ده‌ڵێن به‌غدادى نه‌كوژراوه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 2739‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

ئه‌وانه‌ى بڕوایان به‌ تیۆریى كوده‌تا هه‌یه‌ ده‌ڵێن راگه‌یاندنه‌كه‌ى سه‌رۆكى ئه‌مریكا (دۆناڵد ترامپ) راست نییه‌ كه‌ ده‌ڵێت ئه‌بوبه‌كر به‌غدادیمان كوشتووه‌. به‌ڵكو ئه‌وه‌ى كوژراوه‌ كه‌سێك بووه‌ هاوشێوه‌ى به‌غدادى.


چیرۆكى كوشتنى (ئوسامه‌ بن لادن) له‌ مایسى 2011دا و هه‌روه‌ها شێوازى راگه‌یاندنه‌كه‌ى ترامپ سه‌باره‌ت به‌ كوشتنى به‌غدادى له‌ مانگى تشرینى یه‌كه‌مى 2019دا به‌جۆرێكن كه‌ گومانى زۆریان له‌سه‌ر دروست بووه‌ و ئه‌و خه‌یاڵه‌ به‌هێز ده‌كه‌ن كه‌ ده‌ڵێت تیرۆریسته‌كان له‌ تاقیگەكانى ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانى ئه‌مریكا و وڵاتانى خۆرئاوادا دروست ده‌كرێن.

گومانه‌كه‌ هه‌ر له‌ناو ناحه‌زانى ئه‌مریكادا نییه‌ به‌ڵكو هه‌ندێك رۆشنبیریش ده‌گرێته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت خه‌ڵكى دیپلۆماتكارى گه‌وره‌ش به‌ گومانه‌وه‌ لێیان ده‌ڕوانن. كاتى خۆى باڵیۆزى پێشووى بەریتانیا له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان وتى چیرۆكى كوشتنى بن لادن و فڕێدانى ته‌رمه‌كه‌ى بۆ ناو ده‌ریا هیچ بنه‌مایه‌كى راستى نییه‌.

وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى رووسیاش بڕوا به‌ چیرۆكه‌كه‌ى داعش و كوشتنى خه‌لیفه‌ ئه‌بوبه‌كرى به‌غدادى ناكات و پێى وایه‌ به‌غدادى به‌رهه‌مێكى ئه‌مریكییه‌ و هه‌ر ئه‌مریكا خۆشى له‌ناوى بردووه‌.

ئه‌م تیۆرى كوده‌تایه‌ بناغه‌ و پاساوى خۆى هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ببه‌سترێته‌وه‌ به‌ پاشهاته‌ دینیى و كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابورییه‌كانه‌وه‌ كه‌ ناكرێت فه‌رامۆش بكرێن. چونكه‌ له‌ ناوه‌ڕاستى هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابوردوودا كاتێك كه‌ گه‌رمه‌ى جه‌نگی نێوان ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و یه‌كێتى سۆڤیەت  بوو، واشنتۆن هه‌موو هێزى خۆى و هاوپه‌یمانه‌كانى خسته‌ خزمه‌ت موجاهیده‌ عه‌ره‌به‌كانه‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌فغانستاندا شه‌ڕیان ده‌كرد دژى سیستمه‌ كۆمۆنیستییه‌كه‌. سه‌رۆكى ئه‌و كاته‌ى ئه‌مریكا (رۆناڵد ریگان) به‌ كۆمه‌ڵێك له‌و موجاهیدانه‌ى وت وه‌ك چۆن كه‌شتى ئاسمانیى كۆڵۆمبیا به‌رزترین ئاواتى مرۆڤه‌ له‌ بوارى ته‌كنه‌لۆجیدا، جه‌نگاوه‌ره‌كانى ئه‌فغانستانیش به‌رزترین نیشانه‌ى خۆشویستنى ئازادیین له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه‌. واشنتۆن موجاهیده‌كانى به‌مشێوه‌یه‌ به‌كارهێنا كه‌ له‌باتى ئه‌و شه‌ڕ دژى مۆسكۆ ئه‌نجام بده‌ن و فه‌رمانى كرد پاره‌ى كه‌نداو به‌گشتیى و دارایى سعودیه‌ به‌تایبه‌ت بخرێته‌ گه‌ڕ بۆ خزمه‌تكردنى ئه‌م موجاهیدانه‌، تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ى كه‌ ئیتر له‌ كۆنترۆڵ ده‌رچوون و هاوپه‌یمانه‌كانى دوێنێ بوون به‌ دوژمنى ئه‌مڕۆ، دوژمنایه‌تییه‌ك كه‌ خۆى له‌ رووداوه‌كانى 11ى سێپته‌مبه‌رى 2011دا به‌رجه‌سته‌ كرد و هه‌ر ئه‌و موجاهیدانه‌ى دوێنێ بوون به‌ كۆمه‌ڵه‌ تیرۆریستێك كه‌ ئه‌مریكا راوه‌دوویان بنێت.

پسپۆڕانى بوارى رێكخراوه‌ سه‌لەفى و جیهادییه‌كان ده‌ڵێن داعش و مه‌به‌ست له‌ دروستكردنى داعش جیاوازن له‌ هه‌موو ئه‌زموونه‌كانى پێشتر. تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش زۆر كاریگه‌ر بوون له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى ترسناكى ئه‌م رێكخراوه‌دا. سروشتى داعش به‌جۆرێكه‌ كه‌ به‌ مردنى خه‌لیفه‌كه‌ى كۆتایى نایه‌ت به‌ڵكو ده‌توانێت سه‌ركرده‌ى نوێ دروست بكات به‌بێ هیچ ده‌نگه‌ده‌نگ و سه‌رنجڕاكێشانێك.

ره‌نگه‌ جارێكى تر نه‌ داعش و نه‌ هیچ رێكخراوێكى تر نه‌توانن پانتایى فراوان داگیر بكه‌ن تا ببێته‌ خاڵى ده‌ستپێكى ده‌وڵه‌تى ئیسلامیى. هه‌موو نێوه‌نده‌ ده‌وڵه‌تى و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ترسى ئه‌وه‌یان لێنیشتووه‌ كه‌ پاشه‌كشێى داعش مه‌سه‌له‌یه‌كى كاتیى نه‌بێت و درێژه‌ بكێشێت.

پێشبینى ده‌كرێت دواى كوشتنى سه‌ركرده‌كه‌ى، رێكخراوى داعش ده‌ست بداته‌ جه‌نگى بچكۆله‌ بچكۆله‌ى بێزاركه‌ر لێره‌ و له‌وێ و هه‌روه‌ها كارى تیرۆریستى ئه‌نجام بدات وه‌ك ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك له‌ شوێنى دوور له‌ گۆڕه‌پانى جه‌نگ.

لایه‌نگرانى تیۆرى كوده‌تا ده‌ڵێن ئایا ماقوڵه‌ مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان كه‌ هه‌موو شتێك ده‌بینن نه‌توانن به‌ درێژایى ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ بگه‌نه‌ به‌غدادى؟! هه‌ندێك خه‌ڵك واى راده‌گه‌یه‌نێت كه‌ كوشتنى ناوبراو مه‌سه‌له‌یه‌كه‌ پێشتر له‌سه‌رى رێكکه‌وتوون و شانۆگه‌رییه‌كه‌ كۆتایى هاتووه‌ و سه‌رۆك ترامپ سوودمه‌ندترین كه‌س بووه‌ لێى كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتوودا سه‌رمایه‌گوزارى تیادا ده‌كات.

زۆر ئاسانه‌ مرۆڤ ئۆباڵى رووداوه‌كان بخاته‌ ئه‌ستۆى دوژمن و خۆى ماندوو نه‌كات به‌ بیركردنه‌وه‌ له‌و ژینگه‌ و هزرانه‌ى كه‌ ئه‌م توندڕه‌وییه‌ تاریك په‌رسته‌یان به‌رهه‌مهێناوه‌.

كوشتنى به‌غدادى ئه‌و ده‌نگانه‌ى به‌رزكرده‌وه‌ كه‌ باسى پیلانگێڕیى دوژمن ده‌كه‌ن و هه‌موو كاره‌سات و كوشتار و رووداوێكى ناو مێژووه‌كه‌مان به‌ ده‌ستەبێژى خۆرئاوا و ئیستیعمار ده‌زانن.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure