هه‌فته‌ی داهاتوو گۆڕان ناوی كاندیده‌كانی پێشكه‌شی حكومه‌ت ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 363‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر

به‌پێی بڕیاری جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، هه‌فته‌ی داهاتوو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كاندیدی خۆی بۆ ژماره‌یه‌ك له‌ پۆسته‌كان پێشكه‌شی مه‌سرور بارزانی ده‌كات.

دوای ئه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕێككه‌وتنێكی كۆتایی له‌گه‌ڵ پارتی واژۆ كرد، به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ش گۆڕان جگه‌ له‌ پۆستی وه‌زاره‌ت و پۆستی سه‌رۆكایه‌تییه‌كان، 100 پۆستی دیكه‌ی به‌رده‌كه‌وێ كه‌ ده‌كاته‌ 12%ی پۆسته‌ حكومییه‌كان.

دوێنێ شه‌ممه‌، 9ی تشرینی دووه‌م، جڤاتی نیشتمانی نیگه‌رانی خۆی ده‌ڕبری له‌ ئه‌دای حكومه‌ت و جێبه‌جێنه‌كردنی رێككه‌وتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ پارتی و بڕیاریشدرا هه‌فته‌ی داهاتوو بزوتنه‌وه‌كه‌ لیستی ناوی به‌شێك له‌ كاندیده‌كان پێشكه‌شی سه‌رۆكی حكومه‌ت بكات به‌مه‌به‌ستی ده‌ركردنی فه‌رمانی ده‌ستبه‌كاربوونیان.

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان جگه‌ له‌وه‌رگرتنی چوار وه‌زاره‌ت له‌ كابینه‌ی داهاتوو، جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و چوار بڕیكاری وه‌زیر (شاره‌وانی، په‌روه‌رده‌، كاره‌با، ناوخۆ) ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و 24 ڕاوێژكارو 24 به‌ڕێوبه‌ری گشتیی و سێ نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی له‌ ده‌ره‌وه‌و به‌ڕێوەبه‌رێكی گشتی له‌ فه‌رمانگه‌ی ده‌ره‌وه‌، چه‌ند پۆستێك له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ كاروباری چاكسازی و سندوقی داهاته‌ نه‌وتییه‌كان و ژماره‌یه‌ك پۆستی دیكه‌ له‌سه‌ر ئاستی به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كان به‌ پله‌ی به‌ڕێوەبه‌ر له‌سه‌ر هه‌ر سێ دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌ت و په‌رله‌مانی دەبێت.

دواڕۆژ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای گۆڕان زانیویه‌تی بەپێی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دوێنێی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان هه‌فته‌ی داهاتووی وه‌ك دوا واده‌ بۆ پارتی داناوه‌و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش كاندید بۆ سه‌رجه‌م پۆسته‌كان دیاریده‌كات و پاشان ڕاده‌ستی سه‌رۆكی حكومه‌تی ده‌كات.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure