باسى ئه‌مڕۆ: ژنانێك كه‌ هه‌وڵى گۆڕینى جیهان ده‌ده‌ن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 160‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

به‌شداریى كاریگه‌رى ژنان له‌ بواره‌ سیاسى و ئابوریى و زانستییه‌كاندا به‌جۆرێك په‌ره‌ى سه‌ندووه‌ كه‌ سه‌رنجى زۆرێك له‌ ناوه‌نده‌ ئیعلامییه‌كانى جیهانى راكێشاوه‌. له‌م باره‌یه‌وه‌ رۆژنامه‌ى (فاینانشێڵ تایمز) نووسیویه‌تى هه‌تا دێت ژنانى به‌ساڵاچووى زیاتر به‌رده‌وامیى ده‌نوێنن له‌ كاره‌كانیاندا.

لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى ساڵى 2017ى زانكۆى هارڤاردیش هه‌مان راستیى سه‌لماندووه‌ و ده‌ڵێت: "له‌ هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابوردوودا ته‌نیا 16%ى ئافره‌تانى سه‌روو شه‌ست ساڵ به‌رده‌وام بوون له‌ كاركردن به‌ڵام ئێستا ئه‌و رێژه‌یه‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌ بۆ 28%".

حاڵى حازر سێ ئافره‌ت له‌ ته‌مه‌نى 55 بۆ 79 ساڵیدا پۆستى زۆر گرنگیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ كه‌ بریتین له‌ خاتوون كریستین لاگارد، سه‌رۆكى بانكى ناوه‌ندیى ئه‌وروپا، ئه‌م خانمه‌ ته‌مه‌نى 36 ساڵه‌، هه‌روه‌ها خاتوو ئۆرسیلاڤانده‌رى ته‌مه‌ن 61 ساڵ كه‌ سه‌رۆكى تازه‌ى كۆمسیۆنى ئه‌وروپایه‌ و سێیه‌مینیش سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى ئه‌مریكا، خاتوو نانسى بیلۆسى ته‌مه‌ن 79 ساڵ.

به‌رده‌وامبوونى ژنانى به‌ساڵاچوو له‌ كار و چالاكیدا ته‌نیا هه‌ر به‌هۆى ئه‌وه‌وه‌ نییه‌ كه‌ وزه‌ى دواى ته‌مه‌نى وه‌چه‌خستنه‌وه‌یان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌ڵكو نیشانه‌شه‌ بۆ راستییه‌كى تر كه‌ پیربوون وات لێده‌كات زۆر گوێ نه‌ده‌یته‌ قسه‌ى خه‌ڵكیى. مه‌سه‌له‌یه‌كى دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كاتێك ئافره‌ت پێویستى به‌ بیروبۆچوونى پیاو نامێنێت بۆ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر جوانیى و تواناكانى ئه‌وا زیاتر هه‌ست به‌ ئازادى ده‌كات. هه‌تا زیاتریش بچێته‌ تەمەنه‌وه‌ زیاتر حه‌زى له‌ سه‌ركێشى ده‌بێت.

نووسه‌رى وتاره‌كه‌ ده‌ڵێت: "ئافره‌ت كه‌ ده‌چێته‌ تەمەنه‌وه‌ راشكاوانه‌ بیروبۆچوونى خۆى ده‌رده‌بڕێت و به‌لایه‌وه‌ گرنگ نییه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ ده‌بێت له‌ دنیایه‌كدا جێگه‌ى قبوڵكراو بێت كه‌ له‌ ژێر كۆنترۆڵى پیاودایه‌".

وتاره‌كه‌ دواجار ده‌پرسێت بۆچى ئه‌و ژنه‌ به‌توانایانه‌ ته‌رخان نه‌كه‌ین بۆ یه‌ك مه‌سه‌له‌ى گرنگ كه‌ بریتییه‌ له‌ ته‌رخانكردنى به‌شێك له‌ بودجه‌كانى به‌رگریى سه‌ربازیى بۆ چاره‌سه‌ركردنى گۆڕانى ئاووهه‌وا كه‌ بووه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى گه‌وره‌ بۆ سه‌ر هه‌موو مرۆڤایه‌تى. وتاره‌كه‌ هه‌روه‌ها ده‌پرسێت بۆچى له‌باتى خه‌رجكردنى پاره‌ له‌ بوارى چه‌ك و كه‌ره‌سته‌ى جه‌نگیدا بودجه‌ى گه‌وره‌تر ته‌رخان ناكه‌ین بۆ قۆناغه‌كانى فێركردنى سه‌ره‌تایى و ئابوریى خێزانه‌كان.

وتاره‌كه‌ى فاینانشێڵ تایمز ده‌ڵێت: "سیستمه‌ جیهانییه‌كانى ئێستا له‌ بوارى ئاسایش و بازاڕدا ده‌ستكرد و به‌رهه‌مى پیاون، ژنانیش به‌تایبه‌ت ژنانى به‌ساڵاچوو هیچ شتێكیان نییه‌ له‌كیسى بده‌ن ئه‌گه‌ر ناڕه‌زایى ده‌رببڕن به‌رامبه‌ر به‌م سیستم و یاسایانه‌".

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure