لێدوانی گۆڕان سەبارەت بەپڕكردنەوەی پۆستەكانیان لەحكومەتی هەرێم

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 216‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

بەرپرسێكی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت: بەشێك لەڕێككەوتنەكانیان بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێكراون و پێیانوایە یەكڕیزی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا بەندە بەشەراكەتی فیعلی و یەكڕیزی راستەقینەی ناو كوردستان.

ئەمڕۆ 9ی تشرینی دووەمی 2019 جڤاتی نیشتمانی گۆڕان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا، برزۆ مەجید، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆی جڤاتدا هەڵسەنگاندنی سەرەتایی بۆ كارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرا و دەرگای هەڵسەنگاندنیش بە كراوەیی هێڵدرایەوە، چاودێری و هەڵسەنگاندن بۆ رێككەوتنەكانی پێكهێنانی حكومەتیش كرا و ئەو چاودێرییەش بەردەوام دەبێت.

ناوبراو روونیكردەوە: خۆپیشاندانی هاووڵاتیانی عێراق بۆ داواكارییەكانیان ئەوان پشتیوانیانن و دەسەڵاتەكان پێویستە چاكسازی بكەن و داواكارییە رەواكان جێبەجێ بكەن، بێگومان وەك مەبدەئی نیشتمانی گۆڕانیش، یەكڕیزی هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان گرنگە بۆ رووبەڕووبونەوەی دۆخەكان.

برزۆ مەجید وتی: "پێمانوایە یەكڕیزی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا بەندە بەشەراكەتی فیعلی و یەكڕیزی راستەقینەی ناو كوردستان، چەند شەراكەتی فیعلی و جێبەجێكردنی رێككەوتنەكانی پێكهێنانی حكومەت هەبێت و یەكگوتاریی سیاسی لەناو كوردستان بەهێز بێت، ئەوەندەش یەكڕیزییەكە لەبەغداش رەنگدەداتەوە".

ئەو بەرپرسەی گۆڕان ئاماژەی بەوەكرد: "پێمانوایە نێوانی هێز و لایەنە سیاسییەكان باش بێت ئەوە لەبەرژەوەندی هەرێمە، ئەو هێز و لایەنانەی لەسەر بنەمای چەند رێككەوتنێك حكومەتیان پێكهێناوە دەبێت نێوانیان باش بێت، بۆیە ئێستا لەهەوڵداین بۆ ئەوەی رێككەوتنەكان وەك خۆی جێبەجێ بكرێن".

برۆز مەجید جەختیكردەوە: "بەشێك لەپۆستەكانمان لەحكومەتی هەرێم پڕكراونەتەوە و ئەمڕۆش تەوەرێك بۆ دیاریكردنی چۆنیەتی كاندیدی پۆستەكانی دیكە بوون، لەبەرئەوە بەشێك لەڕێككەوتنەكان جێبەجێكراون و ئەوانی دیكەش لیژنەی تەكنیكی هەیە بۆ جێبەجێكردنیان".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد: كۆبوونەوەكە هەفتەی داهاتووش بەردەوام دەبێت بۆ بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانی و دروستكردنی لیژنە باڵاكان و لیژنە لاوەكییەكان.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە