مه‌ترسى بڕینى شاده‌مارى رێگەكانى سوریا هه‌یه‌

هەواڵ / جیهان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 423‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بورهان یه‌حیا

سوپاى توركیا و چه‌كداره‌ میلیشیاكانى هه‌موو هه‌وڵێك بۆ كۆنترۆڵكردنى دوو رێگەى سه‌ره‌كى سوریا و خۆرئاواى كوردستان (رێگەكانى  M4 و M5) ده‌ده‌ن كە به‌ شاده‌مارى رێگەكانى سوریا ناسراون.


به‌رخودان حسێن، چالاكوان له‌ خۆرئاواى كوردستان به‌ دواڕۆژی وت: "ئه‌م دوو رێگەیه‌ خۆرهه‌ڵات و خۆرئاواى سوریا و خۆرئاواى كوردستان بەیەكه‌وه‌ ده‌به‌ستنەوە و گواستنه‌وه‌ى كاڵاى بازرگانى گه‌وره‌ و ستراتیژى له‌م رێگایانه‌وە ئه‌نجام ده‌درێن و ئێستا توركیا له‌گه‌ڵ میلیشیاكان هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى كۆنترۆڵى ئه‌م رێگەیه‌ بكه‌ن چونكە به‌م كاره‌ ده‌توانن ببنه‌ خاوه‌ن شاده‌مارى هاتوچۆى نێوان سوریا و توركیا‌".

راشیگه‌یاند: "شه‌ڕڤانان ئاگادارى ئه‌م هه‌وڵه‌ى سوپاى توركیان و هێزه‌ تایبه‌ته‌كانیان بۆ پووچه‌ڵكردنەوەى ئه‌م پیلانه‌ ناردووه‌ و له‌ ناوچه‌ى عه‌ین عیسا شه‌ڕێكى گه‌وره‌ بۆ كۆتاییهێنان به‌م پیلانه‌ هه‌یه‌".

وتیشى: "جگه‌ لە كه‌رتى بازرگانى و سەربازی ئه‌م رێگایانه‌ (M4 و M5) بۆ كارى مرۆیى به‌كاردێن وه‌ك بردنى ده‌رمان و گواستنه‌وه‌ى بریندار و نه‌خۆشه‌كان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كونترۆڵ بكرێت ئیتر یارمه‌تیدانى ئاواره‌ و برینداره‌كان زه‌حمه‌ت ده‌بێت و رووداوه‌كانى رفاندن و كوشتنى شۆفێران و چالاكوانان كه‌ به‌م رێگەیه‌ هاتوچۆ ده‌كه‌ن زیاد ده‌بێت".

رێگەى نێوده‌وڵه‌تى M4  حه‌له‌ب و لازقیه‌ و M5 حه‌له‌ب و حیمات پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستنەوە و به‌ شاده‌ماره‌كانى سوریا ناسراون و ناوبانگێكى نێوده‌وڵه‌تییان هه‌یه‌ و هه‌موو هاتوچۆى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان به‌م رێگایانه‌‌دا ئه‌نجام ده‌درێن.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure