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند : نوێنه‌رانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك گه‌یشتوونه‌ته‌ به‌غدا به‌مه‌به‌ستی تانه‌دان له‌ بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌نێویاندا پارێزگای كه‌ركوك.

وتیشی: "بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ نوێنه‌ری ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌ دادگای ئیتیحادی تانه‌ له‌ بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراق بدات كه‌ پێمانوایه‌ نایاساییه‌ و دژی بنه‌ماكانی ده‌ستوره"‌.

له‌ژێر فشاری داواكاری خۆپیشانده‌رانی گۆڕه‌پانی ته‌حریری به‌غدا و پارێزگاكانی باشووری عێراق، 28ی مانگی رابوردوو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ بڕیاریدا به‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌نێویشاندا ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك.

له‌دوای بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌غدا و دیوانییه‌ له‌ دادگای ئیتیحادی تانه‌یان له‌ بڕیاره‌كه‌ داوه‌ و كه‌ركوك و نه‌ینه‌وایش به‌نیازن ‌هه‌مان هه‌نگاو بنێن.

پێشتر ئه‌ڵماس فازڵ، ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: بڕیاره‌كه‌ چووه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و فه‌رمانی كارگێڕیش بۆ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌كان ده‌رچووه.

وتیشی: "ده‌سه‌ڵاتی چاودێری و به‌دواداچوون بۆ كاروباری پارێزگاكان و پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزاریه‌كانیش به‌ په‌رله‌مانتاران دراوه‌، به‌ته‌نها جیاكاری بۆ كه‌ركوك كراوه‌ كه‌ جگه‌ له‌ په‌رله‌مانتارانی شاره‌كه‌ هیچ په‌رله‌مانتارێكی دیكه‌ بۆی نییه‌ ده‌ستێوه‌ردان بكات".

بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure